بەشێك لەهاوڵاتیان هەڵمەتی لێكردنەوەی پێوەری ئاویان دەستپێكردووە
وەزیری شارەوانی هەرێم: هەركەس و لایەنێك هاندەر بێت، دەبێت سزا بدرێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەسەر بەستنی پێوەری زیرەك و ئەو پارەیەی بۆ هاوڵاتیان دێتەوە پارێزەرێك لەداواكاری گشتی هەرێم سكاڵای تۆماركرد،وەزیری شارەوانی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت لێكردنەوەی پێوەری ئاو زیان بە سامانی گشتی ئاو دەگەیەنێت.
دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا زۆری ئەو پارەیەی بۆ هاوڵاتیان دەهاتەوە لەلایەن ئەو كۆمپانیایەی پێوەرەكانی ئاوی بەستووە ناڕەزایی لێكەوتەوە، هەڵمەتەكە سۆشیال میدیای تەنیوە و پەیتا پەیتا هاوڵاتیان دیمەنی لێكردنەوەی پێوەرەكە بڵاودەكەنەوە، هەرئەوەش نا بەڵكو فێركاری لێكردنەوەی پێوەرەكەش دادەنێن، بەڵام وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم بە كارێكی نەشیاوی پێناسە دەكات.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لێكردنەوەی پێوەرەكانی ئاو كارێكی نیشتیمانی نییە و هەر كەس و ڕاگەیاندنێك هاندەر بێت بۆ ئەو كارە دەبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بكرێت.
پێشتر دابان محەمەد پەرلەمانتاری كوردستان ڕایگەیاندبوو:" ئەو پێوەرە نایاساییە و ئەو پارەیەی وەردەگیرێت سەرانەیە و لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت".
لەلایەن خۆشیەوە پارێزەری خۆبەخش بەشدار حەسەن لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كۆمپانیایەك تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی سزاداوە، ئێمەش بەپێویستمان زانی لەسەر ئەو پرسە سكاڵایەك لە داواكاری گشتی تۆمار بكەین.
وتیشی: ناكرێت كۆمپانیایەك بە ئارەزووی خۆی سزای هاوڵاتیان بدات، ئەمە لە هیچ شوێنێكی دنیا نییە كۆمپانیایەكی كەسی ئەو كارانە بكات. وەك ئەو پارێزەرە دەڵێت داواكاری گشتی و پەرلەمان لەو پرسەدا هیچ ڕۆڵێكیان نەبوو، جگە لەوەش رێگری دەكرێت لەوەی ڕێكخراوەكان بەدواداچوون بكەن لەوبارەیەوە.
دانانی پێوەری ئاو بۆ هاوڵاتیان لەكاتێكدایە بەشێكی زۆر لەهاوڵاتیانی كوردستان بەتایبەت لە وەرزەكانی هاوین و بەهاردا كێشەی كەمیی ئاویان هەیە و جگە لەوەش پێداویستیە سەرەتاییەكانی دیكەیان وەك كارەبا و سوتەمەنی وەك پێویست نییە و نرخیشیان لەسەر زیادكراوە، مووچەی فەرمانبەرانیش لەكاتی خۆیدا نادرێت و باجێكی زۆریش خراوەتە سەر هاوڵاتیان.