بافڵ تاڵەبانی: سووربوونی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرۆسە سیاسییەکان دووپاتکردەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

 

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:"لە کۆبوونەوەکەدا سووربوونی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرۆسە سیاسییەکان دووپاتکردووەتەوە ".

ئەمڕۆ دووشەممە 14-02-2022 بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە بەغدا پێشوازی لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئانگی کرد کە لە نووری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق پێکهاتبوون.

بافڵ تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا، پرسە سیاسی، ئەمنی و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەرپرسیارانە و نیشتمانییانە تاوتوێی دۆخەکە کرا و ھەڵوەستەکرا لەسەر پێشهاتەکان و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆ گەیشتن بە رێگەچارەی گونجاو و لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان لەپێناو پێکھێنانی حکومەتێکی تەوافوقی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی ئەمڕۆی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت".

لە راگەیێندراوەکەی بافڵ تاڵەبانیدا هاتووە: "کۆبوونەوەکە بە وردی ھەڵسەنگاندنی بۆ ھەڵوێستی لایەنەکانی عێراق و ھەرێم کرد، بە خوێندنەوە بۆ ئەگەرەکان و لەبەرچاوگرتنی واقیعی ئەمڕۆی عێراق و پێویستی شەقام، تەئکید لە دروستکردنی تەوافوق لەگەڵ ھێزە نیشتمانییەکانی دیکە کرایەوە، لەپێناو پەلەکردن لە پێکھێنانی حکومەت بەگوێرەی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان و پەنابردن بۆ گفتوگۆ، زمانی دیالۆک و دورکەوتنەوە لە دەمارگیری سیاسی و نەتەوەیی بە رێگاچارەی گەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە قەڵەمدرا".

سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتیش لە بارەی پێکهێنانی حکومەت، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "یەکێتی و چوارچێوەی ھەماھەنگی سووربوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەکردنی سیاسییانە و ئاشتییانەی ھەموو قەیرانەکان و رزگارکردنی وڵات لەم دۆخەی تێدایە، بەشێوەیەک ببێتە ھۆی تەبایی و برایەتی زیاتر لەنێوان ھێزە شیعەکان، کورد، سوننە و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە، ئەمەش لەپێناو ئاوەدانی زیاتر و سەقامگیری سیاسی و ئارامی و ئاسایشی زیاتر".

ئەم کۆبوونەوەی هاوسەرۆکی یەکێتی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای ئەوە دێت، کە دادگای فیدراڵی عێراق، شیاوبوونی هۆشیار زێباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رەتکردەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار