بیلاروسیا ڤیزا ناداتە ئەندامانی لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان

هەزار كۆچبەری هەرێم و عێراق ناویان تۆمار كردووە تا بگەڕێنەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

لەكۆی هەشت هەزار كۆچبەری عێراقی 430 كەسیان گەڕاونەتەوەو هەزار كەسی دیكەش ناویان تۆمار كردووە تا بەفرۆكەی عێراقی بێبەرانبەر بگەڕێنەوە، بیلاروسیاش ئامادە نییە ڤیزا بداتە ئەندامانی لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان.

نزیكەی دوو مانگانە هەزاران كۆچبەری كوردو عێراقی لەهەوڵدابوون لەبیلاروسیاوە بپەڕنەوە بۆ پۆڵەنداو لەوێوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، بەڵام پۆڵندا رێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر و رێگا نادەن كۆچەبەران بپەڕنەوە.

هەریەك لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان داوای گەڕانەوەی كۆچبەرانیان كردووەو لەئێستادا بەغدا فرۆكە دەنێرێتە بیلاروسیا بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران.

لەئێستادا ئەو كۆچبەرانەی هەوڵی پەڕینەوە دەدەن لەلایەن پۆلیسی بیلاروسیا دەستگیر دەكرێن و 50 كەس 50 كەس رەوانەی كەمپێكیان دەكەن لەوڵاتی لیتوانیا.

دانیال عەلی، گەنجێكی كۆچبەری كوردەو زیاتر لەسێ مانگە لەشاری میسك پایتەختەی بیلاروسیایە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا زیاتر لەهەزار كۆچبەر ناویان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی بەفرۆكەی بێبەرانبەر بگەڕێنەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، منیش وەك كۆچبەرێكی كورد ناوی خۆم تۆماركردووە».

دانیال تەمەن 24 ساڵ جەختی لەوەشكردەوە كە كەشوهەوا زۆر سارد بووەو پۆلیسی پۆڵەندا رێگەنادات كۆچبەران بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، وتیشی:» پۆلیسی بیلاروسیا هەر كۆچبەرێك دەستگیربكات 50 كەس 50 كەس رەوانەیان دەكەن بۆ كەمپێكی پەنابەران لەوڵاتی لیتوانیا».

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە هەر كۆچبەرێك كەهەوڵی داوە لەڕێگەی بیلاروسیا بپەڕێتەوەو لەئێستادا كە رێگای دەرچوون نییە خەرجی هەر كۆچبەرێك لەنێوان شەش بۆ حەوت هەزار دۆلاردا بووە، كە خەرجییەكانی مانەوە زۆر گرانە لەبیلاروسیا.

بەپێی ئامارێكی دەزگای لوتكە نزیكەی هەشت هەزار كۆچبەری عێراقی لەبیلاروسیان كە زۆرینەیان كوردن و تائێستاش نزیكەی 430 كۆچبەریان گەڕاونەتەوە.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو رێژەیەی گەڕاونەتەوە بۆ عێراق زۆر كەمن لەچاو ئەو رێژە زۆرەی كۆچبەران كە چوونەتە بیلاروسیا، تائێستاش زیاتر لە هەزار كۆچبەری دیكە خۆیان نوسیووە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان».

هەروەها سەرۆكی دەزگای لوتكە دەشڵێت: قورسە بتوانرێت بزانرێت چەند كۆچبەری عێراقی و كورد چوونەتە بیلاروسیا لەئەمساڵدا چونكە ماوەیەكی زۆرە هاووڵاتیان بەڕێگەی ڤیزای گەشتیاری دەستیان بەوەكردووە رووبكەنە ئەو وڵاتە و پێش لێشاوەكەش ژمارەیەكی زۆریان گەیشتوونەتە ئەوروپا.

بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لە هەرێم، لەماوەی 11 مانگی 2021 دا، 28 هەزار لەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كۆچیان كردووە و 34 هاووڵاتیش لەسنورەكانی بێلاروسیا و پۆڵەندا گیانیان لەدەستداوە.

كۆچبەران چیرۆكەكانیان دەگێڕنەوە

چەند كۆچبەرێك ئەوە دەخەنەڕوو سەرەرای ناڕەحەتییەكان و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر هێشتا پێیان وایە كۆچكردنیان بۆ ئەوە بووە بگەنە وڵاتێكی ئارام تا بەخۆشی تێیدا ژیان بگوزەرێنن.

هەردی مەجید، یەكێك لەو كۆچبەرانەی لەهەرێمی كوردستانەوە روویكردووەتە بیلاروسیا بۆ هاوڵاتی قسەیكردو ئاماژەی بەوەكرد كە بۆ دەربازبوون لەدۆخی هەرێم روومكردووەتە بیلاروسیا وەك دەروازەیەك بۆ ئەوەی لێوەی بگەمە ئەوروپا، نزیكەی چوار هەزار دۆلاری خەرجكردووە تا گەیشتووەتە بیلاروسیا، وتیشی:» دوای ئەوەی پۆڵەندا رێگەی نەداین لەسنووری جەنگەڵەكانەوە بچینە خاكەكەیانەوە، بەشێك لەكۆچبەران لەلایەن بیلاروسیاوە خراونەتە كەمپەوە و بەشێكی دیكەشیان چوونەتە شوقە و هۆتێلەوە لەمینسك و شارەكانی دیكە».

«ئێستا كۆچبەران لەدۆخێكی نائومێدیدان و پارەیەكی زۆریان لەدەستداوە، بەشێكی كۆچبەرانیش گەڕانەوە بۆ عێراق، نرخی مانەوە لەهۆتێل و شوقەكانیش زۆر زیادیكردووە بۆ یەك شەو دەگاتە 40 دۆلاری ئەمریكی، چونكە زۆربەی كۆچبەران چوونەتە هۆتێل و شوقەكان بەهۆی ساردی كەشی بیلاروسیا»، هەردی وای وت.

هەردی باسی لەوەشكرد كە ئەو كەمپەی بیلاروسیا دروستیكردووە هیچ كەسێك ناتوانێت بەبێ پرسی پۆلیس و سەربازی بچێتە دەرەوە و نزیكەی دوو هەزار كەسیشی تێدایە.

كەمال عەلی  خێزانەكەی و دوو منداڵی لەڕێگەی توركیاوە رەوانەی بیلاروسیا كردووە تا بگەن بە ئەوروپا، وتیشی:» خێزانم و كچە نەخۆشەكەم و دایكیم نارد بۆ بیلاروسیا، لێرە ڤیزای توركیامان بڕی و لەوێشەوە ڤیزای بیلاروسیایان بۆ بڕین، بۆ ڤیزای بیلاروسیا نەفەری 36 وەرەقەم داوە جگە لەوەی ڤیزای بیلاروسیام بۆ بڕین.

كەمال عەلی، دەشڵێت:»یەكێك لەمناڵەكانم  كە لەگەڵ دایكیدایە لە بیلاروسیا نەخۆشە و پێویستی بەوەیە مۆخی بۆ بچێندرێت ئەوەش لێرە چارەسەری نیە، بۆیە پارەیەكی زۆرم خەرجكرد لەپێناو ئەوەی بگەنە ئەوروپا، دوای ئەوەی كە دەریش نەچوون بەناچاری پێم وتوون بگەڕێنەوە، بەوهۆیەشەوە زیاتر لە 16 هەزار دۆلارم لەدەستداوە».

كەمال ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەر مامەڵەیەك هەبێت لەبەرخاتری منداڵەكەشی بێت ئامادەیە ئەمجارە لەگەڵ ژن و دوو منداڵەكەی رێگای ئەوروپا بگرێتەوەبەر.

بیلارووسیا ڤیزای نەدا بەلیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان

پەرلەمانی كوردستان لەسەرەتای ئەم مانگەدا بڕیاریدا لیژنەیەك بنێرێتە هەریەك لەلیتوانیا و پۆڵەندا تا لەدۆخی كۆچبەران بكۆڵنەوە، بەڵام جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكان و رەوەندی كوردستانی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» چاوەڕێی ڤیزای پۆڵەندا دەكەن».

كاروان عەبدولرەحمان، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكان و رەوەندی كوردی، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە یاداشتێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە یەكێك لەیاداشتەكان بۆ ئەوەبوو سەردانی لیتوانیا بكەن و دۆخی كۆچبەران ببینین، تا لیژنەكە بچێتە یۆنانیش كە ژمارەیەكی زۆر تەرمی كۆچبەرانی كورد لەو وڵاتەیە و دۆخی كۆچبەرانی ئەو وڵاتەش بپرسن.

هەروەها باسی لەوەشكرد بیلاروسیا پێشوازی لەلیژنەی هەرێمی كوردستان و هیچ وڵاتێكی دیكەی دیموكراسی ناكات، وتیشی:»بەرنامەكە بەوشێوەیە بوو كە لیژنەكە بچێتە پۆڵەندا تا لەدۆخی كۆچبەران بكۆڵێتەوە و هاوكارییان بكات و دواتریش بچێتە لیتوانیا و پاشانیش لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا كۆببینەوە و گفتوگۆی دۆخی كۆچبەران بكەین».

یەكێتی ئەوروپا بیلاروسیای تۆمەتباركردووە بەوەی هەزاران كۆچبەری هێناوە و رەوانەی سنووری نێوان وڵاتەكەو یەكێتی ئەوروپای كردووە تا بپەڕنەوە بۆ یەكێتییەكە، ئەوەش وەكو وەڵامێكی بۆ سزاكانی یەكێتییەكە بەسەر بیلاروسیا، لە بەرامبەردا مینسك رەتی دەكاتەوە بە مەبەست قەیرانەكەی دروستكردبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار