«مووچە وەك خۆی دەمێنێتەوەو بێ لێبڕین دابەش دەكرێت»
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات و یەكێك لەتەوەرەكان پرسی دابەشكردنی مووچە دەبێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار و بەشدار لەكۆبوونەوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان نیازی ئەوەی نییە لەساڵی 2022 لێبڕینی مووچە دەستپێبكاتەوە و پێشتریش ئەوەی راگەیاندووە».
هەروەها وتیشی:»ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران بڕیارە لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەران و چەند پرسێكی دیكە كۆببێتەوە و دواتر ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا دەكرێت».
لەگەڵ ئەوەی نیوەی مانگی یەكی ساڵی نوێی 2022 تێپەڕیوەو چەند وەزارەتێك موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوویان وەرگرتووە، هێشتا چەند وەزارەت و دەستەیەك مووچەیان وەرنەگرتووە.
پەرلەمانتارێك لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» هیچ گرەنتیەك نیە بۆ دابەشكردنی موچە بەبێ لێبڕین».
شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بە لەلێدوانێكدا هاوڵاتی وت:» هیچ گرەنتیەك بۆ دابەشكردنی موچە بەبێ لێبڕین نیە».
ناوبراو وتیشی:» كەس ناوێرێت لەبری حكومەت ئەو قسەیە بكات كە بەردەوام دەبێت بەبێ لێبڕین یان نا، بەڵام ئەوە بەڵگەنەویستە پێویستە موچە وەك خۆی و بێ لێبڕین و بەسی رۆژ جارێك دابەش بكرێت».
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم كە نەیویست ناوی بهێندرێت ئەوەی ئاشكرا كرد كە» تائێستا هیچ بڕیارێك نەهاتۆتە وەزارەت بۆ دەستكاریكردنی مووچە، ئەوەندەی بزانین مووچە وەك خۆی دابەش دەكرێت».
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی دوپاتكردەوە:» كە 200 ملیارەكەی بەغدا بەردەوام بێت و نەبڕدرێت مووچە وەك خۆی بەبێ لێبڕین بەردەوام دەبێت».
سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا دڵنیایی دەداتە خەڵكی هەرێمی كوردستان لەبارەی بەردەوامی ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم.
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» تائێستا هیچ بڕیارێك بۆ وەستانی 200 ملیارەكە نیە».
ناوبراو وتیشی:» تا میزانیەی ساڵی تازە پەسەند دەكرێت شێوازێك دەدۆزرێتەوە بەو شێوەیەی خەڵكی هەرێمی كوردستان زەرەرمەند نەبێت».
محەمەد سەعدالدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە و لەبەرنامەیدایە ساڵی 2022 موچە بەبێ لێبڕین دابەش بكات، بەڵام هۆكاری دواكەوتنەكە دەگەڕێتەوە بۆ 200 ملیارەكەی حكومەتی بەغدا».
هەروەها باسی لەوەشكرد كە حكومەتی هەرێم لەهەوڵی ئەوەدایە لە بودجەی 2022دا پشكی هەرێم دیاری بكات تا مووچەو شایستە داراییەكانی موچەخۆران و فەرمانبەران مسۆگەر ببێت.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان وتیشی:» حكومەت بەدڵنیایەوە موچە لەمساڵدا بەتەواوی دابەشدەكات چونكە هەم داهاتی ناوخۆ زیادیكردووە و هەم نرخی نەوتیش بەرزبۆتەوە».
لەگەڵ ئەوەی هێشتا پرۆژە بودجەی 2022ی عێراق نەچووە بۆ پەرلەمانی عێراق بەهۆی پێكنەهێنانی حكومەتی نوێ، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت ئەم حكومەتەی ئێستا بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی رەشنووسی پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان بكات.
هاوكات، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق رایگەیاند، بەغدا رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022ی ئامادەكردووە، پشكی هەرێمی كوردستانیش وەكو ساڵی رابردووە، بەڵام بودجەكە زۆرەو لیژنەیەك بۆ كەمكردنەوەی دروستكراوە.
فازڵ نەبی، بەماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە، حكومەتی عیراق رەشنووسی بودجەی ئەمساڵ 2022ی ئامادە كردووە كە بڕەكەی نزیكەی 130 تریلۆن دینارەو ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئەوەی رێژەكە كەمبكاتەوە