مانۆڕی سەربازیی لەسەر سنووری ئۆکراینا دەستپێکرد

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ راگرتنی گرژییە سەربازییەکانی سەر سنوری ئۆکرانیا بەردەوامن لە كۆبونەوە، بەڵام ئەمڕۆ روسیا و بیلاڕوسیا مانۆڕی سەربازی هاوبەشیان لەنزیک سنورەکانی ئۆکرانیا ئەنجامدا.
مانۆڕەکەی ئەمڕۆی روسیا و بیلاڕوسیا لەکاتێکدایە، ناتۆ مەرجەکانی روسیای بۆ راگرتنی بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لە ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا رەتکردوەتەوە، لەبەرامبەریشدا روسیا دەیان هەزار سەربازی لەسەر سنوری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، هەروەها روسیا و بێلاڕوسیا لەلایەک و ئۆکراینا و ناتۆش لەلایەکی دیکەوە بەردەوامن لە مانۆڕی سەربازیی و پێشاندانی توانای سەربازیی خۆیان.
لای خۆیەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، هۆشداریی، هەڕەشە و وانەی ئەخلاقی گفتوگۆکان ناگەیەنێتە ئەنجام، کە هاوکارە رۆژئاواییەکانی مۆسکۆ سەرقاڵی ئەو چالاکیانەن و "من بەمە ناڵێم دیپلۆماسی".
دوێنێش بۆریس جۆسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەم کاتەدا پێویستە هەموو لایەنەکان کاربکەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سەر سنوری ئۆکرانیا، هەروەها دەبێت ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیاش رازی بکەن کە گرژییەکان رابگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەرێگەی رەوانەکردنی هێزی سەربازییەوە دەیانەوێت بەشی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەهێزبکەن لەبەرامبەر هەر مەترسییەک، چونکە "ئێمە جیهانێک قبوڵ ناکەین کە دراوسێیەکی بەهێز بتوانێت دراوسێکانی بترسێنێت و هێرش بکاتەسەری".
