بتڵێك غازی ماڵان لەبازاڕی رەشدا گەیشتووەتە 20 هەزار دینار

پشكی غازی ماڵان بۆ سلێمانی كەمبووەتەوەو قەیرانی دروستكردووە

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

قەیرانی غازی ماڵان لەسلێمانی سەریهەڵداوەو ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامەو لەبازاڕی رەشدا نرخەكەی گەیشتووەتە 20 هەزار دینار بۆ هەر بوتڵێك كە نرخی جێگری خۆی تەنها هەشت هەزارو 500 دینار بووە.

لەسلێمانی چەندین كارگەی غاز بوونیان هەیەو رۆژانە لەڕێگەی بریكارەكانەوە غاز بەگەڕەكەكاندا دەسوڕێتەوەو نرخەكەی تەنها هەشت هەزارو 500 دینارە، بەڵام ماوەی دوو هەفتەیە ئەوە نەماوەو دەبێت لەسێ شوێنی سلێمانی نۆرە بگریت تا بتڵێك غاز پڕبكەیتەوە.

قایمقامیەتی سلێمانی لەسێ شوێنی سلێمانی بەچاودێری هێزە ئەمنییەكان غاز دابەش دەكات كە هاووڵاتیان لەشەشی بەیانی نۆرە دەگرن بۆ پڕكردنەوەی تەنها یەك بتڵ، بەڵام لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفونی و لەبازاڕی رەشدا بە بیست هەزار دینار دەفرۆشرێت.

ئامانج خدر، بەهاوڵاتی وت:» ئەمە دووەم جارمە دێمە نۆرەی غازەوە، هەر جارەی بەچەند كاتژمێرێك لەنۆرەكەدا وەستاوم بەم وەرزی ساردو سەرمایە، بۆیە ئەمە هیچ مەعقول نیە، بمانەوێت بەپارەی خۆمان غاز بكڕین دەستمان نەكەوێت».

ئەم پیاوە چوار منداڵی هەیەو كاری شۆفێری پاسە، وتی:» لەوەتەی وەرزی زستان هاتووە، لەبێ نەوتیدا غاز بەكاردەهێنین بۆ گەرمكردنەوە، بۆیە تائێستا چوار بتڵم بە 18هەزار دینار كڕیوە».

خاوەنی كارگەیەكی غاز لەسلێمانی كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، ئاماژە بەوە دەدات زۆربەی بەشە غازی هەرێم بەرەو ئێران دەبرێت و دەڵێت:» حكومەت خۆی رێگەی پێدەدات».

خاوەنی ئەم كارگەی غازە، وتیشی:» سلێمانی 250 تۆن غازی بەردەكەوێت، 300 تۆنی دیكەیان داوەتێ بۆ بازرگانەكان، بەڵام، ئەو 300 تۆنە بەرەو ئێران و چەند ناوچەیەكی دیكە دەڕوات و حكومەت رێگری لێناكات».

خاوەنی ئەم كارگەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە یارمەتیان بدرێت غاز بەهەمان نرخی پێشوو دەفرۆشن.

بریكارێکی غازێك لەبەرئەوەی كارەكەی لەدەستنەدا نەیتوانی ناوی خۆی ئاشكرابكات، بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە:» لەئێستادا لە دەرەوەی شارەوە بەقاچاخ غازمان بۆ دەهێنن تا دەگاتە دەستی من 14 هەزار دەكەوێت، بۆیە من بە 18 تا 20 هەزار دەیفرۆشمەوە».

هەروەها باسی لەوەشكرد ساڵانی رابردوو رۆژانە 100 بۆ 150 بتڵ غازی فرۆشتووە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی نەبوونی بتڵی غازەوە رۆژانە 50 بۆ 70 بتڵی دەستدەكەوێت و وتیشی:» ئەوانەش تەنیا دەیگەیەنمە موشتەریەكانم بۆ ئەوەی لەدەستم نەچن».

ئاریان هیوا یەكێكە لەبریكارانی غاز فرۆشتن دەچێتە ناو كۆڵانەكانی سلێمانی، هێمای بۆ ئەوەكرد كەڕۆژانە تەنیا دەتوانێت 100 بتڵ غازی بەربكەوێت لەكارگەكان و وتی:» ئەو بڕە لەچاو ساڵاندا زۆر كەمترە، چونكە ساڵانی پێشوو رۆژانە 200 بتڵم وەردەگرت و دەمفرۆشت».

ئەم غاز فرۆشە باسی لەوەشكرد لەدەرەوەی شارەوە غازی بەدەست دەگات بەنرخێكی زیاترو وتی:» بۆ ئەوەی موشتەریەكانم لەدەست نەدەم بەهەمان نرخ دەیفرۆشمەوە كە زەرەرێكی زۆری بۆ خۆم تێدایە».

هەموو بریكاری غازەكان لەكارگەكانی فرۆشتنی غازەوە رێژەیەكی بۆ دیاریكراوە كە رۆژانە غازی لێ وەردەگرێت بەحەوت هەزار و 500 دینارو لەبازاڕەكاندا بەهەزار دینار زیادە دەیفرۆشنەوە.

نرخی سووتەمەنی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەتایبەتیش غازی ماڵان جێگیر نییە، بەشێوەیەك نرخی بوتڵێك غاز دوو هێندە زیاد بووە، هاووڵاتیانیش داوا لەحكومەت دەكەن چاودێری بازاڕ بكات و نرخەكەی جێگیر بكات.

حەسەن یاسین، هاووڵاتیەكی ناو شاری سلێمانیە، ئاماژە بەوە دەدات، هەفتەیەكە غازفرۆشەكەی مەعمیلیان وەعدی پێداوە بتڵێكی بۆ پڕبكاتەوە بەڵام تائێستا دەستیان نەكەوتووە.

حەسەن یاسین وتیشی:» پێشتر لەبازاڕی سەرچنار بە نرخێكی زیادە بتڵم كڕیوە، رۆژ تا ئێوارە كرێكاری دەكەم بە 30 هەزار، كێ پێی رەوایە 20 هەزار بدەم بە بتڵێك غاز».

خاوەنی كارگەیەكی دیكەی غاز لەبەر لەدەستدانی كارەكەی ناوی لای هاوڵاتی پارێزراوە، ئەوەی ئاشكراكرد كێشەی سەرەكی كەمی غاز حكومەتی هەرێمە، چونكە بڕی ئەو باجەی لەبری وەرگرتنی غاز لەكەركوك وەریدەگرێت نایداتە بەغدا، بۆیە بەغداش غازی كەركوكی لەهەرێم بڕیوەو ئێستا تەنیا لەكۆرمۆرەوە غازیان پێدەگات بۆیە رێژەكەی كەمە.

ئەم خاوەن كارگەیە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە ئەمە كاریەتی و وتی:» تائێستا هیچ كێشەیەكمان نەبووە، بەڵام ئەمە تەنیا باجنەدانی حكومەت دروستی كردووە».

ئەوەشی روونكردەوە، ساڵان رۆژانە 10 بۆ 12 تەنكەر غازی هەبووە، بەڵام ئێستا كەمبووەتەوە بۆ هەشت تەنكەر.

هاوكات ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:"لەسلێمانی کێشەی کەمی ‌غاز بونی نیە چونکە پشکی پارێزگاکە بەراورد بە چەند مانگی رابردو لە 13 بەشەوە بۆ 15 بەش زیادکراوە، بەڵام هۆکاری کێشەی غاز پەیوەندی هەیە بە زۆری خواست لەسەر بەکارهێنانی غاز لەهەردو مانگی 1 و 2ی هەمو ساڵێکدا کە هاوکاتە لەگەڵ وەرزی زستان".

ئەوەشی خستەڕو، "کێشەکە پەیوەندی بە بەرپرسیاریەتی هاوبەشی هاوڵاتیان و حکومەتیشەوە هەیە، چونکە ناکرێت هاوڵاتی سێ بتڵی پڕ لە غازی هەبێت و هەوڵبدات بتڵی چوارەمیش پڕبکات و قەرەباڵغی دروست بکەن".

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار