کێبڕکێی سەرۆک کۆمار یەکڕیزیی کورد تێکدەدات

یەكێتی و پارتی دڵنیان لەدەرچوونی كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار

3 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

یەكێتی و پارتی دڵنیان لە دەرچوونی كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو هەریەكەیان لای خۆیانەوە خەریكی لۆبی كردن و دەنگ كۆكردنەوەن بۆ ئەوەی ببنە براوەی كێبڕكێكەیان لە بەغدا.

رۆژی سێشەممە 25-1-2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاریدا كە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق كە سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی تێیدا هەڵبژێردران و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد دەستووری و یاساییە.

بەپێی دەستووری عێراق، دوای مانگێك لەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، بەوپێیەش دەبێت 8-2-2022 سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرێت. 

لەكۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا بە زۆرینەی دەنگ بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی سەرۆك كۆمار یەكلاكرایەوەو ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ سووربوونی پارتی لەسەر نەكشاندنەوەی كاندیدەكەی كە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەیە.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەنە پارتیو یەکێتی کە بەهۆی پرسی سەرۆک کۆمارەوە یەکڕیزیی کورد لەبەغدا تێکدەچێتو ئەوەش دەرەنجامی نەرێنی بۆ سەر خەڵکی کوردستان لێدەکەوێتەوە.

هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئەمە پرۆسەیەكە وا رێكەوت كە بەڕێكەوتن نەبووە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی كوردی، كاندیدی دیكەی لایەنەكان هەیە، سەرەتا لەگەڵ پارتی پێكەوە هاتین بۆ بەغدا، وابڕیاربوو نەبینە بەشێك لەو كێشانەی لەناو ماڵی شیعە هەیەو بوەستین تا چارەسەری كێشەكانی خۆیان بكەن».

هەرێم كەمال ئاغا دەشڵێت :»ئێستا ئێمە كاندیدی خۆمان هەیەو كاری بۆ دەكەین ئەگەر سەركەوتنی بەدەستهێنا وەكو فەلسەفەكەی مام جەلال كاری لەسەر كردووە بۆ بەدەستهێنانی مافە بنچینەییەكانمان بەردەوام دەبین، لەگەڵ چەند لایەنێكیش لێكنزیكی لەبیروبۆچوون هەیەو پێیان وایە ئەو سیاسەتەی یەكێتی گرتوویەتیە بەر دروستە».

«پارتی هەموو بەرژەوەندییەكانی لەپۆستی سەرۆك كۆماردا دەبینێتەوە، بەڵام بیریان لەوە نەكردووەتەوە كوردستان هەرچی بەسەر دێت»، هەرێم كەمال ئاغا وا دەڵێت.

هاوكات، ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئێمە باوەڕمان بەتواناكانی یەكێتی لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسی و كاندیدەكەی خۆشمان هەیە كە سەركەوتوو دەبێت لەگەڵ فراكسیۆن و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كە دەنگ بدەن بە كاندیدەكەی یەكێتی لەدەرەوەی هەر فشارو رێككەوتنێك كە لیستەكانیان بیخەنە سەریان و رێككەوتنی پێشوەخت بكەن».

هەروەها پێشیوابوو پەرلەمانتارانی عێراق دەزانن پێویستە دەنگ بەكێ بدەن بۆ بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا دەنگ بەكاندیدی یەكێـتی و مۆدێلی تێڕوانینەكانی یەكێتی دەدەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی، وتیشی:» هەموو گرنگی یەكێتی لەم قۆناغەدا سەرخستنی كاندیدەكەیەتی، بۆیە هەموو هەوڵەكانمان بەو ئاڕاستەیەیە و زۆر گوێ بە ئەگەری دیكە نادەین لەم قۆناغەدا».

سەبارەت بە حزبەكانی دیكەی كوردستانی كە خاوەنی 14 كورسی پەرلەمانی عێراقن، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی روونكردەوە كە نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو گفتوگۆیان لەگەڵ دەكرێت كە دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی بدەن.

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا دەڵێت:» پارتی بە مافێكی شەرعی خۆی دەزانێت بچێتە كێبڕكێ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار».

شوان محەمەد، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئێمە وەكو پارتی بەمافێكی شەرعی خۆمان و بەسنگێكی فراوان دەچینە ئەو كێبڕكێیەی پۆستی سەرۆك كۆمار، لەبەرئەوەی یەكێتی نەهاتە ناو كۆدەنگی نیشتیمانییەوە».

هەروەها وتیشی:»ئێستا دوو رێگا هەیە یان دەبێت رێككەوتنی پێشوەخت هەبێت یاخود دەبێـت هەر لایەنێك بۆخۆی بچێتە ئەو هەڵبژاردنەوە».

بەرپرسی لقی پارتی لەبەغدا دەشڵێت :»دەرگای گفتوگۆ دانەخستن تەنها بە قسە نییە ئەگەر پێشوەختە بڕیاری دابێت ئەو پۆستە بۆ یەكێتییە ئەی دانەخستنی دەرگای گفتوگۆ مانای چییە؟، دەتوانین بڵێین یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق گەواهی ئەوەیە كە پارتی چەند پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە لە دانوستانەكاندا».

هێشتا فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ و یەكگرتوو خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوەو دەنگ بە كام كاندیدی سەرۆك كۆمار دەدەن، نەوەی نوێ لای خۆیەوە كاندیدی بۆ پۆستی سەركۆ كۆمار دیاری كردووە.

جەمال كۆچەر ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»تەنیا ئەوەندەیان بە ئێمە وتووە كە لەسەر ئەو پرسە قسە دەكەین ئێمەش وتمان هێشتا نەچووینەتەوە بەغدا، تا نەچینە ئەوێ و ناوی كاندیدەكان نەیەنە بەردەستمان بڕیاری خۆمان لەسەر ئەوە نادەین دەنگ بە چی كاندیدێك دەدەین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار».

هاوكات، سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت ب"ە هیچ شێوەیەك ئامادەنیم لەسەر ئەو پرسە قسە بكەم".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار