وەزارەتی کارەبا: بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماوە كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی كەمدەبێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاند:" بەهۆی هاتنی سەرما و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 10-12 کاتژمێر کەمبووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی كانوونی یهكهمی 2021، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کارەبای نیشتمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هاووڵاتییانی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە بەهۆی هەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا بۆ 6000 مێگاوات و هاتنی شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە، ماوەکانی پێدانی کارەبا بۆ 10-12 کاتژمێرێک کەمبووەتەوە".
ئێستا لە هەرێمی کوردستان، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ هاوبەشانی کارەبا 2800 مێگاواتە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوەدەکات، کار بۆ گەڕاندنەوەی دوو یەکەی وێستگەی هەڵمیی خەبات دەکات و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە 300 مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی کارەبا دەگەڕێتەوە و دۆخی کارەبا باشتر دەبێت.

