وەزیری نەوتی عێراق: نرخی نەوت بۆ سەرووی 75 دۆلار بەرز دەبێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:" پێشبینی دەکەم نرخی نەوتی خاو بۆ سەرووی 75 دۆلار بەرزببێتەوە".

 ئه‌مڕۆ سێشەممە 7ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمی عێراق رایگەیاند: " پێشبینی دەکەم نرخی نەوتی خاو بۆ سەرووی 75 دۆلار بەرزببێتەوە، چونکە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی خاو-ئۆپێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بازاڕی وزە دەدات بەشێوەیەکی ئەرێنی".

ئیحسان عەبدولجەبار لەبارەی گرێبەستەکەی کۆمپانیای تۆتاڵ وتی: "هیچ گوشارێکی سیاسی لە پشتی واژووکردنی گرێبەستی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی نییە، گرێبەستەکەش گازی عێراقی بە بارمتە نەداوەتە تۆتال".

وەزیری نەوتی عێراق پێیوایە پرۆژەکەی تۆتال هەموو کێشەکانی پیشەسازیی نەوت لە عێراق چارەسەر دەکات، بەڕادەیەک تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 سووتاندنی گازی هاوەڵ لە کێڵگەکانی باشووری عێراق بە رێژەی 90٪ کەمدەبێتەوە.

سەبارەت بە کشانەوەی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لە کێڵگەکانی باشووری عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار وتی: "کشانەوەی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی لە عێراق بڕیارێکی ستراتیژی بوو، لەگەڵ ئەوەش ئێستا بەسرە رۆژانە 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت".

ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژەی بە بەرهەمهێنانی کارەبا دا و وتی: "پلانمان هەیە لە قۆناخی یەکەمدا 7.5 گێگاوات کارەبا لە وزەی پاک بەرهەمبهێنین، چونکە تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی پاک هێندەی سێیەکی تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە سووتەمەنییەکان، لە کاتێکدا عێراق ساڵانە پێویستی بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبایە بە بڕی 1500 مێگاوات بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست".

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا، رەزامەندی دا بۆ واژووکردنی گرێبەست لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی بۆ جێبەجێکردنی چوار پرۆژەی گەورە؛ کە بریتین لە کۆکردنەوە و پاڵاوتنی 600 مەترسێجا گاز، پێشخستنی کێڵگەی ئەرتاوی لە باشووری عێراق، جێبەجێکردنی پرۆژەی گەورەی ئاو و دروستکردنی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بە توانای بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات. بەڵام واژۆکردنی گرێبەستەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار