"ئەمریکا زانیاری مەترسیدار لەسەر دۆخی ئەفغانستان دەشارێتەوە"
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پشکنەری گشتی ئەمریکا تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان رایگەیاند :" وەزارەتی بەرگریی و دەرەوەی ئەمریکا زانیاریی "زۆر گرنگ" لە کۆنگرێس دەشارنەوە کە دەکرێت لە رێگەیانەوە لە هۆکاری هەرەسهێنانی خێرای سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان تێبگەن کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا روویدا".
جۆن سۆبکۆ، پشکنەری گشتی ئەمریکا تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان، رایگەیاند:"هەردوو وەزارەتی بەرگریی و دەرەوەی ئەمریکا زانیاریی "زۆر گرنگ" لە کۆنگرێس دەشارنەوە کە دەکرێت لە رێگەیانەوە لە هۆکاری هەرەسهێنانی خێرای سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان تێبگەن کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا روویدا".
سۆبکۆ وتی: "دوایین تێبینی و هۆشدارییەکان کە پێش هەرەسهێنانی ئەفغانستان دراون و دەتوانین لە رێگەیانەوە هەڵسەنگاندن بۆ هۆکاری راستەقینەی هەرەسهێنانەکە بکەین، لەلایەن پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە رێنوێنیی تایبەت بە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەیان بۆ دەرکراوە و رێگری لە بڵاوکردنەوەیان دەکەن".
سۆبکۆ راشیگەیاند، لە دوای کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوایەکی ئەوی بۆ بینینی چەند راپۆرتێك رەتکردووەتەوە و بە "پاراستنی ئاسایشی هاوپەیمانە ئەفغانییەکان"ی بەستووەتەوە، بەبێ ئەوەی وەزارەتی دەرەوە ئامادەبێت روونکردنەوە لەسەر جۆر و چۆنییەتی ئەو هەڕەشانە و ناسنامەی هاوپەیمانە ئەفغانییەکان بدات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای کردووە کە ناوی ئەشرەف غەنی، سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان لە راپۆرتەکاندا بشاردرێنەوە، سۆبکۆ ئەو داواکارییە بە "نامۆ" ناودەبات، هەروەها دەشڵێت، شاردنەوەی زانیارییەکان لە نزیکەی دوو هەزار و 400 بەڵگەنامە، لە کاتێكدا بە وتەی سۆبکۆ ئەوەی کە "بە راستی پێویست بووە بشاردرێتەوە تەنیا چوار زانیاری" بووە.
لە بەرامبەردا، وتەبێژێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەندێ راپۆرت و زانیاری هەن بە تەواوی قەدەخەی ئاشکراکردنیان لەسەرە و بەشێکیان نیمچەقەدەغەیان لەسەرە، ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی ئەفغانییەکان و ئەو رێکخراوە هاوبەشانە کە لە ئەفغانستان کاریان کردووە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەنیا ئەو زانیارییانەی شاردووەتەوە کە ناو و ناسنامەی ئەو کەس و رێکخراوانە ئاشکرا دەکات. جەختیشی کردەوە لە مافی پشکنەری گشتیی لە تەماشاکردنی هەموو راپۆرت و بەڵگەنامەکان.

