سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری: پێویستە دەستور هەموار بكرێتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگه‌یاند:"  بەشێک لە برگەکانی دەستور زیاد لە مانایەک هەڵدەگرن و بەڕونی باس لە چۆنیەتی دیاریکردن و هەڵبژاردنی دەسەڵاتەکان ناکات، چەند جارێکە خودی دەستورەکە پێشێلدەکرێت و بۆشایی دروستدەبێت، بۆیە داوا دەکەن ئەو برگانەی دەستور هەموار بکرێنەوە".

 

فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراقی کردوە رایگه‌یاند:" بەهۆی ئەوەی بەشێک لە برگەکانی دەستور زیاد لە مانایەک هەڵدەگرن و بەڕونی باس لە چۆنیەتی دیاریکردن و هەڵبژاردنی دەسەڵاتەکان ناکات، چەند جارێکە خودی دەستورەکە پێشێلدەکرێت و بۆشایی دروستدەبێت، بۆیە داوا دەکەن ئەو برگانەی دەستور هەموار بکرێنەوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، دەستور بنەمای دیاریکردنی شێوەی دەوڵەت، حکومەت و سیستمی حکومڕانییە و بنەمای جیاکردنەوە دەسەڵاتەکانە، هەروەها دەستەبەری پاراستنی مافی هاوڵاتیان و گەرەنتی پاراستنی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانە.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، بەهۆی بونی ئەو مەرج و رێکارانە پەرلەمانی عێراق دوای 30 رۆژ لەیەکەم کۆبونەوە، نەیتوانی سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت بەوەش وڵات کەوتە ناو شیکردنەوەی دەستوریبونی مانەوەی سەرۆک کۆمار، هەرچەندە پێشتر و رۆژی 13ی ئەم مانگەش دادگای فیدڕاڵی بڕیاریداوە بە مانەوەی سەرۆک لەپۆستەی تا دەستبەکاربونی سەرۆکی نوێ.

فائق زێدان دەڵێت، پەرلەمان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژوییدایە کە ئەویش هەموارکردنەوەی دەستورە چونکە ئەو مادانەی ئاماژەیان بۆ کراوە، دەکرێت دوبارە دابڕێژرێنەوە بەجۆرێک پێشێل نەکرێن لەوانەش لابردنی مەرجی ئامادەبونی دو لەسەر سێ بۆ کۆبونەوەکانی پەرلەمان، دیاریکردنی گەورەترین فراکسیۆن کە براوەی هەڵبژاردن بوە ئەوەش کۆتایی دەهێنێت بە مشتومڕی پێکهێنانی حکومەت کە لەساڵی 2010ەوە بەردەوامی هەیە.

ئەوەشی خستوەتەڕو:" پرسێکی دیکەی دەستور کە جێگەی مشتومڕە مادەی 76ی دەستوری تایبەت بە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە مافی ئەوەی هەیە کاندیدی سەرۆک وەزیران پێشکەش بکات و حکومەت پێکبهێنێت، هەرچەندە پێشتر دادگای فیدڕاڵی ئەم بابەتەشی یەکلایی کردوەتەوە کە گەورەترین فراکسیۆن لەیەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان دیاریدەکرێت کە خاوەنی زۆرترین پەرلەمانتارە، "بەڵام هەندێک لەشارەزایانی دەستوری کە منیش هاوڕام لەگەڵ ئەم بۆچونە، دەڵێن گەورەترین فراکسیۆن ئەو لیستەیە کە زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردن بردوەتەوە، چونکە ئەم تەفسیرە زیاتر لەگەڵ ململانێی هەڵبژاردن یەکدەگرێتەوە".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار