مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی ئەمڕۆ تاوتوێدەكەن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ھەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەفدێكی سەربازی یاوەری کرد. 

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی مستەفا کازمی ووەفدی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ کران.

هەروەها جەخت لە گرنگی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا. 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، گفتوگۆ لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی داعش و گرنگیی چڕکردنەوەی  هەوڵ و تواناکان و بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا لە پێناو کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش.

هاوکات ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کێوماڵکردنی چەکدارانی داعش دەستی پێکرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەک لە لیواکانی 3 و 5ی پیادە و لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواکانی 9 و 17ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ چەند یەکەیەکی هێزەکانی70 بەشداریی تێدا دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار