ئێران؛ دەست بۆ گیرفانی بەتاڵی خەڵك دەبات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەبودجەی ساڵی داهاتووی ئێراندا بودجەی سەربازیی بەڕێژەی 240% زیاددەكات و باج لەسەر دانیشتوانی وڵاتەكەش بە رێژەی 64% بەرزدەبێتەوە لەكاتێكدا موچەی كارمەندان 10% زیادكراوە، بۆیە حكومەت بۆ دابینكردنی بودجەكەی دەستی خستووەتە گیرفانی خەڵكەوە.

مامۆستایانی ئێران نزیكەی هەفتەیەك بەهۆی كەمی موچەكانیان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام بڕی بودجەی وەزارەتی پەروەردە لەو وڵاتە بە رێژەی 13٪ بەرزبووەتەوە.

گەڵالەی بودجەی ئێران بەیەكێك لەدەگمەنترین بودجەكانی جیهان لەقەڵەم دەدرێت كە سەرەتای پەسندكردنی لەگەڵ كۆتایی جێبەجێكردنی لەیەكتر ناچن  و رەنگە تەواو پێچەوانە بێتەوە.

بودجەی ساڵی نوێی ئێران زیاتر لەهەفتەیەكە لەپەرلەمانی وڵاتەكە تاووتوێ دەكرێت و قسەی زۆری لەسەرە بەتایبەت كە ئەو وڵاتە لەقەیرانی قوڵی ئابوریدا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بودجەی سەربازیی زیادكردووەو باجی لەسەر هاووڵاتیانیشی بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزكردووەتەوە.

بودجەی ئێران لەنەوتەوە بۆ گیرفانی خەڵك

داهاتی حكومەتی ئێران لەساڵی 2011 زیاتر بووە لە 131 ملیار دۆلارو بەپێی یاسای بودجە لەو وڵاتەدا سەرجەم داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت و غاز لەدەستی حكومەتدایەو لەو ساڵەدا تەنها داهاتی فرۆشی نەوت و غاز بۆ حكومەت 120 ملیار دۆلار بووە، ئەمەش وایكردووە ئێران لەنێوان بودجەی 228 وڵاتدا بكەوێتە ریزبەندی 29یـەمین وڵاتەی جیهانەوە لە رووی ئاستی بەهێزی بودجەوە.

ژمارەی دانیشتوانی ساڵی 2011 لەئێران 81 ملیۆن كەس بووەو حكومەت رایگەیاندوە 92 ملیار دۆلاری لەبودجەی ئەو ساڵەی تەرخانكردنەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی و باشتركردنی دۆخی ئابوریی لەوڵاتەكەدا، بەڵام لەبودجەی ساڵی 2022 هیچ ئاماژەیەك بەبڕی تەرخانكراوی بودجە بۆ خۆشگوزەرانیی زیاتر لە 84 ملیۆن كەس نەكراوە.

لەو ساڵەدا رێژی 9%ی بودجە لەداهاتی وەرگرتنی باج لەئێران دابینكراوەو تەنها باجی حكومی لەپارێزگای تاران زیاتر لە 6%ی داهاتی بودجەی ساڵەكە بووە و 30 پارێزگای دیكەی لەو وڵاتە رێژەی 3.7%ی بودجەی وڵاتەكەیان بەباج دابینكردووە و بەواتایەكی دیكە تاران بەتەنها 53% باجی داوەو پارێزگاكانی دیكەش پێكەوە 47% باجیان داوە بۆ پڕكردنەوەی 9%ی بودجەی وڵاتەكە.

ریزبەندنی بودجەی ساڵی 2020ی ئێران لە 29وە بۆ 49 دابەزیوە، واتە لەهەر ساڵێكدا زیاتر لە دوو پلە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە پیشبینی ناكرێت حكومەتی وڵاتەكە بەم زووانە بتوانێت ئاستی خۆی لەبودجەدا بەرزبكاتەوە بەتایبەت كە سزاو گەمارۆكانی سەری زیادی كردووە.

كورتهێنانی بودجەی ئێران لەساڵی 2021 زیاتر بووە لە 58 ملیار دۆلار لەكاتێكدا خەرجییەكانی لەو ساڵەدا بە 115 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

بودجە لەگیرفانی خەڵك

حكومەتی ئێران ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2022ی وڵاتەكەی پێشكەشی پەرلەمان كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی زۆربەی شارەزایانی ئابوریی ئەوەیە كە 64%ی بودجەی ئەو ساڵە لە رێگەی باجی ساڵانە لەخەڵكی وڵاتەكە دابین دەكرێت، لەكاتێكدا پێشتر ئەو رێژەیە تەنها 9% بووە.

وڵاتێكی وەك دانیمارك كە زیاترین باج لەخەڵكەكەی وەردەگرێت و لە رووی خۆشگوزەرانییەوە لە ریزبەندی یەكەمی وڵاتانی جیهانە بەڕێژەی 22%  بۆ 45% باج لەدانیشتوانی وڵاتەكەی وەردەگرێت و لەحاڵەتی زۆر دەگمەندا رێژەی باج دەگاتە 50% ، بەڵام بەپێی بودجەی ساڵی نوێی ئێران دەبێت رێژەی باج بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە بگاتە 64% بۆ ئەوەی كورتهێنان لەبودجەدا روونەدات، بەڵام حكومەت دەڵێت رێژەی باج بەراورد بەساڵانی رابردوو 64% بەرزكراوەتەوە.

حكومەت بەگرانتركردنی زیاتر لە دوو هێندەی نرخی غازو ئاوو كارەبا لەئێران دەیەوێت بەشێك لەداهاتەكەی بەرزبكاتەوە، كە ئەوەش بەزیادكردنی باج لەسەر دانیشتوانی وڵاتەكە ئەژمار دەكرێت لەساڵانی رابردوودا حكومەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەهای دۆلارو كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام لەبودجەی ئەمساڵدا ئەو پلانە رەتدەكاتەوە.

شارەزایان پێیانوایە حكومەت راستەوخۆ دەیەوێت كورتهێنانی بودجە بخاتە سەرشانی خەڵك و دەستی لەگیرفانی هاووڵاتییەكانی وڵاتەكەیدا بێت.

ساڵی رابردوو بڕی 11 ملیار دۆلار وەك باج لەخەڵك وەرگیراوە بۆ قەرەبووی كورتهێنانی بودجە، بەڵام ئەو بڕە لەباج لەبودجەی ساڵی 2022 بۆ زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بەرز كراوەتەوە.

رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ زیادكردنی باج لەسەر هاووڵاتییانی ئێران لەكاتێكدایە ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی وڵاتەكە بەپێی بەراوردی حكومەت 44% بووە، بەڵام بە سەرنجێكی ئاسایی دەردەكەوێت ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی سێ ساڵی رابردوو لەئێران زیاترە لە 50% ، چونكە بەرزبونەوەی هەڵاوسان سفرەكانی خەڵكی وڵاتەكەی بۆ زیاتر لەنیوە بچووك كردووەتەوە.

ئەنجومەنی ئاژەڵدارانی ئێران رایگەیاندووە قەیرانی ئابوریی لەوڵاتەكە بووەتە هۆی ئەوەی خواردنی ساڵانەی گۆشتی ئاژەڵ لە 12 كیلۆوە بووە بەكەمتر لەشەش كیلۆ دابەزێت، ئەوەش ئاماژەیەكی روونە كە توانای خەڵك بۆ كڕینی خۆراك و پێدوایستیی رۆژانە بە رێژەی زیاتر لەنیوە كەم بووەتەوە.

داهاتی نادیاری كۆمپانیاكانی حكومەت

زیاتر لە 400 كۆمپانیای سەر بەحكومەت رێژەی داهات و خەرجییەكانیان ئاشكرا ناكرێت و پاساوی حكومەتیش بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە كە ناكرێت پەرلەمانتارەكان بەوردو درشتی ئەو ژمارە زۆرە لە كۆمپانیاكانی حكومەتەوە سەرقاڵ بكرێن.

حكومەت رایگەیاندووە خاوەنی 377 كۆمپانیایەو لەو ژمارەیە 170 دانەیان سودیان هەیە و 183 دانەیان سودو زیانیان هاوتایەو 24 كۆمپانیاش زیانیان زیاترە لەسود بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو كۆمپانیانە باجیان تا نزیكەی 40% بەراورد بەساڵی 2021 لەسەر زیادكراوە بۆ ئەوەی بودجە تووشی كورتهێنان نەبێت.

كۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی ئێران بە تەنها نزیكەی 42%ی داهاتەكەی وەك باج رادەستی حكومەت دەكات لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیایە فرۆشتنی زۆرینەی رەهای نەوتی وڵاتەكەی لەئەستۆیە، ئەوەش گومانەكانی لە نادیاریی داهاتی كۆمپانیاكانی حكومەت زیاد كردووە.

دۆلاری حكومی

ئێران لەساڵی 2018 بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی بەهای دۆلارو دابینكردنی پێدوایستییەكانی لەدەرەوەی وڵاتەكەی، نرخی هەر دۆلارێكی حكومیی بەچوار هەزارو 200 تمەن دەستنیشانكرد لەكاتێكدا بەهای هەر دۆلارێك لەبازاڕەكانی وڵاتەكەدا زیاتر لە 27 هەزار تمەن بوو.

حكومەت لەو كاتەوە ساڵانە زیاتر لە 32 ملیار دۆلار بەنرخی حكومیی رادەستی بازرگان و كۆمپانیاكان لەوڵاتەكەی دەكرد بەمەبەستی دابینكردنی پێدوایستییە سەرەكییەكانی وڵاتەكە بەتایبەت دەرمان و خۆراك و هەندێك ئامێری پزیشكی و ئەندازیاریی، بەڵام لەبودجەی ساڵی نوێی ئێراندا ئەو بڕە بۆ هەشت ملیار دۆلار كەمی كردووەو حكومەت رایگەیاندووە تەنها بەمەبەستی دەرمان و خۆراك دۆلاری حكومی بۆ بازرگانەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان تەرخان دەكرێت.

ئیحسان خاندوزیی، وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە: بڕیارە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا تەنها دۆلاری حكومی بۆ نان و دەرمان تەرخانبكرێت.

بەپێی لێدوانی وەزیری دارایی ئێران لەئێستادا دۆلاری حكومی بۆ دابینكردنی گەنم و جۆو رۆن و دەرمان لەدەرەوە تەرخان دەكرێت و لە بودجەی داهاتوو ئەو دۆلارە حكومییە تەنها بۆ كڕینی گەنم و دەرمان تەرخاندەكرێت.

مەسعود میركازمی، سەرۆكی دامەزراوەی بەرنامەو بودجەی ئێران رایگەیاندووە حكومەتی ئێستای ئێران دەبێت  تاساڵی 2026 ساڵانە بڕی 18 ملیار دۆلار قەرزی حكومەتی رابردوو بداتەوە كە بەهۆی رادەستكردنی دۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنی تووشی كورتهێنانی بودجە بووە.

هادی قەوامی جێگری وەزیری داریی و ئابوریی ئێران رایگەیاندووە؛ دۆلاری حكومی لە رابردودا نرخی كاڵاو شتومەكی بە رێژەی 150٪ بەرز كردووەتەوە، بۆیە كابینەی ئێستای رەئیسی پلانی نەمانی رادەستكرندی ئەو دۆلارەی هەیە.

نەوت لەبودجەدا

ئەگەرچی پێشتر 90%ی بودجەی ئێران لەسەر داهاتی نەوت گەڵاڵە دەكراو داهاتی ساڵانەی نەوتی ئەو وڵاتەش دەگەیشتە زیاتر لە 120 ملیار دۆلار، بەڵام لەبودجەی ساڵی 2022 ئێران كەمتر لە 40%ی بودجە پشتی بەداهاتی نەوت بەستووە، لەكاتێكدا نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 60 دۆلار خەمڵێنراوەو پێشبینی كراوە ئێران رۆژانە یەك ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

حكومەت داهاتی فرۆشتنی نەوتی ساڵی 2022ی وڵاتەكەی بە 381 ترلیۆن تمەن خەمڵاندووە كە دەكاتە نزیكەی 13 ملیار دۆلار، بەڵام ئەگەر ئێران بتوانێت ئەو رێژە نەوتە لە بودجەدا دەستنیشانی كردووە بفرۆشێت، ئەوە داهاتی ساڵێكی نەوتەكەی دەگاتە نزیكەی 26 ملیار دۆلار، لەكاتێكدا لە ساڵی 2018 و دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران نەیتوانیوە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا رەوانەی بازاڕەكان بكات.

بەپێی خەمڵاندنەكانی حكومەت فرۆشی نەوت سەرچاوەی دابینكردنی 25%ی كۆی بودجەكەی ساڵی 2022 دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەمریكا بەردەوامبێت لەسزادانی ئەو وڵاتە ئەوا ئێران ناتوانێت رۆژانەی بڕی زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەكان بكات، بۆیە گومان لەوەش هەیە كەدواجار حكومەت بۆ قەرەبووی كورتهێنان پەنا بۆ زیادكردنی باج ببات، چونكە هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتی نییە.

نەوتی ئێران بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریكا سەپاندویەتی بەنرخێكی هەرزانتر لەبازاڕەكانی جیهانداو بەقاچاخ ساغدەكرێتەوە، بۆیە پێشپینی ئەو رێژە لەهەناردە و نرخی نەوت لەبودجەی نوێدا دوورە لە راستییەوە.

بودجەی رەئیسی لەنێوان جەنگ و رێككەوتندا

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران رۆژی یەكشەممە 12/12/2021 گەڵاڵەی بودجەی ساڵی 2022ی پێشكەشی پەرلەمان كردو رایگەیاند ئەو بودجە لەلایەن حكومەتەكەیەوە بەشێوەیەك داڕێژراوە كە دەستی بێگانەی تێدا نەبێت و كورتهێنان تێیدا روونەدات.

بودجەی ساڵی نوێ لەئێران بە سێ هەزار ترلیۆن و 631 هەزار ملیار تمەن خەمڵێنراوە كە دەكاتە 123 ملیار دۆلار، ئەوەش بەراورد بە بودجەی حكومەتی سەردەمی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران لەساڵی 2021 بڕی 750 هەزار ملیار تمەن بۆ بودجەكە زیاد كراوە، كە دەكاتە 25 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار.

لەساڵی 1980 تا ئەمساڵ بەبەردەوامی بودجەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران لە زیادبووندا بووەو لەبودجەی ساڵی داهاتووشدا بە رێژەی 240% زیادی كردووە كەدەكاتە نزیكەی دوو هێندە و نیوی بودجەی ساڵی رابردوو.

ساڵی 2020 بودجەی سوپای پاسداران بە رێژەی 58% زیادی كردو لە 24 ترلیۆن و 335 ملیار تمەن بۆ 38 ترلیۆن و 564 ملیار تمەن لەساڵی 2021 زیادی كرد كە كردیە زیاتر لەیەك ملیارو 309 ملیۆن دۆلار، بڕی بودجەی ساڵی 2022ی سوپای پاسداران گەیشتووەتە سێ ملیارو 162 ملیۆن دۆلار، شارەزایانی سیاسیش ئەو بەرزبوونەوەیەی بودجەی سوپای پاسداران بەپەیامێكی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جەنگ لەناوچەكەدا لەقەڵەم دەدەن.

سەرەڕای زیادكردنی بودجەی سوپای پاسداران بڕی زیاتر لەپێنج ملیار دۆلار بۆ بەهێزكردنی توانای بەرگریی و سەربازیی لەبودجەی ساڵی داهاتوودا تەرخانكراوە، كەئەوەش بەشێكی دیكەیە لەبودجەی هێزە سەربازییەكانی دیكەی وەك سوپای فەرمیی ئێران و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار