ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن خێراتر لەڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەبێتەوە
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
مەزهەر كەریم
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن خێراتر لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەبێتەوە، بەڵام تا ئێستا مەترسییەكانی لەبارەی گیانلەدەستدان لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم شەشی ئەم مانگە پێنج حاڵەتی توشبوون بەڤایرۆسی ئۆمیكۆنی لەشاری دهۆك رایگەیاند كە سەرجەمیان ئەندامی یەك خێزانن بوون.
ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتیوت:» ئۆمیكرۆن وەك دەلتا نیە جیاوازە دوو شت بۆ ئێمە گرنگە یەكیان ڤاكسین لەسەر هەموو جۆرە گۆڕاوەكان كاریگەری هەیە دووەم خێرایی كاریگەریەكەیەتی، هێشتا لەهەرێم ئەوە ئاشكرا نەبووە ئاخۆ ئۆمیكرۆن كوشندەترە یان ڤایرۆسەكانی پێش خۆی لەهەوڵی تووێژینەوەو چاودێری وردداین».
وتیشی:»هیچ شتێكی تەئكیدو ئاشكرا نیە لەسەر جیاوازی ئۆمیكرۆنو دەلتا، ئەوەی كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە ئەو كەسانەی تووشی ئۆمیكرۆن دەبن ختورەیان زیاترەو خێراتر بڵاودەبێتەوە».
بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی خۆراك لەوەزارەتی تەندروستی دەڵێت:» ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون پاش شەش مانگ بەرگری لەشیان نامێنێت تووشی ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن دەبن».
ئاسۆ زەنگەنە بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیو سەلامەتی خۆراك لەوەزارەتی تەندروستی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دوو توویژینەوەی جیهانی باس لەوە دەكات ڤایرۆسی گۆڕاوی (ئۆمیكرۆن) لەبەشەكانی سەرەوەی سییەكان دەدات، بەڵام هەتا ئێستا رێكخراوی تەندروستی جیهانیو سەنتەری نەخۆشیە گوازراوەكان لەئەمریكا لەو تووێژینەوەدان تا ئێستا هیچیان لەو بارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە ئاخۆ ئۆمیكرۆن خەتەرترە یان ڤایرۆسەكانی پێش خۆی».
سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە لەپەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات وەك لیژنەكەیان هاوكاری وەزارەتی تەندروستیان كردووە تا جۆرە جیاوازەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دیاری بكرێت ڤاكسینی پێویستیان بۆ حاڵەتەكانی تووشبون دەستەبەر كردووە.
سەباح محمود، سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستیو ژینگە لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» بەردەوام چاودێری گۆڕاوەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنمان كردووە هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەبووە، بەڵام تائێستا كارمان لەسەر قورسیو سوكی جۆرە گۆڕاوەكانی كۆرۆنا نەكردووە بەتایبەت ئۆمیكرۆن».
وتیشی:» بەپێی زانیاریەكانمان ئۆمیكرۆن لەبەشی سەرەوەی هەناسەدان دەدات هێندەی ڤایرۆسەكانی پێش خۆی كوشندە نیە، تەنیا بۆ ئەو كەسانە مەترسیدارە كە نەخۆشی زەختو شەكرەو دڵیان هەیە یان كۆئەندامی هەناسەدانیان نەخۆشە، پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە بكەن».