ده‌وڵه‌تی یاسا: ئه‌سته‌مه‌ بەبێ یەکێتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماربکرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

وته‌بێژی ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕایگەیاند:" ئه‌سته‌مه‌ بەبێ یەکێتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکرێت".  

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ی شوباتی 2022 بەهادین نوری، وتەبێژی دەوڵەتی یاسا کە بەشێکی سەرەکی هەماهەنگی شیعەکان لەخۆدەگرێت ڕایگەیاند، "چوارچێوەی هەماهەنگی ئومێدی دەخواست کە هێزە کوردییەکان یەک کاندیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار."  

لەبارەی‌كاندیدكردنی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌ك كاندیدی نوێی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، وتەبێژەکەی دەوڵەتی یاسا وتی "ئەستەمە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەبێ چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی بەڕێوەبچێت."  

"ناڕەزایی چوارچێوەی هەماهەنگی لەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت بۆئەوەیە کە پێکهاتەی شیعە نەبێتە بچوکترین پێکهاتە لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی، به‌زۆریش كه‌س نابێته‌ ئۆپۆزسیۆن و لە پرۆسەی سیاسیدا شتی وا نییە، حکومەتیش بەبێ چوارچێوەی هەمانەنگی پێکناهێنرێت"، به‌هادین نوری وای وت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ بافڵ تاڵەبانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کە پێکھاتبوون لە نوری مالکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق. 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا دۆخی سیاسی، ئەمنی و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە و هەوڵی لێکتێگەیشتن و درووستکردنی نزیکایەتیی لەپێناو پێکھێنانی حکومەتێکی تەوافقی نیشتمانیی خزمەتگوزار لەلایەن لایەنەکانەوە هەبووە. 

"یەکێتی و چوارچێوەی ھەماھەنگی سووربوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەکردنی سیاسییانە و ئاشتییانەی ھەموو قەیرانەکان و رزگارکردنی وڵات لەم دۆخەی تێدایە"، راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ وای وتبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار