سەرۆک بارزانی: نابێت تاوانی کەسێک بخرێتە ملی کەسێکی دیکە، دەبێت ئەو هەڵمەتەی دژی هاوڵاتی سوری رابگیرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی، لە بارەی هەڵمەتی دەرکردنی هاوڵاتیانی سوریا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە، ئەو رەفتارە لەگەڵ پرەنسیپ و ئەخلاقی گەلەکەمان ناگونجێت.
پەیامێک لە سەرۆک بارزانیەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە كاردانەوە بەرانبەر ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەلەب، بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی تردا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن.
لە ڕاستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە. دەبێ ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن.
مسعود بارزانی
12ی كانوونی دووەمی 2026
