نرخی نەوتی سپی و غازی ماڵان لەهەرێم بەرزدەبێتەوە
ئەمڕۆ نرخی دەبەیەك نەوت لە بازاڕەكانی هەرێم بە 15 هەزار دینار و نرخی بتڵێك غازی ماڵان بە 15 تا 18هەزار فرۆشراوە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
بەهۆی دابەشنەكردنی نەوتی سپی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاوڵاتیان پەنا دەبەنە بەر كڕینی نەوت بە دەبە كە لە ئێستادا نرخەكەی بەرزبووەتەوە.
ڕیبین مەولود، فرۆشیاری غاز، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" نەبونی غازی پێویست لە كارگەكاندا وایكردووە نرخەكەی لە بازاڕدا بەرزببێتەوە بە جۆرێك لەهەندێك شوێن تا 20هەزار دینار فرۆشراوە".
هاوكات خاوەنی كارگەیەكی غازفرۆشتن لە دهۆك ئاماژە بە ئەوە دەدات حكومەتی هەرێم هاوكاریان ناكات و وتی:" كەمی غاز وایكردووە لەلایەن هەندێك فرۆشیارەوە سوود لە هەلەكە وەربگیرێت و بەگران بگەیەنرێتە دەست هاوڵاتیان".
ئەم خاوەن كارگەیە كە نەیوست ناوی خۆی ئاشكرابكات ئاماژەی بۆ ئەوەكرد دوو ڕۆژە نرخی بتڵێك غاز لە بازاڕەكانی دهۆك بە 15هەزار دینار دەفرۆشرێت.
هاوكات نرخی نەوتیش لە بەرز بونەوەدایە و دەبەیەك نەوتی 20 لیتری بە 15هەزار دینارە.
حسێن، فرۆشیارێكی نەوتە و ئاماژە بەوە دەدات، خەڵكەكە بۆ خۆ گەرمكردنەوە تەنیا سەرچاوەی نەوتە، بۆیە نەوت گران بووە و نرخەكەی گەیشتوەتە 15هەزار دینار بۆ یەك دەبە.
ئەم فرۆشیارە وتیشی:" ماڵ هەیە لەبەر گرانی نرخەكەی وەك پێداویستی ڕۆژانە بە دەبە نەوت دەكرێت".
محەمەد حەسیب، بەرێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی رایگەیاند لە ئێستادا لەهەوڵدان كێشەی كەمی غازی ماڵان چارەسەر بكەن، وتیشی:" سلێمانی له 12 پشكهوه بۆ 15 پشك زیادی كردوه و دۆخهكه بهرهو باشبون دهڕوات، ههر پشكێكیش واته تانكهرێك كه له 20 تهن غاز پێكدێت، ههر تهنێكیش ههزار و 650 بتڵ غازه واتا رۆژانە زیاتر لە سێ هەزار بتڵ غاز زیادی كردووە".