یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر توركیادا دەسەپێنێت
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەنجومەنی ئەوروپا بڕیاریدا بەرامبەر بەپێشێلکردنی پڕەنسیپەکانی لەلایەن تورکیاوە، سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.
ەمڕۆ شهممه 4ی كانوونی یهكهمی 2021، بەگوێرەی پێگەی ڕۆژنامەی "جمهورییەت"ی تورکی، لیژنەی وزاریی ئەنجومەنی ئەوروپا لەکۆبونەوەیەکی مانگی 10ی ڕابردوو، بڕیاریدابوو کە ئەگەربێتو تورکیا تاوەکو 2ی مانگی 12ی ئەمساڵ عوسمان کالاڤالا ئازادنەکات، ئەوە بەپێی مادەی 46 لەڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ (ECHR) سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.
هەربەپێی ڕۆژنامەکە، بەشێک لەو سزایانەی چاوەڕێدەکرێت ئەنجومەنی ئەوروپا بەسەر تورکیایدا بسەپێنێت بریتین لە: بێبەشکردنی تورکیا لەدەنگدان لەچەند دەزگایەکی ئەنجومەنەکەو کەمکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ ئەنکەرە بۆ نزمترین ئاست.
باس لەوەشکراوە، پێشبینیدەکرێت بڕیارەکە خاڵێکی وەرچەرخان بێت لەپەیوەندییەکانی تورکیاو یەکێتیی ئەوروپا، ئەگەربێتو ئەنکەرە هەر بەردەوامبێت لەجێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بەکاڤالا، بەشێوەیەک مەزەندە دەکرێت بگاتە ئاستی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی تورکیا یان دەرکردنی لەئەنجومەنەکە.
لەماوەی ڕابردودا، حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانی بڕیاری دەسەڵاتدارانی تورکیایان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی عوسمان کالاڤالا لەزیندان سەرکۆنەکردبوو، هەروەک هەڕەشەی ئەوەش لەتورکیا کرابوو کە ئەگەربێتو ئەگەر بەردەوامبێت لەدرێژەدان بەدەستبەسەرکردنی کاڤالا ئەوا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.
حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو، بڕیارەکەی تورکیا دەرحەق بەکاڤالا هەر مەترسیی نییە لەسەر مافەکانی مرۆڤ لەتورکیا، بەڵکو مەترسییە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەهەموو ئەوروپادا.
