خەزێنەکەی عێراق پڕدەبێت
پێشبینی دەکرێت ٢٠٢٢ ساڵێکی باشی ئابووری بێت بۆ عێراق، بەڵام دینار ناگەڕێتەوە بۆ نرخە زێڕینەکەی
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یەدەگی عێراق لەماوەی کەمتر لەیەک ساڵدا بە بڕی ١٦ ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و هەروەها دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی لەلایەن بانکی ناوەندیەوە. پیشبینیش دەکرێت لە ٢٠٢٢دا یەدەگی عێراق زیاتربێت.
ئەو پارەیەی کە عێراق لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت مانگانە نزیکەی حەوت ملئار دۆلارە بەپێی نرخی ئێستا، لە رێگەی بانکی ناوەندیەوە دەکرێتەوە بەدینارو حکومەت مووچەو خەجیەکانی خۆی پێ بەرێدەکات، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی لە رێگەی بانکەکانەوە دەخاتە بازاڕەوە.
تەنیا لەماوەی کەمتر لەساڵێک یەدەگی عێراق لە ٤٨ ملیار دۆلارەوە گەیشتە ٦٤ ملیار دۆلار، ئەوەش بەهۆی ئەو دوو هۆکارەوە بوو کە یەکێکیان بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە کە نرخەکەی بازاڕ دیاریدەکات، ئەوەی دیکەی دینارە کە بانکی ناوەندی عێراق نرخەکەی دیاری دەکات.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی یەدەگی عێراق دەنگۆی جێگیرکردنەوەی نرخی دینار بۆ نرخی پێشووی کە ١٢٠ هەزار دینار بوو بەرامبەر هەر ١٠٠ دۆلارێک لە بانکی ناوەندی، بەڵام هیچ بڕیارێک نیە بۆ ئەو کارە، ئەوەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوەیە کە عێراق ناتوانێت بەهۆیانەوە نرخی دینار بگەڕێنێتەوە بۆ هەمان نرخی ساڵی رابردوو.
عێراق دەستبەرداری نرخە دڵخوازەکەی دینار نابێت
چەند رۆژێکە بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمهریکی بووەتە باسی گەرمی میدیاکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی نووسینگەی موقتەدا سهدر، رێبەڕی رەوتی سەدرییەکان رایگەیاند، مەرجی پێکهێنانی حکومەتیان ئەوەیە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی دەگەڕێننەوە.
بەرپرسانی دارایی عێراق دەڵین سەرەڕای لێدوانە جیاوازەکان، بەڵام دۆخی ئێستای عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەبار نییە، چونکە بەرپرسانی عێراق دەڵێن ئەو دابەزاندنە هۆکاری سەرەکی بووە تاوەکو ئابووری عێراق لەداڕمان رزگار بکات.
لەگەڵ ئەوەی یەدەگی دراوی قورسی عێراق بۆ 64 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەته ناوچەی ئارام، کە بە 82 ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتە هەر قەیرانێکی کتوپڕ رووبدات، دۆخی دارایی عێراق بەرگەی ناگرێت، بۆیە پێویستە لەدۆخی ئێستا لەسەر سیاسەتی خۆی بەردەوام بێت.
بەرپرسانی دارایی عێراق دەڵێن لە ئەگەری دەستکاریکردنی بەهای دینار متمانە بە ئابووری عێراق لاواز دەبێت، ئیدی وایلێدێت داواکاری زیاتر بکرێت تاوەکو زیاتر دەستکاری بەهای دینار بکەن.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوو بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەپڕۆژەیاسای بودجەی 2022، بەڵام ئەوەی بەدوور زانی کەدەستکاری نرخەکەی بکرێت.
ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەداوە، گەڕاندەوەی بەهای دینار لەئاستی پێشووی دروست نییە، ئەو ئاستە بووە بەشێک لەمێژوو، بەتایبەت کە ئێستا ئەو ئاستە قازانجی بۆ پێگەی دارایی عێراق هەبووە.
ئەمە لەکاتێکدایە عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندبوو، پەڕاوی چاکسازی پڕۆژەیەکی سەدا سەدی عێراقییە و ئامانج لێی بەهێزکردنی تواناکانی دەوڵەتە، بۆ ئەمەش دەستیان بە جێبەجێکردنی کردووە ،سەرەتای چاکسازییەکان لەکارگێڕی گشتی دەوڵەت دەستیپێکردووەو ئینجا چاکسازی لەدارایی دەوڵەت.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رێگە بەبەرزکردنەوەی بەهای دینار نادات
هەرزانبوونی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار تەنیا وەکو قسەیەکی میدیای ماوەتەوە، چونکە هەرزانبوونی دۆلار پێویستی بە ڕەزامەندی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە هەیە کە کۆمەڵێک مەرجی لەسەر عێراق داناوە.
ئەگەرچی بەپێی یاسا دیاریکردنی نرخی دینار لەدەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە، بەڵام ساڵی رابردوو حکومەتیش دەستوەردانی کرد لەدابەزاندنی نرخەکەی، لەئێستاشدا دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار بەتەنها لەدەسەڵاتی حکومەتی عێراقی و بانکی ناوەندی عێراقیدا نییە، بەڵکو سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش مەرجی بەسەر عێراقەوە داناوە کە دەبێت نرخی دۆلار بەرزبکاتەوە.
ئەگەربێت و نرخی دینار بەبێ رەزامەندی بانکی نێودەوڵەتی بەرزبکرێتەوە، ئەوا ئەو سندوقە هاوکاریەکانی خۆی لەپێدانی قەرز بۆ عێراق رادەگرێت، بۆیە هەر دەستکاریکردنێکی نرخی دینار دەبێت ڕەزامەندی سندوقی دراوی نیودەوڵەتیشی لەسەر بێت.
سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت جێگیر نییەو لەگەڵ ئەوەشدا لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار حکومەت قازانجێکی زۆری کردووەو زۆر قەیرانی بەهۆیەوە تێپەڕاندووە ئامادەنییە جارێکی دیکە زیان بەخۆی بگەیەنێتەوە.
یەکێکی تر لە سوودەکانی دابەزاندنی نرخی دینار بۆ حکومەت ئەوە بوو کە ئەمساڵ عێراق هیچ جۆرە کورتهێنانێکی لە بودجەدا نەبوو، لەکاتیکدا لەساڵانی رابردوودا دەیان ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووەو بەقەرز پڕی کردووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی عێراق کورتهێنانیشی نەبووە، بەڵکو یەدەگی نەختینەی زیادیکردووە، لەئێستادا نەختینەی دۆلار لەبانکی ناوەندی عێراق گەیشتووەتە 64 ملیار دۆلار لەکاتێکدا پێشتر عێراق تەنها خاوەنی نزیکەی ٤٨ ملیار دۆلاری نەختینە بوو.
ئەگەربیت حکومەت دەستکاری نرخی دینار بکاتەوە ئەگەر هەیە دیسانەوە یەدەگی عێراق دابەزێتەوە، لەکاتیکدا پلانی هەیە بیگەیەنێتە ٨٢ ملیار دۆلار.
بانکی ناوەندی عێراق رهتیدهكاتهوه بهنیازی دابهزاندنی نرخی دۆلار بێت
بانکی ناوەندی عێراقیش وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی داوەتەوە کە باس لەدابەزاندنی نرخی 100 دۆلار دەکەن بۆ نزیکەی 120 هەزار دینار، لەحاڵەتی پێکهێنانی کابینەی نوێش بە ڕابەرایەتی سەدرییەکان بەهەمان شێوە ناتوانن دەستکاری نرخی دینارو دۆلار بکەن، چونکە چەندین لێکەوتەی ئابوری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە ئەوەی دەوترێت تەنها قسەی ناو سۆشیال میدیایە.
بانکی ناوەندی عێراق لەچەند رۆژی رابردوودا رەتیکردەوە کە بهنیازی دابهزاندنی نرخی دۆلار بێتو دەڵێت و رایگەیاند ئەو کارە دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی دراو لەکۆنترۆڵ دەربچێتو زیان بەهاووڵاتیانو پڕۆژەکان بگەیەنێت.
لەبارەی دەنگۆی دابەزاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ 120 هەزار دیناری عێراقی، بانکی ناوەندی عێراق لهبهیاننامهیهدا رایگەیاند، دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، دەبێتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی بەسیستەمی داراییو پهككهوتنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانو بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لەکێبڕکێو قوڵبوونەوەی بێکاریی بەهۆی وەستانی پڕۆژەکانەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە پێشتر بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بووەتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی بەڕێژەی 23%، کە ئەوەش وایکرد قەیرانی دارایی تێپەڕێنرێت.
حکومەتی عیراق لە ساڵانی رابردوودا چەند گورزیکی ئابوری بەرکەوت، کە دیارترینیان دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و زیادبوونی مووچەخۆرو چەکداری میلیشیا بوو لەسەر بودجەی دەوڵەت، ئەوەش وای کرد عێراق دووجاری قەرزو کورتهێنانێکی زۆر ببێتەوەو قەرزێکی زۆر بکات.
هەرچەندە بەرپرسانی دارایی عێراق لەماوەی رابردودا ڕایانگەیاندبوو، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار دابەزیوە، بەڵام پسپۆڕێکی بواری ئابووری ئاشکرایکرد، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق دەگاتە 60 ملیار دۆلار».
زیا موحسین پسپۆڕی ئابوریی عێراقیی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، «پێچەوانەی ئەوەی حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق دەگاتە 60 ملیار دۆلار، ئەوە جگە لەحەوت ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی، کە ئەستەمە حکومەت توانای ئەوەی هەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو ئەو قەرزە بداتەوە».
لەماوەی ڕابردوودا، مەزھەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، «بەھۆی بەزربوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیھاندا، قەرزە دەرەکییەکانی سەر عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە».
بەڵام زیا موحسین وتی: «عێراق لەساڵی 2022دا لەڕووی داراییو ئابورییەوە، بووژانەوە بەخۆوە دەبینێت، ئەوەش بەھۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوتو زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت بەقەبارەی 400 ھەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا».
نرخی نەوت بۆ ساڵی دهاتوو چۆن دەخەمڵێنرێت؟
ڕاوێژكارێكی كازمی دەڵێت، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عێراقدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 50 دۆلار دانراوە، لەكاتێكدا لەئێستادا نرخی نەوت لە دەوروبەری 70 دۆلاردایە..
لەماوەی ڕابردوودا نرخی نەوتی خاو بۆ نزیكەی 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرزبووەوە، بەڵام چەند ڕۆژێكە نرخی نەوت بەردەوامە لەدابەزین و گەیشتووەتە نزیکەی 70 دۆلار، ئەوەش بەهۆی کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوە..
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری ئابوری و دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عێراق ئامادەیە و بۆ یەكەمجارە لەپڕۆژەیاسای بودجەدا پلانی سێ ساڵە دانراوە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان.
ڕاوێژكارەكەی كازمی پێشبینیدەكات لە بودجەی ئەمساڵیشدا حكومەت ناچاربێت قەرزبكات بەهۆی ئەوەی كورتهێنان لەبودجەدا بێتەئاراوە.
دەشڵێت، “لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عێراقدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 50 دۆلار دانراوە، ئەوەش وەك ئامادەكارییەكی پێشوەختە بۆ ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت”.
بەوتەی مەزهر محەمەد ساڵح، ئەو نرخە گریمانەییە و لەكاتی فرۆشتنی نەوت بەنرخی بەرزتر، داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت و كورتهێنانی بودجەی پێ پڕدەكرێتەوە یاخود خەرجدەكرێت..