لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق تەنیا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان رێككەوتنی لەسەر كراوە

پۆستی سەرۆك كۆمار پارتی بەجیا و یەكێتیش بەجیا كاندیدی خۆیان هەیە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكردەوە و جگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ جێگرەكانی چەندین كاندید دیاریكراون كە سیانیان كوردن. پێش دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم بڕیاریاندا كە محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كاندید بكەن، جگە لە سوننەكان نە كورد و نە شیعە بۆ هیچ پۆستێك ڕێك نەكەوتوون.

لەبارەی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانەوە رەوتی سەدر بڕیاریداوە و حاكم زاملی سەركردە لە رەوتی سەدر كاندید بێت بۆ ئەو پۆستە، دەوڵەتی یاساش كاندیدێكی بۆ هەمان پۆست هەیە.

لەبارەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانەوە كە پشكی كوردە، هیچ رێككەوتنێك نەكراوە و چەند كاندیدێك بوونیان هەیە، پارتی شاخەوان عەبدوڵای وەك كاندیدی خۆی دەستنیشانكردووە و موسەنا ئەمینیش خۆی بۆ هەمان پۆست كاندیدكردووە و سروە عەبدولواحیدیش وەكو كاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵكدا خۆی كاندید دەكات.

بەپێی چاوگێكی ئاگادار كورد و سوننە پشتگیری لەكاندیدكردنی محەممەد حەلبوسی دەكەن و چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانی مەحمود مەشهەدانی دەكات. تا ئێستا رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك و محەمەد سەهیود سەركردە لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، چەند سیناریۆیەك لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتدا هەیە.

سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا وتیشی، ئەگەر رەوتی سەدر وەكو گەورەترین فراكسیۆن دەستنیشان بكرێت دەستبەجێ سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی دەستنیشان بكرێت و پاش ئەوەش سەرۆك كۆمار دەستنیشان دەكرێت، لە حاڵەتی پێچەوانەدا دانیشتنەكە درێژ دەكرێتەوە.

تا ئێستا بەهێزترین كاندیدی شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمییە، ئەگەر سەدرییەكان نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمانی دروستبكەن چوارچێوەی هەماهەنگی چەند كەسێكی دیكە بۆ پۆستەكە كاندید دەكات. سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆماریش پارتی كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی بە تەواوی رەتدەكاتەوە و لە ئێستادا ناوی عیماد ئەحمەد وەكو كاندیدی جێگرەوە دێت، لە حاڵەتی رێكنەكەوتنیشدا پارتی هۆشیار زێباری وەك كاندیدی حزبەكەی كاندید دەكات.

هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی ٥٠+١ی پەرلەمانتارانە، دواتر دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆك كۆمار كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێردرێت، گەر لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لە ماوەی یاساییدا، رێككەوتن لەسەر سەرۆك كۆمار و سەرۆك حكومەت نەكرێت گرفتی یاسایی دروست دەبێت، ئەمەش یەكێكە لە هۆكارەكانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار