لەبیلاڕوسیاوە 300 كەسی دانیشتووی دهۆك گەڕاونەتەوە
هێشتا هەزاران كۆچبەری كوردو عێراقی لەبیلاروسیا ماونەتەوە لەپێناو گەیشتنیان بەئەوروپا
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات لەڕێگەی بیلاڕوسیا راگیراوە ئەوەش بەهۆی قەدەغەكردنی گەشت بۆ ئەو وڵاتەو تائێستا زیاتر لە دوو هەزار كۆچبەر گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان كە لەنێویاندا 300 كۆچبەری خەڵكی دهۆكی تێدایە.
دوای گەیشتنی لێشاوی كۆچبەران بۆ وڵاتی بیلاڕوسیا، كێشە كەوتە نێوان پۆڵەنداو بیلاڕوسیاو یەكێتی ئەوروپاش داوای راگرتنی كۆچبەرانیان دەكردو بەو هۆیەوە هێزێكی زۆری پۆڵەندا لەسەر سنورەكان جێگیربوون و رێگەیان نەدا كۆچبەران لەبیلاڕوسیاوە بپەڕنەوە بۆ پۆڵەنداو لەوێوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا.
حكومەتی عێراق بڕیاریدا چەند فرۆكەیەك بنێرێت بۆ بیلاڕوسیا بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران و تائێستا زیاتر لەدوو هەزار كۆچبەری كورد گەڕاونەتەوە شارەكانی هەرێمی كوردستان.
خێرو حەسەن كالو ، خەڵكی ناحیەی گرعوزێرە ، ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی كەبەرتووی سەر بەشاری دهۆك دەژی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « لە 20ی ئەیلولی ئەمساڵ لەگەڵ چوار خێزانی تری ئێزیدی لەدهۆكەوە بەڕێكەوتوون بۆ ئەستەمبۆڵ، دواتر بەفرۆكە گەیشتینە شاری مینسك پایتەختی بیلاڕوسیا، چەند رۆژێك لەئوتێلێكی ئەو شارە ماینەوە ئێنجا لەڕێگای تەكسی بەڕێكەوتین بۆ سەر سنوری پۆڵەندا».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد بەپیادە سێ شەوو رۆژ بەردەوام بەپیادە رویشتوون، بەڵام هەوڵیاندا سنوری تەلبەندكراوی بیلاڕوسیا ببڕن و لەلایەن پاسەوانانی پوڵەنداوە دەستگیركراون.
خێزانەكەی خێرو لەگەڵ دەیان خێزانی تر دەكەونە سنوری نێوان بیلاڕوسیا و پۆلەندا لەوێ گیردەخۆن نە بیلاڕوسیا رێگەی گەڕانەوەیان پێدەدات بۆ مینسك نە پۆلەندا رێگەدەدات خاكی وڵاتەكەی بەرەو ئەڵمانیا بەكاربهێنن، وتیشی:»هەفتەیەك لەو شوێنەدابووین، دوای ئەوە بۆ هەر نەفەرێك 100دولارمان دەدا بەپۆلیس تا رێگەیاندا بگەڕێنەوە بیلاڕوسیا «.
خێرو حەسەن، سێ منداڵی هەیە لەهەموویان گەورەتر نۆ ساڵە لەگەڵ هاوسەرەكەی و دایكی رویشتبوون بۆ بیلاڕوسیا لەنێوان مردن و ژیان ناچاربوون بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
رێككەوتنی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ بیلاڕوسیا وای كرد كە فرۆكەی عێراقی بگاتە مینسكی پایتەختی بیلاڕوسیا بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران.
بەیار دۆسكی، بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدانی دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « دوای ئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتن لەسەر گەڕانەوەی كۆچبەرانی بیلاڕوسیا نزیكەی 300 پارێزگای دهۆك لەبیلاڕوسیایەوە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، لەهەمانكاتدا كۆچكردنی گەنجان و خەڵكی دهۆك بەشێوەیەكی گشتی رانەوەستاوەو بەردەوامە، بەڵام بەهۆی قەدەغەكردنی گەشت بۆ بیلاڕوسیا و نەبوونی ڤیزە بۆ ئەو وڵاتە رێژەی كۆچكردن زۆر كەمبووتەوە».
لەئێستادا لەفرۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیاو سوریا گەشتكردن بۆ بیلاڕوسیا قەدەغەكراوە.
بەیار دۆسكی پێشیوابوو كە ئێستا هیچ كەسێك بە رێگای فرۆكە ناتوانێت بچێتە بیلاڕوسیا، بەڵام ئەمە چارەسەری كێشەكە ناكات، بەڵكو دابینكردنی هەلی كارو چارەسەركردنی كێشەكان وادەكات خەڵك چیتر بیر لەكۆچكردن نەكاتەوە، وتیشی:» تا ئەم كێشانە لەبنەڕەتەوە چارەسەر نەكرێن خەڵك هەر كۆچ دەكات ، بۆ بیلاڕوسیا قەدەغەكراوە بەڵام خەڵك كۆچ بۆ هەندێك وڵات و شوێنی تر دەكات «.
هاووڵاتیەكی دهۆك پێش ئەوەی كۆچ بكات خاوەن فڕنێكی تایبەت بوو بە دروستكردنی سەمون، رۆژانە بەلایەنی كەمەوە 100 هەزار دیناری دەستدەكەوت، بەڵام بەوتەی خۆی نادادوەری كۆمەڵایەتی و كۆمەڵێك هۆكاری تر وایكردووە كۆچ بكات بۆ بیلاڕوسیاو هێشتا ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
وەلید موحەمەد موسا ، خەڵكی شاری دهۆكە، تەمەن 48 ساڵ ، خاوەنی سێ منداڵە ، ساڵێك پێش ئێستا هەرێمی كوردستانی بەجێهێشتووە و نزیكەی مانگێكە گەیشتبووە بیلاڕوسیا، ئێستا لەگەڵ خێزانەكەی و منداڵەكانی لەئوتێلێكی شاری مینسكی سەر بەبیلاڕوسیا دەژین، رۆژانە تەنها بۆ مانەوەیان لەئوتێل 100 دولار دەدات جگە لەكڕینی خواردن و زۆر پێداویستی تر .
وەلید موحەمەد موسا ناوەرۆكی چیرۆكی خۆی دەگێڕێتەوە و وتی: « من و خێزانەكەم لە 29ی ئەیلولی 2020 دهۆكمان بەجێهێشت، سەرەتا چووینە ئەستەمبۆڵ و دواتر بۆ وڵاتی یۆنان ، لەماوەی ساڵێكدا چوار جار لەلایەن بەرپرسانی یۆنان دەستگیركرام، بەڵام هەر كۆڵمان نەدا بڕیارمان دابوو بەهیچ شێوەیەك نەگەڕێینەوە كوردستان، دوای ساڵێك و لەمانگی تشرینی یەكەمی 2021 گەیشتینە بیلاڕوسیا».
«لە رێگاداو تاگەیشتینە بیلاڕوسیا دیمەنی یەكجار ناخۆش و ئازارم بینیوە كە هیچ جارێك لەژیانمدا ئەو دیمەنانەم نەبینیبوو ، كاتێك بڕیارماندا هەرێمی كوردستان بەجێبهێلین وتمان هەرشتێك بەسەرماندا بێت ناگەڕێینەوە، بۆیە برسیەتی و ئازاری زۆرمان بینیوە، ئێستاش لەئوتێلێكی شاری مینسك دەژین كەتەنها یەك رۆژ بۆ من و هاوسەرم و منداڵەكانم 100 دولار دەدەین جگە لەخواردن و پێداویستی تری رۆژانە «.
لەشاری دهۆك وەلید خاوەن فڕنێكی تایبەت بوو بەدروستكردنی سەموون و وەك خۆی دەڵێت رۆژانە نزیكەی 100 هەزار دیناری عێراقی دەستكەوتووە.
«سەمونخانەكەم لەدهۆك بەناوبانگ بوو، رۆژانە نزیكەی 100 هەزار دینارم قازانج دەكرد، هەندێك رۆژ دەگەیشتە 200 هەزار دینار، لەشەڕی داعش رۆژانە بەئۆتۆمبێلی خۆم سەموونم دەبردە میحوەركانی پێشمەرگە، هەمووشی بەخۆبەخشی و یەك دینارم وەرنەدەگرت، كە شەڕ تەواو بوو تەنیا هەندێك سوپاسنامەم وەگرت ، بەڵام كۆمەڵێك كەس كە هیچیان نەكردبو تەنیا لەمیحوەرەكانی شەڕ وێنەو سێڵفییان دەگرت پارچەزەوی و دەیان ملیۆن دیناریان وەرگرت».
یەكێك لەمنداڵەكانی وەلید تووشی نەخۆشی ئۆتێزم بووە بۆ چارەسەركردنی منداڵەكەی سەردانی دەیان بەرپرسی كردووە بەڵام هیچ كەسێك هاوكاری نەكردووە و تەنانەت ڤیزایەكیشیان بۆ نەكردووە ، وەلید وتی:»منداڵێكم نەخۆشی ئۆتێزمی هەیە، لەهەرێمی كوردستان بردوومەتە دەیان سەنتەر و شوێن، بەلڵام چارەسەر نەبووە، دواینجار پێویست بوو لەسەنتەرێكی دەرەوەی وڵات چارەسەر وەربگرێت، لەدڵی خۆمدا وتم دوای ئەوەندە ساڵە كە من خزمەتی پێشمەرگەم دەكرد سەردانی هەر شوێنێك بكەم هاوكاریم دەكەن بەڵام وا دەرنەچوو، هیچ كەسێك هاوكاری نەكردم ، بۆیە بڕیارماندا كوردستان بەجێبهێڵێن».
وەلید ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەموو كەسێك حەزدەكات لەوڵاتی خۆی بژی، بەڵام ژیان لەكوردستان نەماوە و چیتر ناتوانن لێی بژین، ئەو شوێنەی كە منی لێم نزیكەی 15 هەزار كۆچبەری عێراقی و هەرێمی كوردستانن، هەر یەكێكیان هەزاران دۆلاریان خەرج كردووە و پارەی خۆیان بردووە بۆ دەرەوەی وڵات لەپێناو ئەوەی دەست بەژیانێكی نوێ بكەنەوە ، هەرگیزو بەهیچ شێوەیەك ناگەڕێمەوە كوردستان «.
وەلید قسەكانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لەسەر هۆكارەكانی رۆیشتنی گەنجان بۆ بیلاڕوسیا رەتدەكاتەوە و لەمبارەیەوە دەڵێت: « ئەو قسانەی بەرپرسانی هەرێم كردوویانە لەسەر هۆكارەكانی رۆیشتنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات راست نین، لەبەر پەكەكە یان فێڵ لەئێمە كرابێت ئەوە راست نیە، هیچ كەسێك فێڵی لەئێمە نەكردووە بەئارەزوی خۆمان روومان لەدەرەوە كردووە، ئەوانەی هاتوونەتە بیلاڕوسیا هەموویان لەپێناو خۆشكردنی ژیانی خۆیان و منداڵەكانیان هاتوون، هیچ ئایندەیەك لەهەرێمی كوردستان نییە».

