هەڵئاوسان، ئابووریی توركیا وێران دەكات

حکومەتی تورکیا ئاماری راستەقینەی هەڵئاوسان دەشارێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: جەزیرەی ئینگلیزی

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

لەدوکانێکی وشکەفرۆشی لەگەڕەکی باڵاتی ئەستەنبوڵ، خاوەنی دوکانەکە بەناوی سەلامەت، پشوویەکی کەمی وەرگرت و باسی شتێکی بۆ کردین کە لەئێستادا کاریگەری لەسەر تەواوی خەڵکی تورکیا داناوە، ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی خواردنە.

«هەندێک شت وەک ئەوانی تر نرخەکانیان بەرزنەبووەتەوە چونکە بەرهەمهێنانیان لەگەڵ نرخدا زیادی کردووە، بەڵام هەندێک شتی تر، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر دەکڕدرێن زۆر زیاتر نرخەکانیان بەرزبووەتەوە»، سەلامەت ئەمەت وت.

سەلامەت وتی نرخی ئەو سەوزانەی زۆر دەكڕدرێن لەسەدا ٥٠ بەرزبوونەتەوە وەک پەتاتە، پیاز، باینجان، نۆک، هەروەها سەوزەکانی تر.

خواردن تەنها شت نییە کە بەشێکی زۆری داهاتی بەکاربەرانی تورکیای هەڵلوشیوە. ئەو دەزگا حکومیەی بەرپرسە لە چاودێریکردنی هەڵئاوسان – پەیمانگەی ئاماری تورکیا (یان بە تورکستات) ناسراوە – هەفتەی پێشوو رایگەیاند پێوانەی نرخی بەکاربەر، کە پێوانەی گۆڕانکاری نرخ دەکات لە سەبەتەیەکی زۆرترین ئەو خواردن و شتانەی لەلایەن بەکاربەرەوە دەكردڕێن، بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لەسەدا ٣٦٪ لە مانگی رابردوودا بە بەراورد بەساڵی رابردوو.

ئەم بەرزبوونەوەیە بەرزترین هەڵکشانی هەڵئاوسانە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا، بەڵام سەلامەت پێیوایە ئەو رێژەیە ئەو دۆخە سەختەی کە ئەوو کڕیارەکانی تێیکەوتوون بەهەند وەرنەگرتووە.

«دەبێت تورکستات خۆیان ئەو بەرهەمانەیان هەڵبژاردبێت کە لە ئامارەکاندا بوونیان هەیە یان ئەو بازاڕانەی کە چوون بۆ تۆمارکردنی نرخەکان، دواجار ئەوان دەزگایەکی حکومین  و ئەگەر بڵێن هەڵئاوسان زۆر بەرزترە، ئەوا دەبێت حکومەت مووچەی زیاتر بدات بەکارمەندان و خانەنشینان».

ئەو تەنها نییە لەو جۆرە بیرکردنەوەیەدا. دەزگای راپرسی میترۆپۆڵ لەهەفتەی رابردوودا راپرسییەکی ئەنجامداو دەرکەوت لەسەدا ٩٠ی ئەوانەی وەڵامی راپرسییەکەیان داوەتەوە پێیانوایە هەڵئاوسانی ساڵانە نزیک بووەتەوە لە لەسەدا ٥٠ یان زیاتر. زیاتر لە لەسەدا ٦٠یش پێیانوایە هەڵئاوسان لەسەدا سەد یان زیاتر بەرزبووەتەوە.

هەڵسەنگاندنی لایەنی ناحکومیش پاڵپشتی لە بیرکردنەوەی رای گشتی دەکات. گروپی توێژینەوەی هەڵئاوسان (ئینا گروپ)، کە پرۆژەیەکی ئەکادیمیە و لەساڵی ٢٠٢٠ەوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ چاودێری گۆرڕنی نرخ دەکات، هەموو مانگێک دوای تورکستات پێوانەی نرخی بەکاربەر بڵاو دەکاتەوە.

بەپێی خەمڵاندنی ئینا گروپ، هەڵئاوسانی ساڵانەی تورکیا لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە لەسەدا ٨٢.٨٪، ئەمەش دوو ئەوەندەی ئەو رێژەیەیە کە لایەنی فەرمی بڵاوی کردووەتەوە.

تورکستات سوورە لەسەر ئەوەی پێوانەی نرخی بەرکاربەری خۆی بەوردی پێوانەی هەڵئاواسان دەکات. ساڵی رابردوو، سکاڵای لەسەر ئینا گروپ تۆمارکرد بەتۆمەتی ئەوەی ئەو دەزگایە رای گشتی بەلاڕێدا دەبات.

ئیبراهیم کەراتاش، ستووننووسی رۆژنامەی رۆژانەی سەباح  و بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای راپرسی ئەنار، دەڵێت تورکستات هۆکاری خۆی هەیە کە نیگەران بێت لەسەر ئەوەی چ پێوانەیەک ورد بێت و چ پێوانەیەک ورد نەبێت.

کەراتاش دەڵێت تەرکیزی زۆری خەڵک لەسەر هەڵئاوسان دەکرێت پیوانەکانی تورکستات تێکبدات، چونکە پێوانەی دەزگا حکومییەکە رەنگدانەوەی واقیعە و پێوانی نرخی بەکاربەر بە تێکڕایی ناتوانێت بەوردی هەڵسەنگاندن بۆ نرخ بکات.

«ئێمە تەنها سەیری ئەو نرخانە دەکەین کە بەرز دەبنەوە چونکە ئەوانە سەرنجت رادەکێشن، کاتێك نرخی شتێک کەمە، تۆ وەک حاڵەتێکی ئاسایی دەیبینیت، بەڵام کاتێک بەرز دەبێتەوە کاردانەوەت بەرامبەری دەبێت»، کەراتاش وای وت.

دابەزینی لیرەو هەڵئاوسان

هەڵئاوسان لە تورکیا بەهۆی دابەزینی بەرچاوی لیرەوە خراپتر بووە کە لەساڵی رابردوودا لەسەدا ٤٠%ی بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا لەدەستدا.

دابەزینی لیرە لەسێ مانگی کۆتایی ٢٠٢١ بەهۆی ئەو زنجیرە کەمکردنەوەیە بوو کە لە سوودی قەرزی بانکەکان روویدا لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کە بە سەرکردایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک تورکیاوە ئەنجامدرا. ئەدرۆغان پێیوایە سوودی کەمتری قەرزی بانکەکان دژی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان دەوەستێتەوە – ئەم بۆچوونە دژی تیۆری ئاسایی ئابورییە کە پێیوایە کەمی سوودی قەرز فشاری نرخ بەرزتر دەکات.

ئەردۆغان هەفتەی رابردوو رایگەیاند «ئێمە غەمبارین کە هەڵئاوسانی ساڵانەمان گەیشتووەتە لەسەدا ٣٦%، بەڵام وەک ئەوەی کە توانیمان هەڵئاوسان بگەیەنینە لەسەدا ٦٪، دیسان سەرکەوتنەکەمان دووبارە دەکەینەوە و پارێزگاری لە هاووڵاتیانی تورکیا دەکەین.»

بۆ هێوکردنەوەی زیانەکانی بەرزبوونەوەی نرخ، لەم مانگەدا حکومەت کەمترین مووچەی بە لەسەدا ٥٠ بەرزکردەوە. لەکۆتایی مانگی رابردووش، حکومەت هەڵمەتێکی راگەیاند بۆ پاراستنی بەهای لیرە بەوەی کە هەر هاووڵاتییەک بە لیرە پارەکانی دابنێت لە بانکدا حکومەت قەرەبووی زیانەکانی بۆ دەکاتەوە ئەگەر بەهای لیرە زیاتر دابەزی، بەمەش هەڵگرتنی لیرە گەیشتە ٨٤ ملیار لیرە (شەش ملیارو ٢١ ملیۆن دۆلار) لە بانکەکاندا.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، زیاتر لەسەدا ٦٠ی هەژماری بانەکەکان لەوڵاتەکەدا دراوی بیانیان تێدایە وەک دۆلار یان یۆرۆ. بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەش لەوڵاتەکەدا هاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی. باج لەسەر کارەبا  بەرزبوویەوە بۆ لەسەدا ١٢٥٪ بۆ یەکە بازرگانییەکان و لەسەدا ٥٠٪ بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون. نرخی غازی سروشتیش لەسەدا ٥٠ بەرزبوویەوە بۆ یەکە بازرگانییەکان و لەسەدا ٢٥٪یش بۆ یەکە نیشتەجێبوونەکان. جگە لەمانەش، نرخی گواستنەوەی گشتی لە ئەستەنبوڵ لەسەدا ٣٦ بەرزبووەتەوە.

سیاسەت و هەڵئاوسان

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ئەو جیاوازییەیان قۆستووەتەوە کە لەنێوان ئاماری هەڵئاوسانی تورکستات و رای خەڵک و شارەزایاندا دروست بووە.

عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و گەشەیە، تورکستاتی بە «پەیمانگەی گۆڕانکاری ژمارەکان» ناوبرد دوای ئەوەی دەزگاکە ئاماری خۆی لەسەر هەڵئاوسان بڵاوکردەوە.

مانگی رابردوو لەکاتی پەخشی تەلەفزیۆنیدا، کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە)، ویستی سەردانی ئۆفیسی تورکستات بکات لە ئەنقەرەی پایتەخت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی هەڵئاوسان بکات لە دەزگاکەدا، بەڵام نەیتوانی و دوورخرایەوە.

پێوانە سەربەخۆکانی هەڵئاوسانیش رووبەڕووی چاودێری حکومەت بوونەتەوە. لە ئێستادا ئینا گروپ رووبەڕووی لێکۆڵینەوەیەک بووەتەوە لەلایەن بەرپرسانی وڵات دوای ئەوەی تورکستات رایگەیاند ئینا گروپ سەر لە رای گشتی دەشێوێنێت.

ئینا گروپ دەڵێت پێوەری هەڵئاوسانی دەزگاکەی خزمەتێکی گرنگی خەڵک دەکات.

«ئێمە دەستمان بەم پرۆژەیە کرد، چونکە پێمانوابوو بەشێکی ون بوو هەیە لە چیرۆکەکەدا»، فەیسەڵ ئولوسۆی، پرۆفیسۆری ئابوری لەزانکۆی یەدیتەپە لە ئەستەنبوڵ وای وت کە سەرۆکی دەزگاکەشە لەهەمانکاتدا.

«هەموو رۆژێک دەتوانین پێوانەی قەرزی بانکەکان یان بۆرسەی ئەستەنبوڵ یان بۆرسەی واڵ ستریت بکەین، بەڵام ئەوەی ون بوو رێژەی هەڵئاوسانی رۆژانە بوو».

ئولۆسۆی دەڵێت تیمەکەی کە پێکهاتوون لەچەندین ئابووریناس و ئەندازیار، بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری بەکاردەهێنن کە رۆژانە ٢٥٠ هەزار خاڵی نرخ لە تاک فرۆشەکانی تورکیا کۆدەکەنەوەو مانگاش ژمارەکە دەگاتە ٧٠٠ ملیۆن.

ئەم دەزگایە هەمان رێگەشێواز بەکاردەهێنێت کە تورکستات بەکاری دەهێنیت. نرخەکان پۆلێن دەکرێن بۆ بەشی خواردن، گواستنەوە، پەیوەندی، تەرفیهی، هەروەها کلتور. هەر پۆلێک دواتر پێوانە دەکرێت لەبەرامبەر ئەوەی چەندێك بەکاربەر پارە سەرف دەکات تێیدا بۆ کۆکردەوەی سەبەتەیەکی کاڵاو خزمەتگوزاری – بۆ نموونە: لەسەدا ٢٦% بۆ خواردن، لەسەدا ١٦% بۆ گواستنەوە. لەکۆتاییدا نزیکەی لەسەدا ٢٠٪ی نرخی سەبەتەکان راستەوخۆ لە تورکستاتەوە وەردەگیرێت، بۆ بەرهەمی وەک خواردنەوە کحولییەکان یان تەندروستی یان تێچووی خوێندن کە هەموویان لەلایەن حکومەتەوە رێکدەخرێن.

ئەتیلا یەشیلادا، ئابوریناسێکی تورکی، دەڵێت حکومەت چەندین هاندەری لەبەردەمدایە تاڕیژەی هەڵئاوسان بەکەمی بهێڵێتەوە – و بۆ دروستکردنی ئاستەنگی بۆ پێوانەکانی تری وەک ئینا گروپ – چونکە مووچەی کەرتی گشتی و خانەنشینان راستەوخۆ بە پشتبەستن بەئاستی هەڵئاوسان حساب دەکرێت، هەر بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی هەڵئاوسانی فەرمیدا، لەکۆتاییدا خەرجی لەسەر حکومەت زیاددەکات.

یەشیلادا باس لەوەش دەکات، هەرچەندا رەنگە کەمی ئاستی هەڵئاوسان ئاماژەیەک بێت بۆ چاودێرانی دەرەوەی تورکیا کە ئابوری وڵاتەکە هێندە خراپ نییە کە باس دەکرێت، بەڵام بیرکردنەوەی خەڵک لەناو تورکیادا ناتوانرێت بەو ئاسانییە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

«ئێمە لەتورکیا لەگەڵ هەڵئاوسان دەژین، گەورەترین بەش کە پارەی تێدا خەرج دەکەین خواردن و کرێ و گواستنەوەیە و ئەمانەش ئەو جۆرە نرخانە لەخۆدەگرن کە بەکاربەر رۆژانە یان مانگانە رووبەڕووی دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر درۆیان لەگەڵ بکەیت، ئەوە زۆر دیارو ئاشکرا دەبێت، وادەکات متمانە بە ئەردۆغان و پارتی ئاکەپە لاواز ببێت»، یەشیلادا وای وت.

یەشیلادا هۆشداری ئەوەشیدا کە بیرکردنەوەی خەڵکیش نرخەکان بەرز دەکاتەوە. «ئەگەر خەڵک وابیر بکاتەوە هەڵئاوسان نزیکە لە لەسەدا ١٠٠٪، ئەوا هەر کەسێک توانای قۆستنەوەی هەبێت، وا مامەڵە دەکات لەهەڵئاوسان لەسەدا ١٠٠٪»، یەشیلادا وا دەڵێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار