وەزارەتی کارەبا: لە مانگی داهاتوەوە بڕی ئەمپێرەکانی کارەبا زیاد دەکرێن

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند:" لە مانگی داهاتووەوە بڕی ئەمپێرەكانی پێوەری زیرەك لە 30 ئەمپێرەوە بۆ 40 ئەمپێر زیاد دەكرێتەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی شوباتی 2022، لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ژمارەیەک بڕیاریانداوە کە بریتیین لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی نوێی سۆران، ڕاپەڕین و زاخۆ بە وەزارەتی کارەباوە دەبەسترێنەوە و لە سەرەتای مانگی ئازارەوە، (40) ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا دەدرێتەوە.
ئەوەش هاتووە، ''کار بە سیستەمی ئەلکترۆنی و ماڵپەڕی پسوڵە (pswla.com) دەکرێت و لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێت.''
هاوکات باس لەوەشکراوە، ''بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسن بۆ بەدواداچوون و نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران، بۆ ئەم مەبەستە سیستەمی پێوەری زیرەک، سەرجەم سەرپێچیەکانی دیاری کردووە.''
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ''پێویستە تەواوی هاوبەشانی کارەبا، پێوەری زیرەکیان هەبێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک (1,480,000) هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام ئێستا بۆ (1,800,000) هاوبەش بەرزبووەتەوە.''
