ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ دەكات

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدات؛ تەوەری سەرەکی بریتییە لە دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ مووچەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوو و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی 2026.

بە گوێرەی نووسراوێک کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنەکە یەکەم کۆبوونەوەی لە ساڵی نوێدا بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، دەکات و چەند پرسێكی تاوتوێ دەكات، کە گرنگترینیان پرسی مووچەكانی مانگی 11 و 12ی فەرمانبەران و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە.

بەپێی زانیارییەكان ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی ئەم دوو خاڵە دەكات.

یەكەم: خستنەڕووی ساڵی دارایی 2025، تاوتوێكردنی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2026، بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی ساڵی 2025، زامنكردنی خەرجكردنی مانگەكانی ساڵی 2026 و شایستە داراییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدڕاڵ.

دووەم: جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی سێ قۆڵی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە سەركەوتوویی لەلایەن هەرێمی كوردستان لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2025، بەرەوپێشچوونەكانی بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكە، خستنەڕووی داتا و زانیارییەكان  لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەكراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار