جارێكی دیكە بەرهەم ساڵح و فوئاد حوسێن كێبڕكێ دەكەن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

پارتی دیموكراتی كوردستان فوئاد حوسێن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكات هاوشان لەگەڵ كاندیدبوونی هۆشیار زێباری لەپێناو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار سەرەڕای ئەوەی كە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بۆ ئەو پۆستە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى، كە لەبەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی كەوتووە، دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی پێنجشەممە یان رۆژی یەكشەممە رەزامەندی لەسەر پرسی كاندیدبووونی هۆشیار زێباری یەكلاییدەكاتەوە كە هاوكاتە لەگەڵ داخستنی ناو تۆماركردن كە ماوەی سێ رۆژی دیكە دیاری كراوە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر داواكاری هاوپەیمانی نێوان (موقتەدا سەدر، محەمەد حەلبوسی، مەسعود بارزانی)دا بووەو فوئاد حوسێن وەك كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناوی خۆی تۆمار بكات.

ساڵی 2018 یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرهەم ساڵح-ی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو پارتی دیموكراتی كوردستانیش فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق، لە خولی یەكەمدا بەرهەم ساڵح دەنگی زۆرینەی نەهێنا، بەڵام لەخولی دووەمی دەنگداندا بووە سەرۆك كۆماری عێراق.

هەریەك لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان خەریكی لۆبی كردنن بۆ كاندیدەكانیان و گفتوگۆی چڕ لەبەغدا لەنێوان لایەنەكاندا بوونی هەیەو زەمینەسازیی ئەنجامدراوە بۆ كۆبوونەوەی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی تا لەسەر پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار بگەنە رێككەوتن تا ئەوەی لە 2018 روویدا دووبارە نەبێتەوەو كاندیدێك هەبێت كە رەزامەندی هەردوو لایەنەكەی لەسەر بێت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان سوورە لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق، لەئێستاشدا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان بەرپرسانی یەكێتی و پارتی دەستی پێكردووەو زەمینەسازی دەكرێت بۆ كۆبوونەوەیەك تا پرسی سەرۆك كۆمار یەكلابكرێتەوە.

بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە نەیویست ناوی بهێندرێت بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كە تاكە كاندیدی یەكێتی كە لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی هەموو ئەندامان دەنگیان پێداوە (دكتۆر بەرهەم ساڵح)ەو هیچ كاندیدێكی دیكە پێشنیاز نەكراوەو یەكێتی لەهەوڵدایە لەگەڵ دۆستەكانی لەبەغداو بەتایبەت لەگەڵ پارتی بگاتە رێككەوتن، وتیشی:» لەئێستادا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بوونی هەیە لەنێوان یەكێتی و پارتیداو زەمینەسازی دەكرێت بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولا تا پرسی سەرۆك كۆمار یەكلایبكرێتەوە».

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە یەكێتی بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت لەبەر ئەوەی رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتی پێشتر ئەنجامدراوە كە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی بێت و پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت.

لەلایەكی دیكەوەهاوڵاتى پەیوەندی بە دوو بەرپرسی پارتییەوە كرد ئەوەیان بۆ هاوڵاتى ئاشكراكرد كە سەرەڕای ئەوەی كە هۆشیار زێباری كاندیدی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ماوەی سێ رۆژی دیكە، پارتی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ موقتەدا سەدرو سوننەكان كە فوئاد حوسێن كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

دەربارەی ناوهێنانی فازڵ میرانی، بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، یەكێك لەبەرپرسانی پارتی ئەوەیان خستەڕوو كە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتییەو یەكێكە لە ستونەكانی پارتی، سەركردایەتی پارتی ناتوانێت بەئاسانی دەستبەرداری فازڵ میرانی ببێت.

هاوكات ئەوەشی باسكرد كە دادگای فیدراڵی دادگایەكی بێلایەن نییەو نزیكە لەكۆماری ئیسلامی ئێران و ئەجێندای نوری مالكی جێبەجێ دەكات، وشیار زێباری كەیسەكەی سیاسییە نەك یاسایی كە چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی سكاڵایان گەیاندووەتە ئەو دادگایە.

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی باڵای ناو پارتی جەختی لەوەكردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كە موقتەدا سەدرو محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەرە لە سوننەكان كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار سەردەخەن، وتیشی:» ئەگەر بڵێن هۆشیار زێباری دادگای فیدراڵی بڵێن ناتوانێت كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوە دڵنیابن لەوەی كە  جارێكی دیكە بەرهەم ساڵح نابێتەوە بەسەرۆك كۆمارو پارتی دەیەوێت كاندیدی خۆی سەربخات «.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار