ساڵانە دوو هەزار موسوڵمان لەهەرێمی كوردستان دەبنە زەردەشتی
زەردەشتییەكان دەڵێن لەبادینان ناوێرن دینەكەیان ئاشكرابكەن و پۆلیسیش دەڵێت با سكاڵا تۆماربكەن
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
بەپێی وتەی نوێنەری زەردەشتیەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم ساڵانە زیاتر لەدوو هەزار موسوڵمان هەرێم دەبنە زەردەشتی و واز لەئاینی ئیسلام دەهێنن، پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی لەسنوری پارێزگای دهۆك دەڵێن:»هەندێك كەس لەناو كۆمەڵگا قسەی ناخۆش و بێڕێزی لەبەرامبەر ئێمە دەكەن».
ئارام مەهدی ، یەكێك لە پەیڕەوانی زەردەشتییە لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « پەیڕەوانی زەردەشتی لەسنوری پارێزگای دهۆك ناتوانین بەئاشكرا زەردەشتی بوونی خۆمان رابگەینن، لەترسی كۆمەڵگەو دراوسێی و كەسە نزیكەكان، هەندێك كەس لەناو كۆمەڵگە قسەی ناخۆش و جنێوو بێڕێزی لەبەرامبەر ئێمە دەكەن».
ناوبراو پێشیوابوو كە حكومەت و ئیدارەی پارێزگای دهۆك لەگەڵیان هاوكارن، بەڵام كێشەیان لەگەڵ بەشێك لەخەڵك هەیە بەتایبەتی كەسانی «توندڕەو».
ئارام مەهدی وتیشی: «مرۆڤ ئازادە هەر ئاینێك بۆ خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە ناتوانین سوود لەو ئازادییە وەربگرین، ئێمە دژی هیچ كەس و لایەنێك نین تەنیا دەمانەوێت وەكو ئایینەكانی تر بین «.
لەبارەی تۆماركردنی سكاڵا لەدژی ئەو كەسانەی هەڕەشەیان لێكردووە ، ئارام وتی: « سكاڵام لەدژی هیچ كەسێك تۆمار نەكردووە، ئەوەش لەبەرئەوەی ئەگەر سكاڵا تۆماربكەم دەبێت شەوو رۆژ لەدادگا بم، چونكە یەك و دوو نیە، دۆخەكەش ناگونجێت سكاڵا تۆمار بكەم«.
لەئایینی زەردەشتیدا، هەر زەردەشتییەك دەتوانێت راستەوخۆ پەیوەندی بەخودای دانا و بوون بەخش بكات، بێ ئەوەی لەشوێنی تایبەت بێت وەك ئاتەگشا یان هەر شوێنێكی تر بێت، چونكە بەپێی ئاینەكەیان مرۆڤ پێویستی بەنێوەندگیری نیە كاتێك بیەوێت پەیوەندی بەخوداوە بكات.
نوێنەری زەردەشتییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم ئەوە ئاشكرادەكات لەماوەی حەوت ساڵدا واتا لەساڵی 2015 تائێستا 15 هەزار موسوڵمان وازیان لەئاینی ئیسلام هێناوەو بوونەتە زەردەشتی.
ئاوات حوسامەدین، نوێنەری زەردشتییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لەشاری دهۆك لە 2ی تەمموزی 2020 لقی رێكخراوی یەسنا-مان كردووەتەوە بۆ گەشەی فەلسەفەی زەردەشتی لەكوردستان ، واتە رێكخراوێكی رۆشنبیری زەردەشتییە بۆ بڵاوكردنەوەی هزری پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵكردن لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی كوردستان.
هەروەها وتیشی:»لەبەر هۆی ئەمنی نازانین ژمارەی زەردەشتیانی دهۆك چەندە، لەبەرئەوەی گیروگرفتی كۆمەڵایەتی و خێزانی دروستدەكات، هەر لەبەرئەمە خەڵك ئامادەنیە بەئاشكرا زەردەشتییەتی خۆی رابگەیەنێت، جگە لەوەش لەبەرئەوەی ئایینی زەردەشتی ئاینێكی تەبشیری نیەو بنەماكانی لەسەر ئاشتی و خۆشەویشتی و یەكتر قبوڵكردن و لێبوردەییە».
ئاوات حوسامەدین ئەوەشی ئاشكرا كرد كە» بەفۆرم لەساڵی 2015وە تائێستا 15 هەزار كەسی موسوڵمان وازیان لەئاینی ئیسلام هێناوەو بوونەتە زەردەشتی و سەردان دەكەن و بەشدارن لەچالاكییە ئاینییەكاندا».
هاوكات باسی لەوەشكرد كە لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كار بۆ مافی پێكهاتەكانی ئایینی و نەتەوەییەكان دەكەن لەكوردستاندا، وتیشی:»رێكخراوی یەسنا لەدهۆك رێكخراوێكی رۆشنبیری زەردەشتی مەدەنیە، واتە رێكخراوێكی ئایینی نیە، جگە لەوەش ئەوەی كە زەردەشتی بیت دەتوانیت رێوڕەسمی ئایینی خۆی بكات و پێویستی بە ئاتاشگا نیە، چونكە زۆر ئاساییە كە 5 جار لە رۆژێكدا دەتوانێت روو لە رۆژ یان هەر رووناكیەك بكات كە سۆمبل و رەمزی هێمای پیرۆزی ئاهورا مازدا (خودا) یە».
«لەسنوری پارێزگای دهۆك هەموو بێڕێزییەك بەرامبەر زەردەشتییەكان كراوە، هەروەها هێرشی توند لەسوشیاڵ میدیا بەزەردەشتییەكان كراوە، بەڵام ئێمە هیچ سكاڵایەكمان تۆمارنەكردووە تا دۆخی ناوچەی بادینان تێكنەچێت»، نوێنەری زەردەشتییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم وای وت.
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك دەڵێت كە ئاگادار نییە زەردەشتییەكان سكاڵایان تۆمار كردبێت لەسەرئەوەی هەڕەشەیان لەسەر بێت.
هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « هەموو پێكهاتەكانی ئایینی مافی ئەوەیان هەیە سكاڵا لەدژی ئەو كەسانە تۆماربكەن كە سوكایەتییان پێدەكرێت یان هەڕەشەیان لێدەكرێت».
ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە كە نازانێت زەردەشتییەكانی دهۆك تائێستا سكاڵایان تۆماركردووە یان نا.
سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی دەڵێت:» ئێمە حەزناكەین هیچ كەسێك بێرێزی بەرامبەر زەردەشتییەكانی دهۆك بكات یان هێرش بكاتە سەر ئەمە دژی پێكەوە ژیانی ئایینی یە لە هەرێمی كوردستان».
جیهاد دۆسكی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی لە دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت « ئایینی ئیسلام خودی پێغەمبەرمان موحەمەد سڵاوی خوای لەسەر بێت رێزی لە هەموو ئایینەكان گرتووە بۆیە پێویستە ئێمەش رێزیان لێ بگرین «
سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی لە دهۆك پێشیوابوو كە پەیوەندی باشیان لەگەڵ زەردەشتییەكانی دهۆك هەیەو تا ئێستا هیچ كێشەیەك لەنێوانیاندا روونەداوە.
شارەزایەكی یاسایی لەبارەی گۆڕینی ئاین لەهەرێمی كوردستان روونكردەوە دەدات و دەڵێت:» ئەو كەسانەی ئاینی خۆیان دەگۆڕن دەتوانن ناسنامەكانیشیان بگۆڕن».
عەبدولمەجید ئەحمەد، پارێزەر لە پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت»هیچ دەقێكی یاسایی نیە كە ئەگەر كەسێك ئایینی خۆی بگۆرێت و دواتر سزا بدرێت، بە نموونە لە ئایینی ئیسلامەوە بگۆرێت بۆ زەردەشتی، ئەمە شتێكی شەخسیە».
هەروەها وتیشی:» ئەوكەسەی ئایینەكەی خۆی دەگۆرێت مافی ئەوەی هەیە رەگەزنامەی خۆشی بگۆرێت، (الدیانە مسلم، بگورێت بۆ زەردەشتی، یان هەر ئاینێكی دیكە)، بۆ ئەوەش پێشتر داوایەك پێشكەش بە دادگا دەكات دوای ئەوە دادوەر بڕیار دەدات و لەفەرمانگەی رەگەزنامە مامەڵەكانی تەواو دەكرێن».