نێچیرڤان بارزانی؛ نێوەندگیریی یەكێتی‌و پارتی دەكات

پارتی: یەكێتی دەبێت تەحەمولی دەرئەنجامی كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بكات

3 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

مانۆری سیاسی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتیدا دەستپێدەكات تا بەڕێككەوتن كاندیدی كورد بۆ ئەو پۆستە یەكلابكرێتەوە.

پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بووەتە خاڵی ناكۆك لەنێوان یەكێتی و پارتی، بەرپرسێكی ئەو حزبە دەڵێت یەكێتی دوو بژاردەی لەبەردەمدایە یان رێككەوتن لەگەڵ پارتی  یاخود ئەگەر وەكو 2018 بەرهەم ساڵح كاندید بكاتەوە دەبێت تەحەمولی ئەنجامەكەی بكات.

رۆژی 9ی كانونی دووەمی 2022 كۆبوونەوەی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو تێیدا سەرۆك و جێگری یەكەم و دووەم هەڵبژێردرێت ئەوەش پاش رێككەوتنی هەریەك لە موقتەدا سەدر لەشیعەكان و مەسعود بارزانی وەك لایەنی كوردی  و محەمەد حەلبوسی وەك سوننەكان.

رۆژی 9ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، ماوەی مانگێك دیاری كراوە بۆ پێشكەشكردنی كاندیدانی سەرۆك كۆمار تائێستاش چەندین كەس خۆیان پاڵاوتووەو تەسلیمی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیان كردووە.

 هاوژین عومەر، راوێژكاری، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی  وت :»ئەوەی كە هەیە تائێستا بەرهەم ساڵح پاڵێوراوێكی بەهێزی یەكێتییە بەپێی لێدوانەكانی خۆیان، ئەویش كەسایەتییەكی قبوڵكراوەو جگە لەپارتی هیچ لایەنێك ڤیتۆی لەسەر نییە، جا شەقام بێت یاخود لایەنە سەربەخۆكان، ئەوەی پارتیش زیاتر شتێكی شەخسییە».

هەروەها پێشیوابوو لەچوار ساڵی رابردوودا بەرهەم ساڵح یاریزانێكی باش بووە بۆیە لایەنە نێودەوڵەتیەكانیش لێی رازین، وتیشی:»پرۆسەی سیاسی عێراق جوڵەی زۆری تێدایە چاومان لەسەر ئەوەیە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەی ماوە رێككەوتنەكان بەكوێ دەگەن، بەڵام ئەوەی كە هەیە دانانی ڤیتۆ لەسەر بەرهەم ساڵح سیاسەتێكی عەقڵانی نییە و زیاتر رقێكی كەسییە».

راوێژكارەكەی بەرهەم ساڵح ئەوەشی دووپاتكردەوە كە تائێستاش بەرهەم ساڵح، پشتیوانییەكی باشی هەیە لەناو پەرلەمانتاران و ئازادییەكی زۆریش هەیە لەناو پەرلەمانتاران زۆربەی زۆریان لەپرسە گرنگەكان پەیوەست نین بە كوتلەكانیان.

وەك ئەو راوێژكارەی سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت :»لەبەرئەوەی مافی كوردە ئەگەر رێكەوتن نەكرێت ئەو كاندیدانەی هەن دەچنە پرۆسەكەوە، دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامان نەك ئامادەبوان لەسەر كاندیدێك رازی بن كە ئەوەش نزیكەی 220 ئەندام دەكات، بۆیە پێموایە لەخولی یەكەمی دەنگداندا یەكلایی ناكرێتەوە، بەڵام دڵنیام بەرهەم ساڵح كاندیدێكی بەهێز دەبێت و ئەگەری بەهێزیش هەیە لەگەڕی دووەمیشدا بیباتەوە».

«واقیعی عێراق كراوەیە لەسەر هەموو سیناریۆكان و زۆرجار كێشەكان لەخولەكی كۆتاییدا یەكلایی دەكرێنەوە، ئەو ماوەیەی كە ماوە باشە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ رێككەوتن، ئەگەر نەشكرا ئەوە كاندیدەكان دەچنە كێبڕكێوە»، راوێژكارەكەی بەرهەم ساڵح وا دەڵێت.

بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی ، بەر لە چەند رۆژێك بەرهەم ساڵح پەیامێكی ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە و داوای لێكردوون وەك كاندیدی فەرمی یەكێتی بیناسێنن، بەڵام لەم هەفتەیەدا یەكێتی كۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێك بافڵ تاڵەبانی وەكو كەسی یەكەمی یەكێتی ئەوەی راگەیاندووە بەرهەم ساڵح كاندیدی سەرۆك كۆمار دەبێت.

رێزان شێخ دلێر، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكدا ئەوەی بۆ  دووپاتكردەوە كە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی یەكێتییە، وتیشی:» ئەم پرسە یەكلاكراوەتەوە».

تا ئێستا بەفەرمی لەناو یەكێتی هەریەك لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق و لەتیف رەشید وەزیری پێشتری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق خۆیان كاندید كردووە.

پێشتر لەتیف رەشید لەلێدوانێكدا  ئەوەی راگەیاندبوو : «بەرنامەی ئامادەكردووە و زۆربەی لایەنەكان پێیان باشە و جۆرێك لەهاوڕایی هەیە تا بكرێت بەسەرۆك كۆمار و پارتیش رازییە».

بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی ، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بافڵ تاڵەبانی راگەیاندووە كە پشتیوانی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكات بەو مەرجەی بەرهەم ساڵح نەبێت.

هەرچەندە لەتیف رەشید خۆی وەك كاندیدی یەكێتی ناناسێنێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكان یەكێتی دەیەوێت تا خولەكەكانی كۆتایی پێداگری لەسەر مانەوەی بەرهەم ساڵح بكات و بڕوا بە پارتیش بهێنێت.

سەرچاوەیەك لە سەركردایەتی یەكێتی كە نەیویست ناوی بهێندرێت ئەوەی بۆ هاوڵاتی  ئاشكرا كرد تا ئێستا یەكێتی سوورە لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو هەریەك لەئەمریكاو ئێرانیش پشتیوانیان كردووە، بەڵام پێویستی بە لێكتێگەشتن هەیە لەگەڵ پارتی تا یەكڕیزی كورد لەبەغدا درزی تێنەكەوێت.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە یەكێتی هێشتا دڵنیا نییە كاندیدكردنی هۆشیار زێباری لەلایەن پارتیەوە بۆ پۆستەكە بابەتێكی جددیە یان وەك كارتی فشار بەكاردەهێنرێت، بۆیە دەیەوێت تا دوا خولەكەكان پێداگری لەسەر مانەوەی بەرهەم ساڵح بكات لە ئەگەری رازینەبوونی پارتیش ئەوا لەتیف رەشید وەك كاندیدی یەكێتی خۆی دەناسێنێت.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە  «نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی دەستپێشخەرییەكی بۆ هەردوولا خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بكرێت و رێككەوتن بكرێت لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار و هاوكات بانگهێشتی حزبەكانی دیكەش بكرێت».

ساڵی 2018 یەكێتی بەرهەم ساڵحی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو لەبەرانبەردا پارتی فوئاد حوسێنی كاندید كرد، لەگەڕی یەكەمدا بەرهەم ساڵح نەیتوانی ببێتە سەرۆك كۆمارو لەگەڕی دووەمدا توانی متمانەی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەوەش نیگەرانی پارتی لێكەوتەوە.

هەروەها لەدەستدانی دوو كورسی پارتی پەرلەمانی عێراق لەهەولێرو نەینەوا لەهەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 چوونی ئەو دوو كورسیە بۆ یەكێتی، نیگەرانی پارتی لێكەوتەوەو پێیانوایە بەرهەم ساڵح رۆڵی هەبووە بۆیە بەهەر نرخێك بێت نایانەوێت جارێكی دیكە بەرهەم ساڵح بچێتە كۆشكی سەلام لەبەغداد.

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغداد بۆ هاوڵاتی  دەڵێت:» بەرهەم ساڵح كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت یەكێتی تەحەمولی ئەنجامەكەشی بكات».

شوان محەممەد، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لەبەغداد لەلێدوانێكدا بە وت: « وەكو پارتی دوو بژاردەمان خستووەتە بەردەم یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یان دەبێت رێككەوتن هەبێت، یان هەر كەسێك بۆخۆی بچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن، بەپێی ئەو رێككەوتنانەی هەیەو بەپێی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی دەرئەنجامەكە دیارە».

هەروەها شوان محەمەد وتیشی: »ئەگەر كاندیدی ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن لەناو پەرلەمان، دەرچوونی مسۆگەرە».

سەبارەت بەبوونی ڤیتۆ لەسەر دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن پارتییەوە، شوان محەمەد وتی»هەر لەسەرەتاوە كۆدەنگی كورد دكتۆر بەرهەم شكاندی، ئەمە رەنگە لەسەر كەسایەتی ئەو بەڕێزە نەبێت، بەڵام دەرچوون لە كۆدەنگی كوردی زەرەری لەماڵی كورد دا».

شوان محەمەد وتیشی :»یەكێتی ئەگەر بەتاك لایەنە وەكو 2018 بچێتە ناو هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمارو كاندیدەكەی بەرهەم ساڵح بێت ئەوە دەبێت ئەنجامەكەشی تەحەمول بكات، ناكرێت خەڵكێكی دیكە بەبێ رەزامەندی پارتی و لایەنەكانی دیكە خۆی بەخاوەنی پۆستێك بزانێت».

پێشتریش ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بەمیدیای حزبەكەی وتبوو:» لەبارەی كاندید كردنی بەرهەم ساڵح، لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار هەڵوێستی پارتی بۆ خەڵك و یەكێتییش روونە».

ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوە كردەوە، «ناكرێت یەكێتی كە دەنگی یەكەمی كوردی نییە باسی ئەوە بكات كە دەبێت پۆستی سەرۆككۆمار بۆ ئەوان بێت و لەناو خۆشیاندا هەر كاندیدێك دیاری بكەن كە بیانەوێت، بۆچوونی ئەو حزبە وەرنەگیردرێت كە دەنگی یەكەمی هەیە».

تائێستا لەسەر ئاستی عێراق زیاتر لە 20 كاندید هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەناو كوردیشدا جگە لە بەرهەم ساڵح و د.لەتیف رەشید، پارتی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی كاندید كردووە بێجگە لەچەند كاندیدێكی سەربەخۆو حزبی كە داواكاری خۆیان پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار