لەشەنگال 90 گۆڕی بەكۆمەڵ بوونی هەیە

لەبەغداوە 41 روفاتی دیكەی ئێزیدی رەوانەی كۆجۆ دەكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

دوای  پشكنین و ناسینەوەی  41 رووفاتی ئێزیدی لەپزیشكی دادی بەغداد تەواو بوو، وابڕیارە پێش سەری ساڵ لەمەراسیمیكی شایستەدا لەگۆرٍستانی گوندی كۆجۆ بەخاك بسپێردرێن .

گروپی داعش دوای داگیركردنی موسڵ لەساڵی 2014 پاش ماوەیەك قەزای شەنگالی داگیركردو هەزاران كەسی لەناوبردو سەدان كەسی دیكەش تائێستا بێسەروشوێنن.

سیروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بەوەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «پزیشكی دادی بەغدا پرۆسەی پشكنین و ناسینەوەی بۆ 41 رووفاتی تری ئێزیدی تەواو كردووە كەسەرجەمیان ئێزیدین و خەڵكی سنوری قەزای شەنگالن، بڕیارە پێش سەری ساڵی نوێ رەوانەی گۆڕستانی كۆجۆ بكرێن».

ناوبراو باسی لەوەشكرد كەئەوەی جێگای نیگەرانیانە بەرپرسانی فەرمانگەی شەهیدانی بەغداو گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەتاكلایەنە بڕیار لەسەر كاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان  و هێنانەوەی رووفاتەكان دەدات بەبێ ئەوەی ئاگاداریان بكات یان پرس و راوێژیان پێبكرێت لەكاتێكدا بەپێی یاساو پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەبێت بەغداو هەرێم پێكەوە بڕیار بدەن .

سیروان جەلال وتیشی: «سەرەتای هەڵدانەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شەنگال تیمێكی هاوبەش و نیشتیمانیمان هەبوو، بەغداو هەرێم پێكەوە كارەكەیان دەكرد، بەڵام چەند رۆژێكە فەرمانگەی شەهیدان و  گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەبێ ئەوەی پرس بەئێمە بكەن دەستیان بەهەڵدانەوەی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ كردووە، هەرچەندە ئێمە زۆر حەزدەكەین تەواوی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەو قەزایە هەڵبدرێنەوە، بەڵام كارەكە بەهاوبەشی بكرێت ئەنجامەكەی زۆر باشتر دەبێت.

هاوكات، خەیری عەلی، بەرپرسی رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیومێنتكردنی بەڵگەنامەكان بۆ هاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو كە  تەنها لەدوو هەفتەی رابردوو لەسنوری قەزای شەنگال پێنج گۆڕی بەكۆمەڵ لەگوندی (عەین فەتح)ی سەر بەناحیەی قەیرەوان لەسنوری قەزای شەنگال لەلایەن رێكخراوەكەیان دۆزرایەوە.

هەروەها باسی لەوەشكرد كە لە 2ی كانوونی یەكەم فەرمانگەی بەرگری شارستانی شەنگال هەڵسان بەدەرهێنانی 10 رووفات لەناو زێرابێكدا لەسنوری ناحیەی گردعوزێردا بوون.

خەیری عەلی وتیشی: «ژمارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شەنگال گەیشتووە 90 گۆڕی بەكۆمەڵ، تائێستا بەشێكیان هەڵدراونەتەوە، ژماریەكی زۆریش ماوە كەهێشتا هەڵنەدراونەتەوە».

بەرپرسی رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیومێنتكردنی بەڵگەنامەكان، داوا لەدەزگا پەیوەندیدارەكانی عێراق دەكەن پەلە بكەن لەهەڵدانەوەی گوڕە بەكۆمەڵەكان و پشكنینەكان لەسەر رووفاتەكان تا بەزووترین كات بەخاك بسپێردرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار