هەدەپە بێدەنگ دەکرێت

بەرپرسانی تورکیا دەیانەوێت پارێزبەندی لە کۆمەڵێك پەرلەمانتارانی هەدەپە بستێننەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

فشارەکانی تورکیا بەردەوامە لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و لەنوێترین هەوڵدا حکومەتی وڵاتەکە دەیەوێت پارێزبەندی لە ٢٥ پەرلەمانتاری هەدەپە بسەنێتەوە، کە لەنێویاندا هاوسەرۆکی پارتەکە بوونی هەیە.

داواکاری گشتی تورکیا رەشنووسێکی ئامادە کردووە بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە کە تێیدا داوا دەکات ٢٨ پەرلەمانتار پارێزبەندییان لێ بسەنرێتەوە و تێیدا ٢٥ پەرلەمانتاریان لە پارتی هەدەپەن و ناوی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپەشی تێدایە.

رەشنووسەکە گەشتووەتە پەرلەمان و ئەگەر بەدەنگی زۆرینە تێپەڕێنرێت، ئەوا سەرجەم پەرلەمانتارەکان پارێزبەندییان لێ دەسەنرێتەوە و دواتر دادگایی دەکرێن.

ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا دوای ئەوە دێت کە ئۆفیسی داواکاری گشتی ئیزمیر پەروین بوڵدانی بە سوکایەتیپێکردنی دادگا تۆمەتبارکرد لە دادگاییکردنی کەیسی بکوژی دێنیز پۆیراز.

دێنیز پۆیراز ئەندامێکی هەدەپە بوو لە ئیزمیر و لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ لەلایەن کەسێکەوە لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆفیسی هەدەپە لە ئیزمیر کوژرا. لە ٢٩ی مانگی رابردوو بکوژەکە یەکەم دانیشتنی دادگایی بۆ ساز کرا، کە پەیوەندی هەبووە لەگەڵ سوپای تورکیا و سوپای سوریای ئازاد. پەروین بوڵدان رەخنەی لە دادگا گرت کە وەک بکوژ مامەلەیان لەگەڵ نەکردووە و مامەڵەی دادگا زۆر "لەسەرخۆ بووە" لەکاتێکدا بکوژەکە "داعش بووە و لەلایەن داعشەوە راهێنانی پێکراوە."

بوڵدان لە پەرلەمانی تورکیا لە وتارێکیدا ئیدانەی هەنگاوەکەی داواکاری گشتی کرد و رایگەیاند، "ئێوە هێشتا پاریزگاری لە بکوژەکە دەکەن، دەتانەوێت ئێمە دادگایی بکەن لەسەر ئەوەی وتومانە مامەڵە لەگەڵ بکوژەکە وەک بکوژێک بکەن، ئێمە ناوەستین لە ناوهێنانی بکوژەکە بە بکوژ."

لە چەند رۆژی رابردووشدا محمد ئەرین سوتچی، کە بە چەقۆ هێرشی کردبووە سەر بارەگای هەدەپە لە ناوچەی باخچەلێولەر و دوو کەسی بریندارکرد، ئازادکرا.

لەبارەی ئازادکردنی سوتچییەوە، بوڵدان لە وتارەکەیدا لە پەرلەمان رایگەیاند، "سیستەمی دادگایی ئاکەپە، کە دەیەوێت پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی ئێمە بسەنێتەوە لەسەر کردنەوەی دەمییان، هەوڵی ئەوە دەدات پارێزبەندی بداتە هێرشکەرەکە و لە سزا بیپارێزێت."

لەساڵی ٢٠١٦ەوە دوای کودەتاکە شکستخواردووەکە، پارێزبەندی سەندنەوە لە پەرلەمانتاران بە پرۆژەیاسایەکی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) بووە یاسا.

هەدەپە لە پەرلەمان خاوەنی ٥٩ کورسییە و ماوەی ساڵێکە فشارەکان لەسەر پارتەکە زیادکراوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەیانەوێت بە هەمیشەیی دایبخەن. داخستنی هەدەپە بەهۆی ئەو تۆمەتانەوەیە کە حکومەتی تورکیا ئاراستەی دەکات و دەڵێت: پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆرستییەوە هەیە و دەیەوێت لێکترازان دروست بکات لەنیوان دەوڵەت و گەلی تورکیا.

لەدوای هەڵبژردنەکانی سەرۆک شارەوانییەکانی لەساڵی ٢٠١٩، زیاتر لە ٥٠ سەرۆک شارەوانی هەدەپەش لەکۆی ٦٥ سەرۆک شارەوانی پارتەکە لەسەر کارەکانیان لابراون و لەجێگەیان قەیوم داندراوە، جگەلەوەی کە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتەکە ماوەی پێنج ساڵە لە زینداندایە.

هاوکات دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپە، کە هاوپەیمانی ئاکەپەیە، رایگەیاند دەبێت لە ٢٠٢٢ هەدەپە بەتەواوی دابخرێت.

لە وتارێکیدا لە پەرلەمان باخچەلی وتی: هەدەپە کە وێنەیەکی پەکەکەیە دەبێت دابخرێت، هەدەپە شەرمەزارییە بۆ دیموکراسی، هەدەپە چەکێکی خوێناوییە و دروستکراوە بۆ دژایەتی تورکیا."

بەڵام پەروین بوڵدان وەڵامی باخچەلی دایەوە و وتی: کەس مافی ئەوەی نییە قسە بە هەدەپە بڵێت کە وێنەی دیموکراسییە، هەدەپە وێنەی دیموکراسییە لەم وڵاتە و بۆ گەلی ئەم وڵاتە، ئەگەر شەرمەزارییەک هەبێت لە تورکیا، ئەوا بیرکردنەوە و دیدگای تۆیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار