زارا؛ لەپێناو زمانی كوردی پێشڕەوی بزاوتێك دەكات

كوردی، ئەو زمانەی لەتوركیا قەدەغەیەو لەئێرانیش فەرامۆشكراوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

زمانی كوردی لەعێراق فەرمییە، لەتوركیا تائێستا قەدەغەیەو لەئێرانیش فەرامۆشكراوە، تەنیا لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 1991 بەدواوە  لەناوەندەكانی خوێندن بەزمانی كوردی دەخوێنرێت.

نەتەوەیەكگرتووەكان رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێكی بۆ رۆژی زمانی دایك تەرخان كردووە، لەجیهاندا زیاتر لە 10 هەزار زمانی جۆراوجۆر هەیە، كۆمەڵێك لەو زمانانە بەزمانی سەرەكی دادەنرێت، هەندێكیشیان بەرەو لەناوچوون دەچن.

زمانی كوردی یەكێكە لە زمانە زیندووەكانی جیهان و بەسەر سێ شێوە زاری كرمانجی ژووروو، كرمانجی ناوەڕاست و كرمانجی خواروو دابەش بووە.

لەئێران هەرچەندە زمانی كوردی قەدەغە نییە، بەڵام لەناوەندەكانی خوێندن ناخوێنرێت و فەرامۆش كراوە، بەمدواییە چالاكوانی كورد زارا محەمەدی مامۆستای زمانی كوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی نۆژین سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

 رۆژی 8/1/2022  بۆ بەسەربردنی سزاكەی چووە بەردەم دادگای سنە، ژمارەیەكی زۆر لەهاوڕێیانی زاراو چالاكوانانی شارەكەش، لەبەردەم دادگا گردبوونەوە بۆ ماڵئاواییكردن لە زارا.

زارا لەبەردەم زیندانی سنە رایگەیاند: «بەقەد هەموو ئەو چركانەی لەبەندیخانە دەبم قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە».

هەروەها زارا، بە تۆمەتی ئەندامیەتی لەحزبە كوردییەكاندا پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام پارێزەری زارا محەمەدی دەڵێت:» زارا تەنها لەبەر چالاكی مەدەنی و فێركردنی زمانی كوردی ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنراوە و پەیوەندی بەحزبە كوردییەكانەوە نییە».

رێكخراوەكانی پەروەردەو زمان، كۆمەڵگەی مەدەنی و حزبە كوردییەكانی باكوری كوردستانیش، هەڵمەتی پاڵپشتیكردنیان بۆ خوێندن بەزمانی كوردی دەستپێكردووە.

 وەزارەتی پەروەردەی توركیا وادەیەكی بۆ وانەی بژاردە دەستنیشان كردووەو 21ی ئەم مانگە كۆتایی پێدێت، نزیكەی دوو هەزار دەرچووی كۆلێژەكانی بەشی زمان و ئەدەبیاتی كوردی هەیە، بەڵام بەهۆی كەمی خوێندكاری خوێندنی زمانی كوردی، تەنیا 79 مامۆستای زمانی كوردی دامەزراون.

ئەگەرچی 10 ساڵە رۆژئاڤای كوردستان بەدەست جەنگی ناوخۆیی سوریاو پەلامارەكانی توركیاوە گیرۆدە بووە، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی كانتۆنەكان، زمانی كوردی گەڕایەوە ناو مامەڵەی رۆژانەو بووە زمانی فەرمی دامودەزگاكانی رۆژئاڤاو لەزانكۆی كۆبانێ وەك وانەو پرۆگرام چووە سیستەمی خوێندنەوە.

زمان هۆیەكە بۆ ئاخاوتن و مامەڵەكردن لەنێوان دانیشتوانی وڵاتێك یاخود ناوچەیەكی دیاریكراو، هۆیەكیشە بۆ پەیوەندی و پێكەوە گرێدانی دانیشتوانی دەوڵەتەكە لەناوخۆیاندا، كلیلێكە بەهۆیەوە دەتوانرێت كەلتوری ئەو نەتەوەیە بناسرێت.

زمانی سۆمەریەكان كۆنترین زمانە لەدەشتی لیتەییداو بگرە لەتەواوی جیهاندا كەبەخەتی مێخی (بزماری)  نووسراوە، وتەی بیرمەندێكی ئینگلیزی هەیە دەڵێت: «نەتەوەیەك ئەگەر ژێردەستەش بێت، توانیبێتی زمانەكەی خۆی بپارێزێت، وەكو زیندانیەك وایە كە كلیلی زیندانەكەی بەخۆی بێت.

زمانی كوردی زمانێكی سەربەخۆو تەواوە لەڕووی وشەو زاراوەو داڕشتن زۆر جیاوازە لەزمانی فارسی، راستە ئەم دوو زمانانە نزیكن لە یەكتریەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە هەردوو زمانەكە هاوڕەگەزن و لەخێزانی زمانە هیندۆ ئەوروپییەكانن، واتە سەر بەڕەگەزی ئاریین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار