وردەكاری دەستگیركردنی 100 كەس بەتۆمەتی لەشفرۆشی لەیانەیەكی شەوانە لەهەولێر

جێگری پارێزگاری هەولێربۆ هاوڵاتی: هەڵمەتەكە پێشتریش ئەنجام دراوە و بەردەوامیش دەبێ

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەوتەی جێگری پارێزگاری هەولێر شەوی رابردوو نزیكەی 100 كەس لە یانەیەكی شەوانەی شارەكە دەستگیركراون، كە نزیكەی 73 كەسیان كچن و پەیوەندییان بە باندێكی لەشفرۆشییەوە هەبووە.

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: لەماوەی رابردودا ئێمە وەك پارێزگای هەولێر بڕیارێكماندا و چەند خاڵێكمان دیاریكرد، لەبڕیارەكەدا باسمان لەوەكردبوو ناكرێت یانەكانی شەوانە وەك پێویست مامەڵە نەكەن لەگەڵ ئەو مۆڵەتەی كە هەیانە، چونكە ئەگەر بەدەر لەو مۆڵەتە كاربكەن یان سەرپێچی بكەن لەڕووی تەندروستی، ئادابی گشتیی، ئەمنی و شارەوانییەوە رووبەڕوی رێكاری یاسایی دەبنەوە.

جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەی شەوی رابردوو كراوە لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێنماییەكان و بڕیارەكانی لیژنەی ئەمنیدا بووە لەسنوری پارێزگای هەولێر و بە بڕیاری پارێزگای هەولێرووە.

هێمن قادر وتیشی: هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە كە پێچەوانەی بڕیارەكانی پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی، رۆشنبیری، ئەمنی و هەمو شوێنە تایبەتمەندەكان مامەڵە دەكەن.

جێگری پارێزگاری هەولێر دەشڵێت: هەر یانەیەكی شەوانە، هۆتێل و ریستۆرانتێك بەپێچەوانەی رێنماییەكان كاربكات، لێپرسینەوەی پێویستی لەگەڵدا دەگیرێتەبەر هەر لە داخستنی و غەرامەكردنی شوێنەكە تا وەرگرتنەوەی موڵەتەكەی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار