نوری مالیکی: مەترسی شەڕی ناوخۆ هاتووەتە بەردەرگا

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
نوری مالیکی رایگەیاند: "مەترسی شەڕی ناوخۆ هاتووەتە بەردەرگا ". داوا دەکات هەمووان بەهۆشیارییەوە مامەڵە بکەن.
ئەمڕۆ هەینی 11-2-2022، نوری مالیکی لە پەیامێکدا رایگەیاند: " مەترسی شەڕی ناوخۆیی هاتووەتە بەردەرگا و داوا دەکات هەمووان بەهۆشیارییەوە مامەڵە بکەن، لەبارەی کوژرانی دادوەر ئەحمەد فەیسەڵ ساعدی لەپارێزگای میسانیش لەرۆژی 5ی ئەم مانگەدا، سوپاسی سەرکردایەتی رەوتی سەدر و "والعصائب" دەکات بۆ زوو کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داوا لە هەردوولایەن دەکات کاربکەن بۆ دووبارەنەبوونی رووداوی هاوشێوە لە میسان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەروەها داوا دەکات تۆمەتباران رووبەڕووی سزابکرێنەوە و رادەستی دادگا بکرێن.
شەممەی رابردوو 05-02-2022 دادوەر ئەحمەد ساعدی، پسپۆڕی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی میسان لە هێرشێکی چەکداریدا کوژرا. سێ رۆژ پێش ئەو، حیسام عەلیاوی، ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بە پلەی رائید کوژرا. حیسام عەلیاوی برای ویسام عەلیاوی، سەرکردەی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق بوو کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا لە میسان کوژرا. رۆژی چوارشەممە 09-02-2022ش ئەندامێکی رەوتی سەدر بەناوی کەڕاڕ ئەبو رەغیف لە گەڕەکی مامۆستایان لەگەڵ هاوژینەکەی تەقەیان لێکرا و کوژران.
خراپیی دۆخی میسان وایکرد رۆژی چوارشەممە 09-02-2022 مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە یاوەریی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندە باڵا ئەمنی و سەربازییەکان سەردانی میسان بکات و ژمارەیەک بڕیار بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنیی میسان دەربکات. یەکێک لە بڕیارەکان بریتییە لە دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان.
شارەزایانی ئەمنی رووداوەکانی میسان بۆ لاوازیی دەسەڵاتی دەوڵەت و هەبوونی چەکی زۆر لای هۆزەکان دەگەڕێننەوە.
