تورکیا لەناو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرترین کاڵای بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق ناردووە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا لە 11 مانگی رابردوودا لە ناو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تورکیا زۆرترین کاڵای بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەناردە کردووە، لەو ماوەیەدا بایی 8 ملیار و 7 ملیۆن و 574 هەزار دۆلار کاڵای بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەناردە کردووە.
بەگوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، کە رۆژی شەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2021 بڵاوکراوەتەوە، هەناردەی تورکیا لە 11 مانگی ئەمساڵدا بەبەراورد بە هەمان وادە لە ساڵی 2020دا بە رێژەی 33.8% زیادیکردووە. واتا هەناردەی تورکیا لە 151 ملیار و 800 ملیۆن و 621 هەزار دۆلارەوە گەیشتووەتە 203 ملیار و 141 ملیۆن و 161 هەزار دۆلار.
زۆرترین ئەو کاڵایانەی لە وادەیەدا تورکیا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەناردەی کردووە بریتین لە، مادەی کیمیایی و بەرهەمەکانی، دانەوێڵە، پاقلەمەنی، چەرەزات، پۆڵا، مۆبیلیات، کاخەز و بەرهەمەکانی دارستان لەگەڵ خشڵ، کە 52.8%ی کاڵا هەناردەکراوەکان پێکدەهێنن. لە ماوەیەدا تورکیا بایی 3 ملیار و 570 ملیۆن و 787 هەزار دۆلار مادەی کیمیایی و بەرهەمەکانی، 3 ملیار و 234 ملیۆن و 885 هەزار دۆلار دانەوێڵە، پاقلەمەنی، چەرەزات وبەرهەمەکانی و 2 ملیار و 910 ملیۆن و 784 هەزار دۆلاریش پۆڵا هەناردە کراوە.
تورکیا لە ماوەی ئەو 11 مانگەدا زۆرترین هەناردەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بووە. لەو ماوەیەدا هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بەبەراورد بە هەمان وادەی ساڵی 2020 بە رێژەی 22.3% زیادیکردووە و لە 6 ملیار و 545 ملیۆن و 758 دۆلارەوە بۆ 8 ملیار و 7 ملیۆن و 574 هەزار دۆلار.
کۆمپانیاکانی ئیستەنبووڵ لە 11 مانگی ئەمساڵدا ئاستی هەناردەیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بەبەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 33.6% زیادیکردووە و لە 1 ملیار و 809 ملیۆن و 630 هەزار دۆلارەوە بووەتە 2 ملیار و 417 ملیۆن و 194 هەزار دۆلار.
کۆمپانیاکانی ئیستەنبووڵ هەر لەو ماوەیەدا، بۆ میسر بایی 1 ملیار و 481 ملیۆن و 558 هەزار دۆلار، بۆ ئیمارات بایی 1 ملیار و 295 ملیۆن و 823 هەزار دۆلار، بۆ ئێران بایی 913 ملیۆن و 292 هەزار دۆلار، بۆ لوبنان بایی 774 ملیۆن و 563 هەزار دۆلار و بۆ قەتەر بایی 509 ملیۆن و 75 هەزار دۆلار کاڵایان هەناردە کردووە.

