حكومەتی هەرێم نەوتەكەی بەغدای لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم گرانكرد

لەماوەی ڕابردوودا كەمال ئەتروشی دووجار بەڵێنی دابەشكردنی نەوتی سپی بەنرخێكی هەرزان دا

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

چەند مانگێك لەمەوبەر وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم وتی خۆی ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت و دڵنیا دەبێتەوە لەوەی هاوڵاتیان نەوتیان بەسەردا دابەش كراوە و ناگاتە وەرزی سەرما دەبێت هەموو هاوڵاتیان نەوت وەربگرن.

بەڵام دوای نزیكەی دوومانگ لەدەركەوتنەوەی لەو بەڵێنەی پەشیمان بوویەوە كە وتی ماڵ بەماڵ دەگەڕێت تا دڵنیا بێت نەوتیان بەسەردا دابەش كراوە، دوێنێ وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم ئەمجارەیان وتی دواكەوتنی دابەشكردنی نەوت لەدەستی ئەواندا نییە.

ئەمڕۆش وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی سەردانێكیدا بۆ پارێزگای دهۆك رایگەیاند: ئەو نەوتەی ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆك بە 90 هەزار دینار دابەشدەكرێت لە بەغداوە هاتووە و ئێمە پێشتر 100 ملیۆن لیترمان بەسەر هاوڵاتیان دابەشكردووە.

وتیشی: ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەشی دەكات بە 55هەزار دینارە، بە فەرمانی جەنابی سەرۆكوەزیران چوومە بەغدا، ئەمەش بۆ ئەوەی نەوت بەسەر هەموو هاووڵاتیان دابەشبكەین، ئەوەی ئەمڕۆش بە 90 هەزار لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت لە هەموو عێراق بە هەمان نرخ دەفرۆشرێت و ئەوە بەغدا دابینی كردووە.

وتەكانی وەزیری سامانە سروشتیەكان لەكاتێكدایە، پێشتر هەر ئەو وەزیرە ڕایگەیاند: نەوتی سپی بە 55 هەزار بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا دابەش دەكەین، بەڵام سەرەڕای ئەوەی نەوتەكە چەند مانگێكە بە سستی دابەش دەكرێت لەكۆتایشدا نرخی زیادیكرد.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و غاز و كارەباش بۆ بەشێك لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێرێت، بەڵام دوای چەندین ساڵ نەیتوانیوە قەیرانی سوتەمەنی و كارەبا چارەسەر بكات. بەهۆی سستی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا،لە 23/12/2021 لەیەك خێزان لەگوندی قوبكێی ئاكرێ دایكێك و چوار منداڵی بەهۆی ئەوەی نەوتیان نەبوو گیانیان لەدەستدا، ئەوان بەخەڵوز كە كردبوویانە تەنەكەوە ویستبوویان خۆیان گەرم بكەنەوە بەڵام غازی خەڵوزەكە كۆتایی بە ژیانیان هێنا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار