گرانیی نرخی غازو ئارد، نانەواو سەمونخانەكان ناچار بەداخستن دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گرانبوونی نرخی غازی ماڵان و ئارد بووە هۆی داخستنی بەشێك لەفڕنی سەمونخانەو نانەواخانەكان و داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەن كێشەی سووتەمەنی و نرخی ئاردیان بۆ چارەسەر بكەن، ئەگەرنا ناچارن بەتەواوی كاركردنیان رابگرن.

یاسین محێدین، خاوەنی نانەواخانەی دێرین لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات بەهۆی نەبوونی غازەوە، ماوەی سێ رۆژ نانەواكەی داخستووە و دەڵێت:» زیانێكی زۆرم كردووە، چونكە كرێی دوكان و شاگرد و وەستا لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا لە گیرفانی خۆم داومە».

خاوەنی نانەواخانەی دێرین، بە هاوڵاتی وت:» لەئێستادا زۆر بە گران غازمان دەستدەكەوێت، ئەوەش بووەتە كێشەیەكی سەرەكی بۆمان و ناچار بەگران غازەكە دەکڕین و قازانجی نابێت بۆمان».

هێمن جەزا، خاوەنی سەمونخانەی ماد لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەدات گرانی نرخی غازو دەستنەكەوتنی كێشەی بۆ دروستكردوەو وتی:» چەندین جار پەنامان بردووەتە بەر قایمقامیەت و داوای هاوكاریمان لێكردووە».

ناوبراو وتیشی:» ئێستا ئەوەی كێشەی سەرەكیمانە گرانبوونی نرخی ئاردیشە، كە بەهۆی سەرماو سۆڵەوە دەروازەكان هاتوچۆی راگیراوە و نرخی ئاردەكەش گران بووە».

ئەم خاوەن سەمونخانەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە دوكانەكەی تەنیا بەشی كرێكارو مەسرەفی رۆژانە دەردەكاتەوە و وتی:» هیچ قازانجێكم لێ دەستناكەوێت».

دیمەن رەزا، جێگری لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كۆبونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی نەوت و وزە كردووە و داوامان كردووە كێشەی كەمی غازی سنورەوكەمان بۆ چارەسەر بكەن و كێشەی خەڵكی كۆتایی بێت».

باسی لەوەشكرد بە زیادكردنی رێژەی پێویستی غاز بۆ پارێزگاكان كێشەی كەمی غاز چارەسەر دەكرێت و وتیشی:» بۆ ئەو مەبەستە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ كۆمپانیای سارپ كوردستان كۆدەبینەوە و بزانین كێشەكانی بەردەم زیادكردنی رێژەی غازی پارێزگاكان چیە و چۆن دەتوانرێت چارەسەر بكرێت».

هاوكات لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاردو گرانبوونی غاز ژمارەیەك فڕن و نانەواخانە داخران

ئاراس مەهدی، خاوەن نانەواخانەیەكە لە شاری دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە  ئێستا فەردەیەك ئارد بە 40 هەزار دینارەو پێشتر بە 20 هەزار دیناربووە» وا بڕوات منیش فڕنەكەی خۆم دادەخەم».

ئاراس وتیشی:»كەس حەزناكات دوكانەكەی خۆی دابخات، بەڵام ئەگەر هیچ قازانج نەكەین و كریێ دوكانەكە لەسەر حسابی خۆمان بێت ناچارین ئێمەش دایدەخەین».

ئەحمەد مەلا وەحید مزوری، نوێنەرێ خاوەن فڕن و سەمونخانەكانی دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»تا ئەمڕۆ 47 فڕن و سەمونخانە لە سنوری دهۆك و ئیدارەی زاخۆ داخراون وابڕوات ژمارەكە هێشتا زیاتر دەبێت، هۆكارەكان دیارو ئاشكران هیچ كەس و لایەنێك هاوكاریمان ناكات».

ناوبراو وتیشی:» ئێستا یەك لیتری گازوایل بە 850دینارەو پێشتر حكومەت بە 250دینار دەیدایە خاوەن فڕن و سەمونخانەكان دواتر كردی بە 500 دینار».

لەسنوری دهۆك 129 سەمونخانە، 204 نانەواخانە، لە سنوری ئیدارەی زاخو 300 نانەواخانە و فڕن هەیە.

ئەحمەد مەلا وەحید ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد چەندینجار داوایان لەبەرپرسان كردووە هاوكارییان بكەن بەڵام هیچ كەس ئامادە نیە داواكاریەكانیان جێبەجێ بكات، لەئێستادا جگە لە داخستن هیچ بژاردەیەكی تریان نیە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار