بووتڵی ئۆكسجینەكانی نەخۆشخانەكانی دهۆك ژەنگیان تێدایە

4 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

دوو مانگێك پێش ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لیژنەیەكی تایبەتی لەبارەی بووتڵەكانی ئۆكسجین پێكهێنا، دوای كۆتایی هاتنی بەدواداچوونەکان، لیژنەكە ئاشكرایان كرد كە لەسەدا 80%ی بووتڵی ئۆكسجینی نەخۆشخانەكانی سنوری پارێزگاكە بەكەڵكی بەكارهێنان نایەت .

عەبدولسەمەد تێلی عومەر، سەرۆكی ئەو لیژنەیە كە بەدواداچوونی بۆ بووتڵی ئۆكسجین كردووە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى، ئاماژەی بەوەكرد كە  دوو مانگ پێش ئێستا هەندێك لە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیان ئاگاداركردەوە لەسەر بابەتی خراپی و كۆنی بووتڵی ئۆكسجین، ئەویش لە رێگای چەند ڤیدیۆو زانیاری ورد ، دوای ئەوە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لیژنەیەكی سێ كەسییان پێكهێنا تا بەدواداچوون لەسەر بابەتەكە بكەن.

عەبدولسەمەد تێلی عومەر  وتیشی:» سەردانی چەند نەخۆشخانەیەكی وڵاتی توركیامان كرد تا بزانین ئەوان چ جۆرە بووتڵێك بەكاردەهێنن و چۆن ئەو بووتڵانە پڕدەكەن و بەراوردییەك لەگەڵ نەخۆشخانەكانی خۆمان بكەن، لەدەرئەنجامی راپۆرتەكە ئەوەمان بۆ ئاشكرا بوو كە 80%ی بووتڵی ئۆكسجینی نەخۆشخانەكانی سنوری پارێزگای دهۆك بەكەڵكی بەكارهێنان نایەت، ئەوەش لەبەر دوو هۆكار ، یەكەم ئەو بووتڵانە زۆر كۆنن  كەزیاتر لە 15 ساڵە بەكاردەهێنرێن، دووەم لەهەندێك بووتڵدا نزیكەی یەك كیلۆی ژەنگی تێدابووە.

سەرۆكی ئەو لیژنەیە پێشیوابوو كە هەر بووتڵێك بۆماوەیەكی دیاریكراو بەكاردەهێنرێت نابێت تا هەتا هەتایی هەر ئەو بووتڵانە بن ، لەوڵاتانی دەرەوە پێش ئەوەی بۆتڵێك پڕبكەن لە ئۆكسجین پشكنین بۆ بووتڵەكە دەكەن، بەداخەوە هەمان ئەو بووتڵەی بۆ ئۆكسجین بەكاردەهێنرێت بۆ شتی دیكەش بە نموونە كاری لەحیمچی كەئەوەش بەڕاستی كارەساتە.

عەبدولسەمەد تێلی عومەر وتیشی: « خۆشبەختانە كێشەی كەمی ئۆكسجینمان نیە، بەڵام پێویستمان بەوە هەیە كە ئەو بووتڵانە بگۆڕدرێن ، بەپێی بەدواداچوونەكانمان بۆ گۆڕینی تەواوی بووتڵەكان پێویستە بڕی 15 دەفتەر دۆلار دابین بكرێت كە ئەمەش بڕە پارەیەكی زۆر كەمە لەبەرامبەر گیانی مرۆڤ، ناتوانم بڵێم بەهۆی ئەو بووتڵانە رێژەی مردن بەكۆرۆنا لە دهۆك زیاد بووە، بەڵام ئەو بووتڵانە كێشەی زۆری بۆ نەخۆش دروستكردووە، لەهەندێك بووتڵ ئۆكسجین وەكو پێویست بۆ نەخۆش نەچووە».

سەرۆكی لیژنەكە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پێویستە ئەو بووتڵانە لەناو ببرێن و هەندێكی تر ئامادەبكرێن بۆ نەخۆش، وتیشی:» ئەگەر بەزووترین كات ئەم كارە نەكرێت ئەوا لەئاییندەدا كێشەیەكی زۆر بۆ نەخۆشخانەكان و نەخۆش دروستدەكات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار