تا ئێستا پێنج هاوپەیمانێتی و فراکسیۆن بایکۆتیان ڕاگەیاندووە

ناوی ئەو حزب و لایەنانەی بەشداری دانیشتنەکەی سبەینێ پەرلەمان ناکەن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

پارتی و رەوتی سەدر و هێزە سوننەکان رێککەوتنێک لە نێوانیاندا هەبوو، بەڵام فراکسیۆنی سەدر بڕیاریدا بەشداری دانیشتنەکەی رۆژی ٧ی مانگ نەکات کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکرابوو.

هاوکات، هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان کە خاوەنی نزیکەی ٧٠ پەرلەمانتارن لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن، بەشداری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان ناکەن. دواتریش فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند:" بەشداری کۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمان ناکەین".

دواتر چوارچێوەی هەماهەنگیش بڕیاریدا بەشداری دانیشتنەکەی سبەینێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نەکات و چەند کوتلەیەکیش بایکۆتی دانیشتنەکە دەکەن.

لەھەمان کاتدا شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک، کە لەگە بزوتنەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ پێکیانهێناوە،رایگەیاند، سبەینێ بەشداری دانیشتنەکە دەکەن و پەیوەندیان بە بایکۆتی هیچ لایەنێکەوە نییە.

تا ئێستا لایەنەکانی دیکەی ناو پەرلەمان بە فەرمی بەشداری نەکردن یان بەشداریکردنی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار رانەگەیاندووە.

بۆ تەواوبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنەکەی ٧ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق، دەبێت لەکۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار، ٢٢٠ پەرلەمانتار ئامادەبن.

بەو پێیە ی پارتی و سەدر و سوننەکان و کوتلەی سیادە نزیکەی 150 پەرلەمانتارن کە بە فەرمی رایابگەیاندووە بەشداری ناکەن، پێدەچێت کۆبونەوەکە نەکرێت.

25 کەس خۆیان بەربژێر کردووە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ململانێی تووند لەنێوان یەکێتی و پارتیدایە لەسەر ئەو پۆستە، رۆژی یەکشەممەش دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا كاندیدكردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رابگیرێت، تاوەکو بڕیاری دادگای لەبارەوە دەردەچێت و زێباریش رایگەیاند، رێز لە بڕیارەکەی دادگا دەگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار