ئازادكراوانی خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگرون لەدۆخێكی دەروونی خراپدان

پارێزەرێک: پڕكردنەوەی بەڵێننامە شتێكی یاسایی نییەو لە یاسادا شتی لەو شێوەیە بوونی نییە

3 ساڵ لەمەوپێش



مەزهەر كەریم

كەسوكاری ئازادكراوانی خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگرون ئەوە ئاشكرادەكەن كەدۆخی كوڕەكانیان نائارامەو دەترسن، بەڵام ئاسایشی سلێمانی سوورە لەسەر ئەوەی كە ئەوانە»تێكدەربوون».

لەمانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردوو گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی لەناحیەی پیرەمەگرون بەڕێوەچوو، دواتر چوونە سەر فەرمانگەكان و لەئەنجامدا كتێبخانەی پیرەمەگرون سوتێندرا.

رۆژی چواری ئەم مانگە هێزەكانی ئاسایش چەند كەسێكی دەستگیر كردو پاش لێكۆڵینەوە جلوبەرگی پرتەقاڵییان لەبەركردن كە لەناو گیراوەكاندا مێردمنداڵ هەبوون، ئەمەش نیگەرانی كەسوكارو رای گشتی لێكەوتەوە لەسەر ئەو جۆرە لەماڵەكردن لەگەڵیاندا.

دایكی یەكێك لەدەستگیركراوانی گردبوونەوەكەی  پیرەمەگرون  بەناوی ئایشە محەمەد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « رۆژی چوارشەممەی رابردوو بەیانی زوو بوو كوڕە چواردە ساڵانەكەم خۆی گۆڕیو  لەماڵ چووە دەرەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام هەر لەگەڵ گەشتبووە ناو ژووری خوێندنگە لەلایەن  هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركراو رەوانەی بنكەی ئاسایشی پیرەمەگرون كرابوو».  

هەروەها وتیشی:»وەك كوڕەكەم بۆی باس كردووم لەدوای دەستگیركردنی لەئۆتۆمبیلی تایبەت بەگیراوان رەوانەی ئاسایشی سلێمانی كراوەو لەپاش دوو رۆژ لەدەستگیركردنی وتەی لێوەرگیراوە تا جارێكی دیكە بەشداری خۆپیشاندان نەكات و پێیان وتووە ئەگەر ئەمجارە بەشداری خۆپیشاندان بكەیت شەش مانگ حوكمت دەدەین».

دایکی ئەو كوڕە 14 ساڵە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەئێستادا لەماڵەوەیە زۆر بەكەمی قسە دەكات، وتیشی:» ناوێرێت لەماڵ بچێتە دەرەوە كاتێك، دەچێتە تەوالێت دەرگای تەوالێتەكە داناخات دەڵێت (ئاگاتان لەمن بێت)، زۆر دەترسێت».

ئایشە لەبارەی ترسو دڵەڕاوكێی كوڕەكەیەوە باسی لەوە كردو وتی:» هەفتە پێش دەستگیر كردنی شەوانە بەترسەوە دەخەوت كاتێك پێكەوە قسەمان دەكرد دەیوت ئەگەر دەستگیركراوەكان ناوی هەر كەسێك بڵێن ئاسایش دەستگیریان دەكات، منیش بەشداری خۆپشاندانەكانم كردووەو دەگیرێم».

هەروەها پورە خەجێ  یەكێكی دیكەیە لەو ژنانەی پیرەمەگرون كوڕێكی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراوە، لەلێدوانێكدا بە وت:» ئاسایش منداڵو پیرو بەتەمەن نازانێت هەرچی بەردەست بكەوێت دەستگیری دەكات، شەشی بەیانی بوو هەڵیانكوتایە سەرمان، كوڕەكەمیان دەستگیركرد لەناو جێگەی نووستن نەیانهێشت خۆی بگۆڕێت تراكسودێكو فانیلەیەكی عەلاگەی لەبەردابوو، هەر ئەوها بردیانو رۆیشتن».

شارەزایەكی یاسایی دەڵێت:» پڕكردنەوەی بەڵێننامە شتێكی یاساییی نییە».

پشتیوان حەمە رەزا، پارێزەر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەپێی یاسا خۆپیشاندان مافی هەموو کەسێكەو رێگەی پێدراوە، پڕكردنەوەی هەر بەڵێننامەیەك یاخود شتێكی لەو شێوەیە بۆ بەشداری نەكردن لە خۆپیشاندان پوچەڵە».

هەروەها وتیشی:»پڕكردنەوەی بەڵێننامە شتێكی یاسایی نییەو لەیاسادا شتی لەو شێوەیە بوونی نییە».

بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی كردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە دانپێدانانو بڵاوكردنەوەی وێنەی گیراوانی پیرەمەگرون بە جلوبەرگی تایبەتیەوە دوورە لەسڕی لێكۆڵینەوەو دژی بنەماكانی مافی مرۆڤە.

بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی كردن لەمافی مرۆڤ  لەفراكسیۆنی كۆمەڵ لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە دەستگیركردنی گیراوانی پیرەمەگرون بەپێی یاسایی ئسوڵی محاكماتی جەزائی ساڵی  1971 بەو شێوەیە دژی رێكارە دادییەكانە، بەپێی یاسا هەتا تاوان نەسەلمێنرێت بەتاوان هەژمار ناكرێت و بەبەریئی لەقەڵەم دەدرێت، ئەمەش چوارچێوەیەكی یاساییە.

هەروەها وتیشی:» لەبارەی لەبەركردنی جلی پەرتەقاڵی بۆ تاوانباری مەترسیدارە نەك كۆمەڵێك گەنج كە دیار نیە كارەكەیان كردووە یان نا، ئێمەش لەگەڵ تێكدانو سووتاندنی شوێنی گشتی نین و لەگەڵ ئەو جۆرە لەماڵەی هێزە ئەمنیەكانیش نین».

دوای سوتاندنی كتێبخانەی پیرەمەگرون لەلایەن چەند چالاكوانێكەوە هەڵمەتێك بۆ كۆكردنەوەی كتێب بۆ كتێبخانەكە ئەنجامدراوەو هەزاران كتێب كۆكرایەوەو برایەوە بۆ پیرمەگروون.

ئاسایشی سلێمانی جەخت لەوە دەكاتەوە كەئەوان هەستاون بەكاری یاسایی خۆیانو ئەو كەسانەی دەستگیركراون «كاری تێكدەرانەیان ئەنجامداوەو دامودەزگای دەوڵەتیان سووتاندووە».

موقەدەم یاسین سەمیع، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو كەسانەی لەپیرەمەگرون دەستگیركراون كۆمەڵێك خەڵكی تێكدەربوون، ژمارەیان بەدیاریكراوی ناڵێین چەند كەس بوون، چونكە رەنگە پاشانیش دادوەر داوایان بكات».

ناوبراو وتیشی:» ئەو كەسانە فەرمانگە خزمەتگوزاریەكانی ئەو سنورەیان سوتاندوەو بەفەرمانی دادوەر دەستگیركراون پاشان بەبارمتە ئازاد كراون، ئەم كارەش ئەوە نیە كەسێك یان دوو كەس كردبێتی، بەبەرنامە كراوەو حاڵەتێكی تێكدانە، دوورو نزیك پەیوەندی بەكەیسی خۆپیشاندانەوە نیە».

« ئەم بابەتە مافی گشتییەو داواكاری گشتی لەسەری هاتووەتە سەرخەت ، خەڵك لەپیرەمەگرون داواكاری هەیە داوای خزمەتگوزاری دەكات، بەهەموو ناحیەی پیرەمەگرون چەند فەرمانگەیەكی خزمەتگوزاری تێدایە، خەڵێك دێت بەبەرنامە دەیسوتێنێت، بەبەرنامە ئەوەشیان لێدەستێنێتەوە، جا كەسوكاری گیراوەكان هەرچی دەڵێن ئەوە بابەتێكی دیكەیە»، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی وادەڵێت.

لەبارەی ئەوەی گیراون جلوبەرگی پرتەقاڵیان لەبەركراوە، وتەبێژەكەی ئاسایش پێیوابوو كە ئەو جلوبەرگە پرتەقاڵیانە جلوبەرگی ستانداردی هەموو زیندانیەكانن، هەموو بەندینخانەیەك پێویستە جلوبەرگی تایبەتی هەبێت و بەندكراوەكان جلوبەرگی تایبەتیان لەبەردا بێت، ئەوانەی بەند دەكرێن دەبێت یەكپۆش بن، كەس لەگەڵ كەسی دیكە جیاوازی نەبێت لەناو زینداندا بەتایبەت بۆ پاكوتەمییزی ناو زیندان، كەبەپێی رێكخراوی نێودەوڵەتی و ئەو رێكخراوانەی بەردەوام سەردانی زیندانیانی ئاسایش دەكەن، ئەو جۆرە لەجلوبەرگ رێگەپێدراوە ئاساییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار