دەستەی مافی مرۆڤ: مەلا مەزهەر خۆراسانی رووبەڕووی یاسا دەکەینەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، وتەکانی مەلا مەزهەر خۆراسانی لەبارەی ژنان و سوکایەتیپێکردنیان دژی بنەما ئاینییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە، بۆیە لەڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنین و ناوبراو رووبەڕووی یاسا دەکەینەوە.
دەستەکە دەشڵێت، بەتووندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەکەین، هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان رێکاری پێویست بگرنەبەر دژی ئەو کەسانەی لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو قسانەى مامۆستا ئایینییەکە، بە تەواوی دژی بنەما ئایینەکانە و پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە، هەربۆیە لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو دۆسییەیە دەجوڵێنێت و مامۆستا ئایینییەکە ڕووبەڕووی یاسا دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی وتەکانی، دژی ماددەی ١٤ـی دستووری عێراقە، کە ئەم ماددەیە بەڕوونی باس لە ئەوە دەکات، یەکسانی لەنێوان ژن و پیاو هەیە.
دەستەکە داواشی لە وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان کردووە، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، لێدوانی مامۆستایەکی ئاینی کە ڕایگەیاندووە، "ژن نابێت چەک هەڵگرێت و لەبەرەی جەنگدا بێت" بەڵکو دەبێت لە ماڵەوە بێت و خزمەتی ماڵ و مێردی بکات" کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، لێدوانی ئەو مامۆستا ئایینییەش لەپاش خستنەخوارەوەی تەرمی کچە شەڕڤانێک بوو لە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمییەوە لە حەلەب، کە لە گرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و گرووپە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی کاتی سووریا.
