رۆژانه دوو یان سێ که‌س له‌ئێران له‌سێداره ده‌درێت
ئێران له‌جێبه‌جێکردنى سێداره‌دان، حساب بۆ بڕیاره‌کانى یوئێن ناکات که داواى راگرتنى کردووه
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌جێبه‌جێکردنى لهسێدهراندا حساب بۆ بڕیاره‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ناکات کهداواى راگرتنى لێکردووه و ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت رۆژانه دوو یان سێ که‌س له‌سێداره ده‌دات.
له‌ئاماره‌کانی 42 ساڵی رابردووى ئێران‌دا ده‌رکه‌وتووه زیاتر له 40 هه‌زار که‌س له‌و ماوه‌یه‌دا له‌سێداره‌دراون و ژماره‌یه‌کیشیان گولـله‌باران کراون له‌کاتێکدا نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌یان بڕیاری دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران ده‌رکردووه به‌ڵام ئه‌و وڵاته تائێستا پێشه‌نگه.
پێنج رۆژ دوای هۆشداریی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و په‌سندکردنی بڕیارێک له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران به‌هۆی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و جێبه‌جێکردنی ژماره‌یه‌کی زۆری سزای سێداره، ئێران به‌نهێنی چالاکێکی سیاسیی کورد له‌سێداره ده‌دات.
حکومه‌تی ئێران یه‌که‌م وڵاته له جیهاندا که‌زۆرترین سزای سێداره جێبه‌جێ ده‌کات و شاره‌زایان و ره‌خنه‌گرانیش سزاکه وه‌ک چاوسوورکردنه‌وه‌و ئامرازێکی سه‌رکوت و له‌ناوبردنی نه‌یاران لێی ده‌ڕوانن.
ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له رۆژی 16ی دێسه‌مبه‌ری 2021 به 78 ده‌نگی به‌ڵێ و 31 ده‌نگی نه‌خێر و 69 ده‌نگی بێلایه‌ن بڕیارێکی دیکه‌ی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران په‌سه‌ند کرد به‌هۆی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ و جێبه‌جێکردنی سزای سێداره له‌و وڵاته‌دا.
له‌بڕیاره‌که‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا هاتووه ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه‌دانی زیندانیان و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌و وڵاته به‌رده‌وامه‌و له‌ئێران تائێستاش که‌سانی خوارووی 18 ساڵ ته‌مه‌ن له‌سێداره ده‌رێن و ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه زۆره، بۆیه دۆسیه‌ی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه له‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به‌کراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه.
هه‌رچه‌نده نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به‌ئاشکرا وتوویه‌تی دۆسیه‌ی پێشێلکارییه‌کانی ئێران به‌کراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و رێکخراوه‌یه له‌ساڵی 1980 تائێستا به به‌رده‌وامی و ساڵانه زیاتر له‌بڕیارێک و هۆشدارییه‌کی له‌و شێوه‌ی چه‌ندباره کردووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش ژماره‌ی پێشێلکارییه‌کانی له‌ئێران که‌م نه‌کردووه‌ته‌وه.
جێبه‌جێکردنی ژماره‌یه‌کی زۆری سزای سێداره له‌ئێران وێنایه‌کی توندوتیژو ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رکوتکاری له‌و وڵاته له‌جیهان دروست کردووه، به‌ڵام به روانین له 42 ساڵی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت له‌ئێران روون ده‌بێته‌وه که بۆچی تا ئێستاش ده‌ستبه‌رداری سێداره نه‌بووه.
ئێران پێشبڕکێی له‌سێداره‌دان له‌جیهاندا ده‌کات
جیهان 49 ساڵه هه‌وڵه‌کانی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ نه‌هێشتنی سێداره‌و له 19 ساڵی رابردوودا ده‌یان رێکخراو دژی سزای سێداره یه‌کیان گرتووه‌و رۆژی 18ی ئۆکتۆبه‌ری هه‌موو ساڵێکیش وه‌ک رۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌سێداره‌دان ناوزه‌د کراوه‌و زیاتر له 170 وڵات ده‌ستبه‌رداری جێبه‌جێ کردنی ئه‌و سزایه بوون، به‌ڵام تائێستاش زیاتر له 33 وڵات سزای سێداره جێبه‌جێ ده‌که‌ن و له‌و ژماره‌یه‌ش 20 وڵاتیان به‌تایبه‌ت چین و ئێران زۆرترین سزای سێداره جێبه‌جێده‌که‌ن.
به‌پێی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ساڵی 2017 زیاتر له 246 حاڵه‌تی له‌سێداره‌دان له‌ئێران تۆمار کراوه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته به‌ته‌نها به رێژه‌ی زیاتر له 20 وڵات خه‌ڵکی له‌سێداره داوه.
ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی چین له‌و ساڵه‌دا زیاتر له‌هه‌زار که‌سی له‌سێداره داوه، به‌ڵام به‌راورد به ژماره‌ی دانیشتوان، ژماره‌ی جێبه‌جێکردنی سێداره له‌ئێران ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمار کردووه له‌ئاستی جیهاندا، چونکه ژماره‌ی دانیشتوانی چین زیاتره له‌یه‌ک ملیار‌و 400 ملیۆن که‌س له‌کاتێکدا ژماره‌ی دانیشتوانی ئێران ده‌گاته زیاتر له 84 ملیۆن که‌س به‌وه‌ش ده‌رده‌که‌وێت ژماره‌ی دانیشتوانی چین زیاتر له 16 هێنده‌ی ئێرانه.
چین له‌هه‌ر یه‌ک ملیۆن و 400 هه‌زا که‌سێک، یه‌ک که‌سی له وڵاته‌که‌ی لهسێدارداوه، به‌ڵام ئێران له‌هه‌ر 341 هه‌زار که‌سی دانیشتووی وڵاته‌که یه‌ک که‌سی له‌سێداره داوه، واته ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئێران حوکمی چینی بکردایه ئه‌گه‌ری هه‌بوو زیاتر له‌چوار هه‌زارو 105 که‌سی له‌ساڵێکدا له‌سێداره بدات.
کۆماری سێداره
نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ساڵی 1980 زیاتر له‌سه‌دان بڕیار‌و هۆشداریی داوه‌ته ئێران به‌هۆی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و جێبه‌جێکردنی سزای سێداره، به‌ڵام ئه‌و وڵاته سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زیاترین سزای سێداره له‌جیهان جێبه‌جێ ده‌کات به‌راورد به‌ژماره‌ی دانیشوانی.
بیانوی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئێران بۆ جێبه‌جێکردنی سزای سێداره پابه‌ندبوونی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێرانه به‌شه‌رع و یاسا‌و رێساکانی ئایینی ئیسلامه‌وه‌و هه‌موو کاتێک ده‌سه‌ڵاتداران جه‌ختیان له‌وه کردووه‌ته‌وه پابه‌ند ده‌بن به‌شه‌رع و شه‌ریعه‌تی شیعه‌وه، بۆیه زۆرجار نه‌یارانی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ئێران ده‌سه‌ڵات به‌کۆماری سێداره ناوده‌هێنن.
لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی : زیاتر له‌نیوه‌ی سێداره‌ی جیهان له‌ئێرانه
رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (Amnesty International) که ساڵی 1961 دامه‌زراوه‌و رێکخراوێکی ناحکومییه‌و کارده‌کات بۆ به‌رگریی له‌مافه‌کانی مرۆڤ له‌جیهان رایگه‌یاندووه له‌ساڵی 2020 چین و ئێران و میسر‌و سعودیه زیاترین سزای سێداره‌یان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی جێبه‌جێ کردووه.
رێکخراوه‌که له‌ساڵی 1973 تائێستا کار ده‌کات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی سزای سێداره لهجیهانداو رایگه‌یاندووه له‌ساڵی 2020 که‌مترین ژماره‌ی له‌سێداره‌دان روویداوه که گه‌یشتووه‌ته 483 حاڵه‌ت، به‌ڵام زیاتر له‌نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه له‌سزای سێداره‌دان له‌ئێران جێبه‌جێ کراوه.
کۆماری ئیسلامی ئێران له‌و ساڵه‌دا 246 سزای سێداره‌دانی جێبه‌جێ کردووه‌و ئه‌وه‌ش له راپۆرتی ساڵانه‌ی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیدا تۆمار کراوه، به‌ڵام رێکخراوه‌که ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه هیچ که‌س و لایه‌نێک ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی جێبه‌جێکردنی سزای سێداره له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی چینه‌وه نازانێت، چونکه سه‌رجه‌م حاڵه‌ته‌کان به‌نهێنی جێبه‌جێ ده‌کرێن و ژماره‌که ئاشکرا نییه‌و ته‌نها پێشبینی ده‌کرێت لانیکه‌م ساڵانه هه‌زار که‌س له‌و وڵاته له‌سێداره بدرێن.
لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی روونی کردووه‌ته‌وه رێکخراوه‌که‌یان ته‌نها پشت به‌و دۆسیانه‌ی سزای سێداره ده‌به‌ستێت که تۆمار ده‌کرێن، بۆیه له‌ساڵی 2020 ئێران، میسر، عێراق و سعودیه پێکه‌وه 88%ی کۆی سزاکانی سێداره‌یان له‌جیهاندا جێبه‌جێکردووه.
ده‌سه‌ڵاتی میسر له‌و ساڵه‌دا 107 که‌سی له‌سێداره داوه و دوای ئه‌ویش عێراق به جێبه‌جێکردنی 45 سزای سێداره له ریزبه‌ندی سێیه‌مدا بوه و سعودیه‌ش به جێبه‌جێکردنی 27 سزای سێداره چواره‌م وڵات بوه له جیهاندا که زیاترین سێداره‌ی تێدا جێبه‌جێکراوه.
له‌به‌شێکی دیکه‌ی راپۆرتی ساڵانی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه رێژه‌ی سزای سێداره به‌راورد به‌ساڵی 2019 نزیکه‌ی 26% دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و ژماره‌ی له‌سێداره دراوه‌کانیش له‌ساڵی 2020 که‌مترین ژماره بووه له 10 ساڵی رابردوودا.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران که بنکه‌ی سه‌ره‌کیی له‌شاری ئۆسلۆ-ی پایته‌خی وڵاتی نه‌رویجه ساڵی 2020 بلڵاویکرده‌وه له‌و ساڵه‌دا 267 که‌س له‌ئێران سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه که‌چوار که‌سیان منداڵ بوون و ته‌مه‌نیان نزیکه‌ی 15 ساڵ بووه و له‌ساڵی 2018 نزیکه‌ی 273 سزای سێداره جێبه‌جێ کراوه‌و له‌ساڵی 2019 ژماره‌ی له‌سێداره‌دان 280 حاڵه‌ت بووه.
رێکخراوه‌که رایگه‌یاندووه رێژه‌ی له‌سێداره‌دان له‌ساڵی 2021 به‌راورد به‌ساڵی 2020 زیاتر له 10% زیادی کردووه، چونکه له‌ئه‌مساڵدا 267 که‌س له‌سێداره دراون و 82%ی جێبه‌جێکردنی سزاکان به‌نهێنی بووه و پێشتر که‌سوکاری له‌سێداره‌دراوه‌کان ئاگادار نه‌کراونه‌ته‌وه.
له‌سێداره‌دانی ژنان به‌بێده‌نگی
رێکخراوی هه‌موان پێکه‌وه دژی سزای سێداره (ECPM) ئاشکرای کردووه له‌ساڵی 2021 لانی که‌م 15 ژن به‌تۆمه‌تی کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست سزای سێداره‌دانیان له‌ئێران به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه‌و له‌ساڵی 2020 نۆ حاڵه‌تی له‌سێداره‌دانی ژنان لهوڵاتهکهدا تۆمار کراوه‌و به‌پێی ئاماره‌کانیش له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر له 170 ژن له‌ئێران به‌بێده‌نگیی و دوور له‌چاوی جیهان له‌سێداره دراون.
هه‌روه‌ها رێکخراوه‌که ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو که له‌سێداره‌دانی ژنان له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوو له‌ئێران 3%ی ئه‌و که‌سانه بوون که سزای سێداره‌یان به‌سه‌دا سه‌پێنراوه‌و 86 ژن له‌و ماوه‌یه‌دا به‌تۆمه‌تی بازرگانیی به‌مادده‌ی هۆشبه‌ره‌کان سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌و 60 ژنیش به‌تۆمه‌تی کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست و دوو ژنیش به‌تۆمه‌تی سیخوڕی و ژنێکیش به‌ناوی شیرین عه‌له‌م هولی به‌تۆمه‌تی به‌شداریی له ریزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی کورد له‌ئێران له‌سێداره دراون.
هاوکات، ئه‌وه‌شى روونی کردووه‌ته‌وه ژماره‌یه‌ک له‌ژنانی له‌سێداره‌دراو له‌ئێران به نادیاریی ماونه‌ته‌وه به‌ڵام له‌کۆی 170 ژن که‌سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه 113 ژن به‌بێده‌نگی به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سوکاره‌کانیان ئاگادار بکرێنه‌وه سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ کراوه.
سزای سێداره له‌ئێران کێ ده‌گرێته‌وه؟
به‌پێی یاسای سێداره له‌ئێران ره‌نگه هیچ هاووڵاتییه‌کی ئه‌و وڵاته پارێزراو نه‌بێت له‌وه‌ی سزاکه نه‌یگرێته‌وه، چونکه ئه‌و هۆکارو تاوانانه‌ی ده‌بێته هۆی له‌سێداره‌دان زۆرن و ژماره‌یه‌کیان بریتین له (کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست، ده‌ستدرێژیی سێکسی، مامه‌ڵه‌ی خراپی سێکسی له‌گه‌ڵ منداڵان، بازرگانی به‌مادده هۆشبه‌ره‌کان، دزیکردن به‌چه‌ک، رفاندنی هه‌ر که‌سێک، تیرۆریزم، جوتبون له‌گه‌ڵ که‌سانی نزیک به‌ناپاکی یان جوتبوونی ناشه‌رعی، هاوڕه‌گه‌زبازی، لادانی سێکسی، له‌شفرۆشی، هه‌وڵدان بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامی، سه‌رپێچیی سیاسیی، کاری تێکده‌رانه، راپه‌ڕین، کفرکردن، سه‌رانه وه‌رگرتن، زیاده‌ڕه‌وی له‌مه‌شروب خواردن یان ئالوده‌بون به کحول، ساخته‌کاریی، شاردنه‌وه‌ی خۆراک، فرۆشتنی خۆراکێک که ببێته‌هۆی مه‌رگی خه‌ڵک، بڵاوکردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سێکسی یان پۆرن، تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه و قسه هه‌ڵبه‌ستن ئه‌گه‌ر ببێههۆی مه‌رگی که‌سێکی بێ‌تاوان، چه‌ندباره‌کردنه‌وه‌ی دزیکردن، خۆدزینه‌وه له‌به‌ره‌ی جه‌نگ بۆ فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی، سیخوڕی، خه‌یانه‌ت له‌وڵات، هاوکاریی دوژمن ، جه‌نگ له‌گه‌ڵ خودا، دژایه‌تی حکومه‌تی ئیسلامی).
لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی روونی کردووه‌ته‌وه رێکخراوه‌که‌یان ته‌نها پشت به‌و دۆسیانه‌ی سزای سێداره ده‌به‌ستێت که تۆمار ده‌کرێن بۆیه له‌ساڵی 2020 ئێران، میسر، عێراق و سعودیه پێکه‌وه 88%ی کۆی سزاکانی سێداره‌یان له‌جیهاندا جێبه‌جێکردووه
هه‌ریه‌که له‌و تۆمه‌تانه‌ی که به‌پێی یاسای سێداره له‌ئێران ده‌ستنیشان کراوه کۆمه‌ڵێک بڕگه‌و مادده‌ی دیکه‌ی لێده‌بێته‌وه که پشتی به رێسا‌و رێوشوێنه‌کانی رێبازی شیعه به‌ستوه‌و له‌هه‌ندێک حاڵه‌تیشدا ره‌چاوی تێڕوانینی رێبازی سوننه له‌دینی ئیسلامدا کراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ره‌نگه هۆکارێکی دیکه بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه رووبدات له‌سه‌پاندنی سزای سێداره جگه له‌وه‌ی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت بڕیاری کۆتایی بدات له‌جێبه‌جێکردنی زۆربه‌ی سزاکانی سێداره.
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له‌ئێران رایگه‌یاندووه زیاتر له 75%ی سزاکانی سێداره له وڵاته‌که به‌هۆی مادده هۆشبه‌ره‌کانه‌وه‌یه.
مێژوو و ئاماره‌کانی سێداره له 42 ساڵی رابردووی ئێران
له‌ساڵی 1978 واته هاوکات له‌گه‌ڵ رووخانی سیستمی پاشایه‌تی و ده‌ستبه‌کاربوونی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی له‌ئێران تاساڵی 1979 لانیکه‌م 438 که‌س له‌و وڵاته له‌سێداره دراون و له‌ساڵی 1980 ئه‌و ژماره‌یه بۆ 624 له‌سێداره‌دراو به‌رزبووه‌ته‌وه‌و له‌ساڵی 1981 تا 1985 زیاتر له 14 هه‌زار و 794 که‌س سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه.
له‌ساڵانی 1986 و 1987 هه‌زار و 671 که‌س له‌سێداره دراون له‌ساڵی 1988 به‌بیانوی لادان له‌دین و ئایین چوار هه‌زارو 484 که‌س له‌سێداره دراون.
له‌ساڵی 1980 تا 1988 زیاتر له‌سێ هه‌زارو 200 ژن و منداڵ له‌ئێران له‌سێداره دراون.
ساڵی 1988 تاساڵی 1998 شه‌ش هه‌زارو 783 که‌س له‌سێداره دراون و له‌ساڵی 1999 تاساڵی 2008 پێنج هه‌زارو 220 که‌س سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ کراوه.
له‌ساڵی 2009 تاساڵی 2010 نزیکه‌ی 152 که‌س له‌سێداره دراون له 2011 تا 2013 نزیکه‌ی 814 که‌س و له‌ساڵی 2014 نزیکه‌ی 966 که‌س و ساڵی 2015 هه‌زارو 471 که‌س له‌ساڵی 2016 نزیکه‌ی 969 که‌س له‌سێداره دراون.
له‌ئاماره‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت له‌ماوه‌ی 42 ساڵی حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر له 40 هه‌زار که‌س له‌سێداره دراون ئه‌گه‌رچی ده‌زگای دادوه‌ریی ئێران ئه‌و ژماره له‌جێبه‌جێکردنی سزای سێداره ره‌تده‌کاته‌وه، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ ئاشکرایان کردووه له‌و ژماره‌یه نزیکه‌ی 10 هه‌زار که‌سیان گولـله‌باران کراون یان به‌گولـله کۆتایی به‌ژیانیان هێنراوه.