لاڤرۆڤ چەند نهێنییەك لەبارەی پەیوەندی روسیا و ئەمریكا لەگەڵ كوردانی رۆژئاوا ئاشكرادەكات
ئایا سێرگی لاڤرۆڤ وتوویەتی دەبێت كوردانی رۆژئاوا سود لەئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرن؟
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا دەڵێت پێویستە كوردانی سوریا سود لەئەزموونی گفتوگۆی حكومەتی هەرێم و عێراق وەربگرن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی سوریا، بەڵام چەند میدیایەكی كوردی بەشێوەیەكی دیكە هەواڵەكەیان بڵاوكردەوە.
دوێنێ چەند میدیایەكی كوردی هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندووە،دەبێت كوردانی سوریا سود لە ئەزموونی كوردەكانی عێراق وەربگرن، بەڵام ڕاستی وتەكانی سێرگی لاڤرۆڤ بەشێوەیەكی دیكەیە و وتوویەتی پێویستە چۆن كوردەكانی عێراق دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكەن كوردانی سوریاش گفتوگۆ لەگەڵ حكومەت بكەن.
پێگەی ئاڕتی عەرەبی، كە كەناڵێكی فەرمی ڕوسیایە، دەقی قسەكانی سێرگی لاڤرۆڤی بڵاوكردووەتەوە و تەواو جیاوازە لەوەی میدیاكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارتی بڵاویانكردەوە، بەوەی گوایە وەزیری دەرەوەی روسیا ڕایگەیاندووە كە دەبێت كوردانی رۆژئاوای كوردستان سود لە ئەزموونی كوردانی هەرێمی كوردستان وەربگرن.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا ڕایگەیاند: مۆسكۆ لەپەیوەندیدایە لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و بەرپرسانی كورد تا پێویستی گفتوگۆیان لەگەڵ حكومەتی سوریا بۆ ڕوونبكاتەوە سەبارەت بەو دۆخەی كوردەكان تێیدان لەناو دەوڵەتی سوریادا.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا وتیشی: حكومەتی سوریا خۆی دەبوێرێت و پارێزكارە بەرامبەر كوردەكانی سوریا و نایەوێت ئەو ئۆپۆزسیۆن بوونەی لەڕابردوو هەیان بووە بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە ڕابردوو تێپەڕێنن و پەیوەندییەك لەگەڵ دیمەشق بۆ داهاتوو دروست بكەن، بۆ ئەوەش سود ببینن لە ئەزموونی عێراق.
لەدرێژەی قسەكانیدا سێرگی لاڤرۆڤ وتویەتی: دووساڵ لەمەوبەر كاتێك سەردانی هەولێر و پاشان دیمەشقی كردووە، بۆچوونی ئەوەی لادروست بووە كە پێویستە كوردەكانی سوریا لەگەڵ كوردانی عێراق هەماهەنگی بكەن تا سود لەئەزمونی ئەوان وەربگرن كە چۆن پەیوەندیەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەرەوپێش بردووە.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئەوەشی خستووەتەڕوو: دۆسیەی كورد لە سوریا ئێستا یەكێكە لە ئاستەنگەكانی گفتوگۆی گشتگیری سوریەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئەو وڵاتە، ئەو لیژنە دەستورییەش كە گفتوگۆكانی لەجنێفی سویسرا بەڕێوەدەبات چەند ئەندامێكی كوردی تێدایە بەڵام نوێنەرایەتی هەموو كوردەكانی سوریا ناكەن.
سێرگی لاڤرۆڤ ئاشكرایكردووە: كوردەكانی سوریا كاتێك ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەناكاو بڕیاری كشانەوەیدا لەسوریا بەخێرایی پەیوەندییان بە روسیاوە كردووە و داوایان كردووە هاوكارییان بكات لەوەی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بكەن، بەڵام وەك وەزیری دەرەوەی روسیا دەڵێت كاتێك ئەمریكا لەبڕیارەكەی پاشگەزبووەتەوە كوردەكانیش بێدەنگییان كردووە لەوەی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی سوریا بكەن.
لەكۆتایی كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا سێرگی لاڤرۆڤ دەڵێت: پێویستە كوردانی سوریا دوو بڕوانن گومان لەوەدا نییە كە ئەمریكیەكان چارەنوسی سوریا دیاری ناكەن.