توركیا؛ ئامانجێتی رۆژئاڤا لەناو ببات

بەرپرسێكی رۆژئاڤا بۆ هاوڵاتی: ئامانجەكە زۆر لەبەردانی زیندانیەكانی داعش گەورەتربوو

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بە فەرماندەیی جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانێ پیلانە گەورەكەی توركیاو سووریایان تێكشكاند بۆ لەناوبردنی رۆژئاڤای كوردستان كە لەڕێگەی چەكدارانی داعش و زیندانییەكانیانەوە ئەنجامیاندا.

هێرشەكەی داعش لەدرەنگانی شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو كە لەڕێگەی سەدان چەكدارەوە ئەنجامیاندا كە لەڕێگەی هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە هەوڵیانداوە دەرگا سەرەكیەكانی زیندانەكە ببڕن و كۆنترۆڵیان بكەن و توانیان دوو ئوتومبێلی بارهەڵگری سوتەمەنی بتەقێننەوە تا فرۆكەی هاوپەیمانان نەتوانێت ناوچەكە بۆردومان بكات.

وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت:» ئەو چەكدارانە لەڕێگەی هەردوو شاری سەرێكانی و گرێ سپی هاتوونەتە حەسەكە كە هەردوو شارەكە لەلایەن توركیاوە داگیركراون».

نوری مەحمود، وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»هێرشەكەی داعش لەدرەنگانی شەوی پێنجشەممە بەبەشداری نزیكەی 200 چەكدار كە 100 یان خۆكوژبوون بۆ سەر زیندانی غوێران (پیشەسازی) لەحەسەكە دەستیپێكرد، بەپێی دانپێدانانی ئەو چەكدارانەی دەستگیركراون داعش شەش مانگ سەرقاڵی پیلان دانان و راهێنان بووە بەو چەكدارانەی هێرشەكەیان پێ سپێردراوە».

وەك ئەو بەرپرسەی یەپەگە بۆ هاوڵاتی ئەوەشی خستەڕوو كە لەكاتژمێرەكانی سەرەتای هێرشەكەدا نەتوانراوە بەفڕۆكەی هاوپەیمانان بۆردوومانی زیندانەكەو چەكدارانی داعش بكرێت چونكە هێزەكانی خۆشیان لەناو زیندانەكە بوون و داعش دوو تانكەر سوتەمەنی تەقاندووەتەوە تا ئامانجەكان بۆ فڕۆكە روون نەبێتەوە، وتیشی:»سەرەتا تەنیا هەسەدە ئاسایشی خۆسەر دژی چەكدارەكان شەڕیان كردووە تا بەشێك لەچەكدارەكان چوونەتە ناو گەڕەكی غوێران، پاشان فڕۆكەكانی هاوپەیمانان دەستیان بەبۆردوومانی ئەو چەكدارانەو بەشێك لەزیندانەكەش كرد».

وەك نوری مەحمود باسیكرد كەداعش لەڕێگەی هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە ویستوویەتی دەرگا سەرەكیەكانی زیندانەكە ببڕێت و كۆنترۆڵیان بكات، بەڵام توانیویانە تەنها دوو ئۆتۆمبێلیان بتەقێننەوە و ئەوانی دیكە لەلایەن ئاسایشی زیندانەكەوە چەكدارەكانی ناویان كوژراون و وەستێندراون.

ئەو زیندانەی داعش لە حەسەكە هێرشیكردەسەرو شكستیهێنا لە كۆنترۆڵكردنی لەبنەڕەتدا ناوی زیندانی پیشەسازییە، دەكەوێتە گەڕەكی غوێرانی شاری حەسەكە لە باكووری سوریاو رۆژهەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤای كوردستان كە هاوسنووری عێراق و توركیایە.

زیندانەكە جگە لە لایەنگران و ئەندامانی پێشووی داعش ژمارەیەكی زۆر سەركردەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستیەی تێدایە، بەگەورەترین زیندانی داعش لەجیهان دادەنرێت و نزیكەی پێنج هەزار ئەندام و لایەنگری داعشی تێدا دەستبەسەرە كە سەرجەمیان لەمیانی شەڕی داعش لەگەڵ هێزە كوردییەكان بەتایبەتیش هێزەكانی سوریای دیموكرات «هەسەدە» دەستگیركراون.

زیندانەكە پێشتر پەیمانگەی تەكنیكی و پیشەسازی بووە، بەڵام بەهۆی گونجاوی شوێنەكە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەسەدە لەساڵی 2017 كردوویانە بەزیندان و ئێستا ئەندامانی داعشی لەنزیكەی 60 وڵاتی جیا تێیدان كە بەشێكیان خێزانەكانیان لەكەمپەكانی «هۆل» و «رۆژ» كە هەر لەپارێزگای حەسەكەن لەژێر مانەوەی ناچاریدان.

شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، بەیاننامەیەك لەڕێگەی تیلیگرامەوە بەشێوەی نافەرمی بەناوی داعش بڵاوكرایەوە و ئاماژەی بەوە كردبوو كە چەكدارانی ئەو رێكخراوە «هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر زیندانی پیشەسازی لەگەڕەكی غوێران لە حەسەكە» دەستپێكردووە، كە بەوتەی خۆیان ئامانج لێی «رزگاركردنی دەستبەسەركراوانی ناو زیندانەكە» بووە.

فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لەو دانپێدانە سەرەتاییانەی چەكدارانی داعش كە دەستگیركراونەتەوە درك بەوە دەكرێت، كە هێرشەكە ماوەیەكی زۆر ئامادەكاری بۆ كراوەو پلانەكەی لە سەرێ كانیەوە دانراوە كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە داگیركراوە».

هەروەها وتیشی:» چەند مانگێگ بەر لەهێرشەكە چەكدارەكان یەك یەك یا بەگروپی بچوك هاتن و لەگەڕەكی غوێران نیشتەجێ كران و لەوێ دەستیان بەكاری رۆژانە كردووە».

«بە رێگەی جیاجیا چەك و تەقەمەنی بۆ ئەو چەكدارانە رەوانەكرابوو، بەشێك لەچەكدارەكان لەگرتووخانەش هەمان ئامادەكارییان دەكرد، ئەو چەكدارانە زۆرجار هەوڵیانداوە یاخیبن، چاوەڕێبوون كە  لەگەڵ هێرشەكەدا بكەونە جوڵەوە «، فەرهاد شامی وای وت.

هەروەها فەرهاد شامی ئەوەشی خستەڕوو كە لەگەڵ فەرمانی هێرشەكە لەسەرەتادا لەچوارڕێیانی غوێران ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقێنرایەوە، لەگەڵ تەقینەوەكەدا شانە نووستووەكان كە پێشتر لەگەڕەكەكان جێگیركرابوون كەوتنە جوڵەوەو لەهەندێك شوێن مەدەنیەكانیان بەدیل گرت، بەڵام هێرشەكە بۆ سەر زیندانەكە نەك لەدەرگاكەوە، بەڵكو لەناو گەڕەكەكەوە كرا، بەئۆتۆمبێلی بیناسازی دیواری زیندانەكە رووخێنراو شانە نووستووەكان چوونە ناو زیندانەكەوە، چەك بەسەر زیندانیانی گرتووخانەكەدا دابەشكراوە و هەندێك لەكارمەندانی زیندانەكە بەدیل گیران.

لەگەڵ هێرشەكەدا هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو هەسەدە پێكەوە كەوتنە جوڵەوە و هەوڵیاندا مەدەنییەكان بپارێزن، بۆ ئەوەش گەمارۆی گەڕەكەكانی غوێران و  زهوریاندا، لەلایەكەوە رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەكدارەكان لەناوچەیەكی بەرفراوان گیرا، لەلایەكی تریشەوە مەدەنییەكان بۆ شوێنێكی پارێزراو گواسترانەوە.

فەرهاد شامی بۆ هاوڵاتی ئەوەشی ئاشكراكرد بەپێی چەندین زانیاری چەكەكانی ناتۆ كە بەژمارەی دەوڵەتی توركیا بەدەست داعشەكانەوەن، تۆمارە دەنگیەكانی پەیوەندی تەلەفونی داعشەكان لەزیندانەكە لەگەڵ توركیا، دانپێدانانی ئەو چەكدارانەی داعش كەگیراون،  ئەو دانپێدانانەی كە دەیانویست بچنە سەرێكانی، ناسنامە سورییە نوێكانی ئەو شانە نوستووانەی چوونە ناو هەرێمەكەوە، جموجۆڵەكانی رژێمی سوریا لەهەرێمەكە، دەریدەخەن كە «دەوڵەتی توركیاو حكومەتی دیمەشق لەپشت ئەو پلانی كۆمەڵكوژی- هەڵاتن-یاخیبوونەی داعشەوەن، بێگومان لە رۆژانی داهاتوودا پەیوەست بەو بابەتە زانیاری، داتاو بەڵگەی زیاتر بەدەستدەكەون و بڵاودەكرێنەوە».

هێزەكانی سوریای دیموكرات كە خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریایان پێكهێناوە لەشەڕی ناوخۆی 11 ساڵەی سوریاوە تائێستا چەندین هێرشیان تێكشكاندووەو توانیویانە داعش لەناوچەكانی باكورو رۆژهەڵات لەناوببەن.

غەریب حەسۆ، هاوسەرۆكی تەڤدەم لەلێدوانێكدا بە  وت :»ئەو هێرشەی لەسەر زیندانی حەسەكە دروست بوو كە نزیكەی پێنج هەزار ئەندام و لایەنگری داعشی تێدایە، ئەمە بەتەنیا داعش نەیكردووە، چونكە هێرشێكی گەورەبوو، دەوڵەتی توركیا لەپشتی ئەم هێرشەوەیە لەگەڵ هەندێك لایەنی هەواڵگری دیكەی وڵاتان».

هاوسەرۆكی تەڤدەم ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ناكرێت لەناوەڕاستی شارێك زیندانێك هەبێت و گروپێك بتوانن بەو ئاسانییە هێرش بكەنە سەری، وتیشی:» ئەوان ویستیان تەواوی زیندانیەكان بەربدەن، ئامانجەكە لەوەش گەورەتر بوو دەیانویست حەسەكە كۆنترۆڵ بكەن و كۆمەڵكوژی گەورە ئەنجام بدەن». هاوشێوەی كۆبانێ كە لە 2016 ئەنجامیانداوە».

غەریب حەسۆ پێشیوابوو كە بەهێزی ئاسایش و هەسەدەو هێزەكانی دژە تیرۆر بە بەرخۆدانێكی گەورە توانرا ئەو پیلانە پوچەڵ بكرێتەوە، بەتەواوی چەكدارەكان گەمارۆدران و زۆرێكیان كوژران و زۆرێكیشیان دەستگیركرانەوە.

لەوكاتەی داعش هێرشیكرد فرۆكەی توركیا لەچەند ناوچەیەكی جیاواز لە تلتەمر و عەین عیسا هێرشیكردە سەر رۆژئاڤای كوردستان ئەوەشی وەك پشتیوانییەكی ئاشكرای توركیاو پارتەكەی ئەردۆغان بۆ داعش وەسف كرد تا بەرەی شەڕ گەورەتر بكەن كارەكەی داعش ئاسانتر بكات.

وەك هاوسەرۆكی تەڤدەم دەڵێت :»ئەو چەكدارانە زۆرێك خەڵكی مەدەنییان بەشێوەیەكی وەحشیانە كوشت، ئەوان دەیانەوێت ئەو ئەزموونە نوێیەی گەلان لەباكورو رۆژهەڵاتی سوریا تێكبشكێنن، نایانەوێت سیاسەتێكی ئاشتییانەو ئیرادەی كورد بەردەوام بێت، بۆیە توركیا هەموو هەوڵێكی لەڕێگەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن و داعش و تەنانەت حكومەتی سوریاش خستووەتەگەڕ تا ئەزموونی رۆژئاڤا تێكبدات».

غەریب حەسۆ  جەختی لەوەشكردەوە كە توركیا دەیەوێت میساقی میللی بخاتەوەگەڕ لەسوریا و عێراق و چەند وڵاتێكی دیكە، بۆ ئەو مەبەستەش داعش بەكاردەهێنێت و دەستی وڵاتێكی دیكەشی تێدایە جا عێراق بێت یاخود سوریا ئەو كارە بەتەنیا ئەنجام نەدراوە و توركیا یەكێك لەو وڵاتانەیە هاوكاری داعشی كردووە.

بەپێی راپۆرتی میدیاكانی رۆژئاڤای كوردستان، حكومەتی سوریا بەماوەیەكی كەم بەر لەهێرشەكەی داعش لە حەسەكە دەستی بەجموجۆڵێكی نائاسایی كردووە، ئەوەش دانوستانەكانی ئەم دواییەی نێوان هەواڵگری توركیاو هەواڵگری سوریای بە بیرهێنایەوە.

 لە 30ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو هەواڵگری توركیاو هەواڵگری سوریا لەشاری عەقەبەی ئوردن كۆبوونەوەتەوە، لەدیدارەكەدا بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەدژی باكور- رۆژهەڵاتی سوریا، بە بەرفراوانكردنی چوارچێوەی رێككەوتنی ئادانا دەوڵەتی توركیا لەقوڵایی 35 كیلۆمەتر ئۆپراسیۆن ئەنجامبدات، لەدێرەزور، رەققەو حەسەكە چەند هێرشێك دەستپێبكەن، ئازادكردنی زیندانییەكان و سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی حەڵەب تاووتوێ كران و سوریاو روسیا بەئەرێنی پێشوازیان لەوەكردووە.

بەرپرسەكانی رۆژئاڤا ئەوە دووپاتدەكەنەوە، «ئەگەر هێرشەكەی حەسەكە سەركەوتوو بوایە، دەبوایە  دەوڵەتی توركیا لەباكوری تلتەمرو رژێمی سوریاش لەهەرێمەكانی وەك تەبقاو دێرەزورەوە دەستی بەهێرش بكردایە بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار