لەماوەی دوو هەفتەدا؛ هەزارو 500 كەس لە ڕۆژئاڤای كوردستان بوونەتە پەنابەر لەهەرێمی كوردستان
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا چیتر پەنابەرانی رۆژئاڤای كوردستان لەكەمپەكان وەرنەگرێت و سنوری سمێلكا بە رووی رۆژئاڤای كوردستاندا داخراوە، بەرپرسێكی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێت:» لەماوەی دووهەفتەدا هەزارو 500 كەس هاتوونەتە هەرێمی كوردستانەوە».
دلاوەر بەهلەوی، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە ئوفیسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :» لەسەرەتای 2022 ەوە تا پێش چەند رۆژێك دەوروبەری هەزارو 500 كەس لە رۆژئاڤای كوردستان هاتوونەتە سنوری پارێزگای دهۆك، دوای گەیشتنیان بەشاری دهۆك گواستراونەتەوە بۆ كەمپی پەنابەرانی رۆژئاوا لەقەزای بەردەرەش، ئەو كەمپە تایبەتە بە حەواندنەوەی ئەو پەنابەرانەی كە تازە دێنە كوردستان، دوای جێگیربوونیان و تەواو كردنی مامەڵەكانیان پەنابەران ئازادن لەوەی لەناو كەمپدا بمێننەوە یاخود لە دەرەوەی كەمپ دەژین».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد ژمارەی پەنابەرانی رۆژئاڤا ئەوانەی لەناو كەمپدان 51 هەزار و 900 كەسن لەگەڵ ئەوانەی ئەمساڵ دەبنە 53 هەزار كەس، ئەو ژمارەیەش دابەشكراون بەسەر پێنج كەمپدا.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوو بڕیاری دەركردووە كە چیتر پەنابەرانی رۆژئاوا وەرناگرێت ، لەمبارەیەوە دلاوەر بەهلەوی وتی: « هەر لە رۆژی دەركردنی بڕیارەكە تا ئەمڕۆ هیچ پەنابەرێكی نوێمان وەرنەگرتووە و دەرگای سنور داخراوە، پێگیرین بە بڕیارەكەی حكومەت، ئێمە دەتوانین تا 15 هەزار پەنابەری دیكە وەربگرین و لەكەمپی بەردەرەش جێگریان بكەین «