بافڵ تاڵه‌بانى: سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەین

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

بافڵ تاڵه‌بانى ڕایگەیاند:" کەرکوک‌و کەرکوکییەکان وەک وتومانە ھێڵی سورەو سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەی".

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی شوباتی 2022، بافڵ تاڵه‌بانى له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ى ساڵڕۆژى مورافه‌عه‌كه‌ى جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆكى كۆچكردوى عێراق په‌یامێكى له‌باره‌ى كوردستانیبونى كه‌ركوكه‌وه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "کەرکوک‌و کەرکوکییەکان وەک وتومانە ھێڵی سورەو سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەین کە بەخوێن کوردستانیبونمان دوپاتکردەوە"، قوباد تاڵه‌بانیش ده‌ڵێت:"كه‌رکوک لەدیدی سەرۆک مام جەلال‌و یەکێتیدا، مەسەلەیەکی گرنگی ستراتیژییەو سازشی لەسەرناکرێت، ئێمەش ھەمان ڕوئیامان ھەیە".

بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى لەپەیامێکدا نوسیویەتى:"18 ساڵ لەمەوبەر سەرۆک مام جەلال، یەکەمین بەردی بناغەی خەباتی یاسایی، دەستوریی‌و مێژویی کوردستانییبونی کەرکوک‌و ناوچە دابڕێندراوەکانی لەمێژوی عێراقی نوێی پڕ ململانێ‌و کێشمەکێشی سیاسی داناو بەپشتبەستن بەبەڵگەو نەخشەی مێژویی، کوردستانیبونی کەرکوکی سەلماند".

تاڵه‌بانى له‌باره‌ى كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ڵێت:"کەرکوک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان‌و ئێمەش بەشێکی دانەبڕاوە لەخەباتی بەردەواممان‌و خۆمان بەخاوەنی ڕاستەقینەی کەرکوک دەزانین، چۆن باوک‌و باپیرانمان جێیان نەھێشت‌و قوربانییان بۆداوە، ئێمەش جێی ناھێڵین‌و پارێزگاری لەکوردبونمان‌و پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوەو پێکھاتەو ئاینزاکان دەکەین".

جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌ : "ئاشتی کۆمەڵایەتی لەوشارە لەپێشینەی کارەکانمان دەبێت، ئەمڕۆش لەپاڵ ڕاپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەیی‌و نیشتمانییەکان، خەممان خەمی ژیان‌و ئارامی خەڵکی کەرکوک دەبێت".

بافڵ تاڵه‌بانى ده‌شڵێت:"کەرکوک‌و کەرکوکییەکان وەک وتومانە ھێڵی سورەو سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەین کە بەخوێن کوردستانیبونیمان دوپاتکردەوە".

لەلایەکى دیکەشەوە قوباد تاڵەبانى له‌په‌یامێكدا نوسیویەتى:"كه‌رکوک لەدیدی سەرۆک مام جەلال‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، مەسەلەیەکی گرنگی ستراتیژییەو سازشی لەسەرناکرێت، ئێمەش ھەمان ڕوئیامان ھەیەو دەبێت لەو چوارچێوەیە‌شدا بەپلانێکی نیشتمانییانەوەو دور لەموزایەدە، کار بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای کەرکوک‌و ناوچە‌ جێناكۆكە‌كانی تر بكە‌ین". 

ئه‌وه‌شى به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌، "مام ھیچ بوارێکی نەھێشتەوە بۆ نکوڵیکردن لەو حەقیقەتە، ھەر ئەمەش بوە فاکتەرێکی سەرەکی چەسپاندنی مادەی 58 لە قانونی ئیدارەی کاتیی دەوڵەت‌و دواتریش مادەی 140 لەدەستوری ھەمیشەیی عێراقدا".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار