لەبارەی كەمیی دەرمانەوە هۆشداری دەدرێتە حكومەت

تەندروستیی سلێمانی: تا سەری مانگ كێشەی كەمی دەرمان چارەسەر نەكرێت كارەسات روودەدات

3 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

كێشەی نەمان و كەمبوونەوەی دەرمان لەنەخۆشخانە گشتییەكانی سلێمانی بەردەوامیی هەیە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت: «تاسەری مانگ چارەسەرنەكرێت كارەسات روودەدات».

بەپێی بەدواداچوونەكانی  كە لەوەزارەتی تەندروستی دەستی كەوتووە، لە 18 ملیار دیناری بودجەی كڕینی دەرمان بۆ سلێمانی لەساڵی 2021 زیاتر لە 12 ملیاری لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە خەرج نەكراوەو ئەوەش وای لەكۆمپانیاكان كردووە دەرمانی دیكە نەدەنە نەخۆشخانەكان.

حكومەتی عێراق 30٪ی دەرمانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات، ئەوی دیكە حكومەتی هەرێم لەڕێگەی تەندەرەوە داویەتی بەچەند كۆمپانیایەك و ئەوان بۆ وەزارەتی تەندروستی دابینی دەكەن.

تەندەرەكە ساڵانەیە، ئەو دەرمانانەی كە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكانن لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەر شارێك 30٪ دابین دەكرێت، بۆ نموونە دەرمانی نەخۆشییەكانی شەكرەو فشاری خوێن، بەڵام دەرمانی شێرپەنجە سندوقێكی خێرخوازی بۆ دابینكراوە و لەسەر بودجەی گشتی نییە.

لەسلێمانی 37 كۆمپانیای دەرمان، بۆ سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دەرمان دەهێنن و لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە گرێبەستیان لەگەڵدا كراوە.

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت:» كێشەی كەمی دەرمان پەیوەندی بەوەزارەتی داراییەوە هەیە».

هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت : «كێشەكە لەوەزارەتی داراییەو بەڕێوەبەرێكی گشتی لەوێ كێشەكەی دروستكردووە كە پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان دوادەكەوێت، بۆ چارەسەری كێشەكەش تاڕێنماییەكەی وەزارەتی دارایی نەگۆڕێت كە چەندین جار بەڵێندراوە، ئەم كێشانە بەردەوام دەبێت».

هێرش سەید سەلیم، وتیشی: «بۆ ئایندە كێشەی گەورە دروستدەبێت، پێشتر لەهەفتەیەكدا حكومەت 20٪ی پارەی كۆمپانیاكانی دەرمانی دەدا، بەڵام ئێستا كردوویەتی بەمانگی جارێك و لەگەڵ دابەشكردنی مووچەدایە».

هەروەها جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی پێیوابوو كە تائێستا تەنیا تەندروستی سلێمانی دەنگی دێت و كێشەی هەیە، وتیشی:»دڵنیام تەندروستی هەولێرو دهۆكیش ئەو كێشەیەیان هەیە، بەڵام دیارە جیاوازی لەتەندەردا هەیەو خەڵكی دیكە بەهانایانەوە چووە».

«كۆمپانیاكانی سلێمانی كە دەرمان دەهێنن كۆمپانیای گەورە نین، كۆمپانیاكانی هەولێر گەورەن، ئەوانیش كێشەی پارەیان نییە، گرنگ ئەوەیە دەرمانەكە ساغ بكەنەوە»، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وای وت.

هاوكات، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكرد كە هەتا 1/2/2022 كێشەكە چارەسەر نەكرێت كۆگاكانیش دەرمانی تێدا نامێنێت و دەرمانەكانیش دەرمانی رۆژانەن و كارەسات دروستدەكەن».

سەرچاوەیەك لەنەخۆشخانەی شار لەسلێمانی كە پێی باش نەبوو ناوی بهێندرێت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ساڵێك دەبێت كێشەی كەمی دەرمانمان هەیەو ناچارین بەنەخۆش بڵێین لەدەرەوە دەرمان بكڕێت، چونكە زۆرێك لەدەرمانەكان نەماون و لەنەخۆشخانەكانی دیكەش بەهەمان شێوەیە».

لەلایەكی دیكەوە، هەمزە رەزیكی وتەبێژی تەندروستی دهۆك ئەوەی خستەڕوو تائێستا هیچ كێشەیەكیان لەنەبوونی دەرمان نییە و پێشتریش ئەو كێشەیە دروست نەبووە.

هاوكات بژار موسا، وتەبێژی تەندروستی هەولێر، رەتیكردەوە وەكو تەندروستی هەولێر تائێستا كێشەی نەمان و كەمی دەرمانیان هەبێت.

لەدوایین لێدوانیدا، د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی ساڵی نوێ گرێبەستی نوێ لەگەڵ كۆمپانیاكان ئەنجامدەدەن حكومەتی هەرێم  وەك بەڵێنیان پێداون بابەتی نەختینەی دەرمان لەبەرچاوبگرن تاكۆمپانیاكان بتوانن دەرمانیان بۆ دابین بكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار