بافڵ تاڵەبانی: هێشتا كات ماوە بۆ ڕێككەوتن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "خواست و پێویستیی ئەم قۆناغە ئەوەیە کە رێککەوتن لەگەڵ "هێزە رەسەنەکان" بکرێت لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی".
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی شوباتی 2022، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی راگەیێندراوێكی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، خواست و پێویستیی ئەم قۆناغە ئەوەیە کە رێککەوتن لەگەڵ "هێزە رەسەنەکان" بکرێت لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا جەخت کراوەتەوە لە پەنابردن بۆ ھەنگاوە دەستوورییەکان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمەکانی گەیشتن بە رێککەوتنی نیشتمانی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گەل و وڵات دوور لە گشاری حزبی و خۆسەپێنی.
بڕیارە سبەی 07-02-2022 کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکرێت، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی رەوتی سەدر لە کۆبوونەوەکە، گومان دەکرێت کە دانیشتنەکە رێژەی یاسایی تەواو بکات.
پۆستی سەرۆک کۆمار وەکو نەریتێکی سیاسی لە ساڵی 2005ـەوە دراوەتە کورد. تاوەکو ساڵی 2018 لایەنە کوردستانییەکان لەسەر كاندیدێکی هاوبەش رێکدەکەوتن. بەڵام ئەمساڵ هەریەک لە پارتی و یەکێتی كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە هەیە.
هۆشیار زێباری لە پارتی و د. بەرهەم ساڵح لە یەکێتی كاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمارن.
