لیرەی تورکی بەرەو تونێلێکی تاریک دەچێت
داتەپینی لیرە فشاری زۆری لەسەر ئەردۆغان دروستکردووەو ئۆپۆزیۆنیش پێی دەڵێن چاوەڕێی سندووقەکانی دەنگدان بکە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لیرەی تورکی بەشیوەیەکی خێرا روو لەدابەزین دەکات و ئەوەش ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەی هێناوەتە سەر خەت، داوای زیادکردنی فشارەکان بۆسەر ئەردۆغان دەکەن، لەکاتێکدا شتومەک لەو وڵاتە بەرەو گرانبوون دەچێت بەجۆرێک مووچەی خانەنشینیک کە بە لیرە وەریدەگرێت دابەزیوە بۆ نزیکەی ١٠٠ دۆلار.
ماوەی کەمتر لەساڵێکە لیرەی تورکی بەشێوەیەکی خێرا روو لەدابەزین دەکات بەشێوەیەک لە مانگی دووی ئەمساڵدا یەک دۆلاری ئەمریکی تەنیا ٧ دۆلار بوو، بەڵام ئێستا هەر دۆلارێک بۆ نزیکەی ١٤ لیرە دابەزیوە.
ئەم دۆخە گوشارێکی گەورەی لەسەر خەڵک دروستکردووە. تابلۆی نرخەکان بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمە بە یاری و تەڵەی وڵاتانی رۆژئاوا ناودەبات بەڵام ئۆپۆزسیۆن دەیخاتە ئەستۆی ئەردۆغان.
دەمیرتاش هۆشداری لەڕووخانی تورکیا دەدات
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” کە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە بەندیخانەدایە داوا دەکات فشار دورستبکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەتورکیا، بەهۆی ئەوەی خەڵکی وڵاتەکە توانای بەرگەگرتنی زیاتری قەیرانە دارییەکانیان نییە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە لەوتارێکدا کە بۆ میدیاکانی نووسیوە ئاماژە بەوەدەکات کە قەیرانە ئابورییە دروستکراوەکان لەسەر خەڵک کاریگەریی نەرێنی هەبووە، قەیرانەکان توانای هەناسەدانیان نەهێشتووەتەوە، ملیۆنان کەس لەتورکیا نازانن سبەینێ چیان بەسەردێت، تەنها ئامانجیانە لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئەمڕۆ رزگاریان ببێت.
دەمیرتاش دەڵێت، «تەنها رێگا بۆ دەرچوون لەم قەیرانە هەڵبژاردنە، زۆرینەی خەڵکیش چاوەڕێی ئەوەن لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە توڕەییەکانیان بەتاڵبکەنەوە، لەگەڵ راکردنی زیاتری حکومەت لە هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان دەنگی زیاتر لەدەستدەدات (وەک ئاماژە بۆ پارتی دادو گەشەپێدان)».
باسی لەوەشکردووە، کە کێشەی ئێستای تورکیا تەنها کێشەی پارتی دادو گەشەپێدان نییە بەڵکو کێشە راستەقینەکە ئەوەیە تورکیا بەرگەی ئەم قەیرانانە ناگرێت تاوەکو ساڵ و نیوێکی دیکە.
دەمیرتاش لەزیندانەوە جەختیکردووەتەوە، “ئەگەر بەخێرایی هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت وێرانکارییەکی قورس روودەدات، بەم هۆیەوە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەیە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بەکەن”.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هۆشداری لە هەژاری، بێکاری دەدات کە تووشی خەڵکی وڵاتەکە دەبێت لەداهاتوودا.
دەسەڵاتی تورکی لە 4ی تشرینی یەکەمی 2016 دەمیرتاش، فیگەن یۆکسەگداغ و 13 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپەی دەستگیرکرد، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان.
دەمیرتاش لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت «لەوانەیە ئاکەپە ساڵی 2023 رووبەڕووی کێشەی تێپەڕاندنی بەربەستی پەرلەمانی ببێت. بەڵام بابەتەکە ئەوە نییە ئاخۆ ئاکەپە چی بەسەردێت، چونکە ئەمە یەکلایی بووەتەوە. ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە، ئایا تورکیا ساڵ و نیوێکی دیکە بەرگەی ئەم قەیرانە دەگرێت؟».
دەمیرتاش هۆشداری لە بەردەوامبوونی رەوشی ئێستای تورکیادا و وتی: «ئەوەی دەبینرێ پێماندەڵێت ئەگەر راستەوخۆ نەچینە هەڵبژاردنەوە، تورکیا رووخانێک دەڕووخێت، کە نۆژەنکردنەوەی زۆر سەخت دەبێت. هەربۆیە ئەرکی لەپێشینەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کۆمەڵگەییە گۆڕەپان باس لەهەڵبژاردن بکات».
دەمیرتاش هەروەها جەختیکردووەتەوە کەسانێک هەن نایانەوێت ئەم دۆخە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، بۆ نموونە ئەوانەی دەوروبەری سەرۆککۆمار کە خۆیان بەرژەوەندیی تایبەتیان لەم دۆخە هەیە.
داودئۆغڵو: گەر ئەردۆغان بێدەنگ بێت کێشەی لیرە چارەسەر دەبێت
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە داوا لەسەرۆککۆماری تورکیا دەکات، چیدی لەبارەی دۆلارو ئابووری و سوودی بانکیی قسە نەکات و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی دارایی و ئابووریی نەکات. بەپێچەوانەوە دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت و لە ئەگەری بێدەنگبوونیشی، «کێشەی لیرە چارەسەر دەبێت».
ئەحمەد داودئۆغڵو، بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندوە «ناکرێت سەرۆککۆمار لەهەر وتارێکدا باس لە سوودی بانکی و هاوسەنگییەکانی دۆخی دارایی و ئابووری بکات. ئەگەر ئەردۆغان بەردەوام قسە لەمبارەیەوە بکات، تاوەکو بنج و بناوان زیانمان پێدەگات و مایەپووچ دەبین. بەڵام ئەگەر بێدەنگ بێت و هەڵسەنگاندنی کەسیی خۆی بۆ دۆخەکە نەکات، کێشەی دابەزینی لیرە بەرامبەر دۆلار چارەسەر دەبێت».
داودئۆغڵو راشیگەیاندوە بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵات، تورکیا رووبەڕووی قەیرانی سیاسی، ئابووری، دارایی و دامەزراوەکان بووەتەوە. دەسەڵات باکی بەهیچ شتێک نییە، تەنیا بیر لەوە دەکاتەوە چۆن کورسیی دەسەڵات رزگار بکات و دۆخەکە تێپەڕێنێت.
لەبارەی هۆکاری سەردانیکردن و دیداری دووقۆڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا گوڵ سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند، ئەوان دوو دۆستی نزیکن و ناوبەناو سەردانی یەکدی دەکەن و هاوکات بەگشتیی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتیی و پێشهاتەکانی تورکیا دەکەن.
لەوەڵامی پرسیاری ئەگەری دووبارە بەربژێربوونی عەبدوڵڵا گوڵ بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند، هەموو پارتێکی سیاسیی لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆن کاردەکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بەڵام هیچ باس و خواسێک لەبارەی بەربژێربوونی عەبدوڵڵا گوڵ بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا تاووتوێ نەکرا.
ئابووریناسان و شارەزایانی بواری دارایی پێداگری لەوە دەکەن، کە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسەقامگیری دۆخی لیرەی تورکی دەگەڕێتەوە بۆ لێدوانە ناشارەزاکانی کاربەدەستان لەتورکیا و داوایان لێدەکەن، خۆیان بەدووربگرن لەم جۆرە لێدوانانەو دەشڵێن، ئەم بابەتە گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارو بازاڕەکان هەندێکجار بەهۆی لێدوانێکەوە سەراوژێر دەبن.
لیرەو ئابووری تورکیا بەرەو تونیێلێکی تاریک
لیرە بە رادیەک دابەزیوە هەر دۆلارێک زیاترە لە ١٣ لیرەو بەرەو ١٤ هەنگاو دەنێت، بەوەش تەنیا لەماوەی ١٠ مانگدا ٧ لیرە یەک دۆلاربوو، ئەوەش خێراترین و قورسترین داتەپینی لێرەیە کە تۆماری کردوە بەرامبەر بەدۆلار.
سەمیح تومەن جێگری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندی کە ئەمسال لەلایەن ئەردۆغانەوە دەرکرا داوای گەڕانەوەی دەستبەجێی ئەو سیاسەتانەی کرد کە پارێزگاری لەبەهای لیرە دەکەن.
قەیرانی دابەزینی لیرەی تورکی دوا بەدوای ئەوە هات کە پارتی دادو گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان پشتگیری لە راپرسییەکان و داواکاری ئۆپۆزسیۆن کرد بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی پێشوەخت بەر لەوادەی خۆی کە وابڕیار بووە لەساڵی 2023 دا ئەنجامبدرێت، هاوکاتی نیگەرانییەکانی خەڵکی تورکیاش سەبارەت بە بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری بژێوی ژیان و گوزەران لەو وڵاتەدا.
ئەم دۆخە گوشارێکی گەورەی لەسەر خەڵک دروستکردووە. تابلۆی نرخەکان بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمە بەیاری و تەڵەی وڵاتانی رۆژئاوا ناودەبات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، «هەروەک ئەوەی لە پێشوودا کردوویانە، یاری بەدراو، سوود و نرخەکان دەکەن کە ئێمە ئەم یارییانە دەبینین».
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لەبارەی قسەکانی ئەردۆغان دەڵێت، «وەک هەمیشە، دووبارە ئەو ئابوورییەی مایەپووچی کردووە، بەستییەوە بەهێزە دەرەکییەکان. دۆلار دیسانەوە فڕی، خۆ ئەگەر قسە بکەیتەوە، بەرزتر دەبێتەوە، سەرۆککۆمارێک هەیە کە لەشوێنی خۆی ناوەستێت و هەموو رۆژێک قسەدەکات و دەبێتە هۆی فڕاندنی دۆلارو ناشتوانێ پێش لەمە بگرێت».
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا نامەی خانەنشینێکی تورکیای خوێندەوە کە دەڵێ، «مووچەکەم خەریکە دەبێتە 100 دۆلار و نازانم بەچی رابگەم!» کڵچدارئۆغڵو پەیامێکیشی ئاراستەی ئەو خانەنشینە کرد.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەڵێت، «تەنیا دەمەوێ کەمێکی دیکە ئارام بگریت. کاتی چوونە سەر سندووقی دەنگدان دێت و لە رێگەی دیموکراسییەوە وانە بەو کەیف و سەفایەی کۆشک دەدەین و دەیاننێرینەوە».
هەروەها مێراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتیش بەردەوام پێداگریی خۆی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت دووپاتدەکاتەوە و رەخنەی تووند لەئەردۆغان دەگرێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە هاوپەیمانیی ئاکپارتییە، بە تووندی بەرپەرچی ئەو پێشنیازەی دایەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختەی رەتکردەوە.
باخچەلی دەشڵێت «هەڵبژاردنی پێشوەخت و شتی وەها نییە. هەڵبژاردن لەحوزەیرانی 2023 بەڕێوەدەچێت».
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، بەشێک لە کۆمپانیاکانی تورکیا بەهۆی ناجێگیریی بەهای لیرە، بڕیاری وەستاندنی فرۆشتنی بەرهەم و کاڵاکانی خۆیانیان داوە.
پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام لە دیدارو کۆبوونەوەدان. کەمال کڵچدارئۆغڵو سەردانی پلان بۆ داڕێژراوی رۆژی چوارشەممەی بۆ باکووری کوردستان هەڵوەشاندەوەو بڕیارە پارتەکەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازبدات.
دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و ناسەقامگیری دۆخی بازاڕە داراییەکان، زیانی زۆر بەئابووری ئەم وڵاتە دەگەیەنێت، بەتایبەتی لەبارەی پێدانی قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، کە سەرجەمیان بەدۆلار و یۆرۆن. ئەمە جگە لەهەڵاوسانی بەرزو خراپبوونی دۆخی هاووڵاتییان لەتورکیا و باکووری کوردستان و تێکچوونی هاوسەنگی بازاڕ.
قەیرانی ئابووریی توركیا، رۆژ بەڕۆژ دژوارتر دەبێت، بۆیە چارەسەركردنی ئەستەمەو دوای ئاشکرای حكومەتیش ئەوەیە دەبێت دان بەخۆتاندا بگرن و پیلانێكە و دژی توركیا دانراوە، بەڵام قەیرانەكە بە جۆرێك گەورەیە، خەڵك بەئاشكرا داوای لادانی حكومەت دەكەن. ئۆپۆزسیۆنی توركیاش داوا دەكات بەپەلە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

