كازمی لەناردنی 200 ملیار دینارەكە بەردەوام دەبێت
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت جوڵاندنی دۆسییەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جانبێكی سیاسی هەیەو پەیوەندی بەئاڵۆزییەكانی پرسی سەرۆك كۆمارو پێكهێكانی حكومەتەوە هەیە.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی خولی پێشووی كۆمەڵی دادگەری لەلیژنەی دارایی عێراق لەم چاوپێكەوتنەیدا زۆر بە راشكاوی لەبارەی جوڵاندنی سكاڵاكەی دادگای فیدراڵی قسە دەكات و دەشڵێت:» جوڵاندنی ئەم سكاڵایە لەم كاتەدا دادگای فیدراڵی شەرعییەتی بۆ دۆزیوەتەوە، ئەگینا لەیاسای بودجەی 2021دا تاكە بڕگە كە رێگە دەدات هەرێمی كوردستان خۆی نەوت هەناردە بكات و بیفرۆشێت جێگیركراو تێپەڕێندرا، بەڕەزامەندی هەماهەنگی شیعەكان بوو، بۆیە كەسیش سكاڵای نەكردو یاساكەی نەبردە دادگای فیدراڵی».
هاوڵاتی: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەم كاتەدا كەتایبەتە بەنەوت و غازی هەرێم بۆچی؟ تاچەند پەیوەندی بەئاڵۆزییە سیاسییەكانەوە هەیە؟
ئەحمەد حاجی رەشید: ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی تەنها بڕیارێك نییەو سێ سكاڵایە، سكاڵایەكیان وەزیری نەوتی عێراق لەدژی وەزیری سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێم كردوویەتی، سكاڵایەكی دیكەیان ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق بەناوی عەلی شەداد فارس لەدژی پەرلەمانی كوردستان كردوویەتی كە یاساو نەوت و غازیان دەرچواندووە، سکاڵای سێیەمیان لەساڵی 2014 كراوە لەدژی حكومەتی توركیا كردوویەتی كەنەوتی لەهەرێمی كوردستان كڕیوە بەبێ رەزامەندی وەرگرتن لەحكومەتی ئیتحادی عێراق.
لەمێژووی سكاڵاكەوە كە لە 2012 تا 2022 لەجەكمەجی دادگای ئیتحادیدایەو جارێك دێتەوە سەر شاشەو جارێكی دیكە ونی دەكەن.
كاتی خۆی لەگەڵ هەردوو هاوڕێی بەرێزم كاك وشیار عەبدوڵاو كاك سەركەوت شەمسەدین، سەردانێكی دادگای ئیتحادیمان كرد لەنزیكەوە چاومان كەوت بەهەموو دادوەرەكان، بەتایبەت میدحەت مەحمود، پرسیارێكمان ئاراستە كرد كە ئەو سكاڵایانە چۆنەو بۆچی ناوبەناو باسی دەكەن و دواتر ونی دەكەن، زۆر بە راشكاوی پێی وتین كە «ئەم سكاڵایانە زۆرجار كە هەرێم و عێراق نزیكدەبنەوە لەیەك پێمان دەڵێن كە سكاڵاكە بوەستێنن و كە ئاڵۆزی دروست دەبێت پێمان دەڵێن بیجوڵێنن»، بۆیە ئەم جوڵاندنی سكاڵایانە لەم كاتەدا لەلایەن دادگای ئیتحادییەوە چەند جانبە یاساییەكە لەخۆی دەگرێت، ئەوەندەش مەسجێكی سیاسییە بۆ ئەو ململانێیەی كەهەیە لەسەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەت و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان، جانبێكی سیاسی وازحی هەیە، لەڕووی یاساییەوە هەر سكاڵایەك بچێتە دادگای ئیتحادی دواجار دەبێت یەكلایبكرێتەوەو مولزەمە وەڵامبداتەوەو نابێت واز لەو سكاڵایانە بهێنێت.
هاوڵاتی: جوڵاندنی لەڕووی سیاسییەوە تا چەند پەیوەندی بەهاوپەیمانێتی نێوان لایەنە جیاوازەكانەوە هەیە؟
ئەحمەد حاجی رەشید: بەتەئكید پەیوەندی راستەوخۆی بەپرسی سەرۆك كۆمارو پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بەو حلفەی كە پارتی و سوننەكان و سەدر دروستیان كردووە، زۆر بەڕاشكاوی ئەمە بەشێكە لەوە بەداخەوە برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ خوێندنەوەی واقعەكەو بەبێ ئەوەی بزانن چ لەزمەیەك دەدەن بەدەستەوە پارتی نوێنەرایەتی هەموو كورد ناكات و دواجار دەچێتە ناو هاوپەیمانێتییەكی سێ لایەنییەوە كە لەبەرانبەردا ئەم دۆسییانە دەجوڵێندرێت و دواتر باجەكەی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیدات.
هاوڵاتی: بەڵام پارتی باس لەوە دەكات كە دادگای فیدراڵی بێلایەن نییەو نزیكە لەئێران و خودی نوری مالكی كە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لەبەرەیەكدان دژ بە بەرەكەی سەدرو بارزانی و حەلبوسی؟
ئەحمەد حاجی رەشید: ئەگەر سەیری دادگای فیدراڵی بكەین لەسەرەتای ئەم كێشانەوە سێ سكاڵای هەماهەنگی شیعەكان (ئیتاری تەنسیقی) رەتكردووەتەوە لەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان، لەمەسەلەی دانیشتنی پەرلەمان، كەواتە دادگای باڵا ئەو دۆسییانەی دەچێتە بەردەستی تەعامول لەگەڵ ناوەرۆكەكەی دەكات، ئەگەر وابووایە بەئیمتیاز ئەوا هەر لەسەرەتاوە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان قبوڵ نەدەكرا لەكاتێكدا ئەو بەڵگانەی درانە دادگای فیدراڵی لەبارەی تەزویراتەوە، كە كەم كەس هەبوو دەیویت دەرئەنجامەكان قبوڵ دەكات، بەڵام قبوڵیشی كردو كۆبوونەوەی پەرلەمانی بەڕێكرد، كە باسم جەسام لەهەماهەنگی شیعەكان سكاڵای كردبوو تانەكەی قبوڵ نەكرا.
گرفتێك لەعێراقدا هەیە ئەگەر دادگای فیدراڵی سكاڵایەكی یەكلایكردەوە لەزیانی هەر كەس بوو ئەوا دەڵێن دادگای فیدراڵی سەر بەفڵان دەوڵەتە، ئەگەر لەبەرژەوەندیدا بوو دەڵێن دادگایەكی میهەنییە.
ناتوانین بڵێین دادگای فیدراڵی سەر بەهیچ لایەنێك نییە، بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت كە دادگای فیدراڵی لەزۆربەی وڵاتان لەئاڵۆزییە سیاسسیەكانی زۆر وڵاتدا تەدەخول دەكات، بۆیە ئەوە جەمبەیەكی سیاسی تێدایە كە ئەمەیان یەكێكە لەو جەمبە سیاسییانەی دیكە.
هاوڵاتی: پارتی رێبەر ئەحمەد-یان كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەبەرانبەر بەرهەم ساڵح كە كاندیدی یەكێتییە، پێتانوایە ئەگەر ئەم دوولایەنە نەگەنە رێككەوتن پرسی ناردنی 200 ملیار دینارەكە كێشەی تێدەكەوێت؟
ئەحمەد حاجی رەشید: مەسەلەی ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە كە لەبەغداوە رەوانەی هەرێم دەكرێت پەیوەندی بەخودی مستەفا كازمییەوە هەیە، تا ئەو بەتەمای ئەوە بێت بكرێتەوە بەسەرۆك وەزیران مەگەر لەحاڵەتێكدا ترسی ئەوەی هەبێت كە لەدادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر تۆمار بكرێت، ئەگینا بەیاسا تەحدید نەكرێت لەبودجەدا ناردنی 200 ملیارەكە لەلایەن مستەفا كازمییەوە بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە رێبەر ئەحمەد كەكاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بابزانین ئایا كردنەوەی بابی دەرگای خۆپاڵاوتن دادگای فیدراڵی چی لەبارەوە دەڵێت، تەبعەن موخالەفەی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2012 یە كە بۆ خۆم گوێم لەسەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بووەو ئەو بڕیاری كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنە نایاساییە، بەڵام دەبێت سەیری جانبە سیاسییەكە بكرێت ئایا مەحكەمەی ئیتحادی قوفڵ لەو مەسەلەیە دەدات بۆ ئەوەی عێراق.
تائێستا ململانێیەك لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە كە نەشاراوەیە كەئایا هێزەكانی هاوپەیمانی سەدرو سوننەكان و بارزانی توانای ئەوەیان هەیە 180 ئەندام پەرلەمان كۆبكەنەوەو بیدەن بە رێبەر ئەحمەد، لەبەرانبەردا ئایا هاوهەمانگی شیعەكان قبوڵ دەكات رێبەر ئەحمەد بەبێ تەوافوق ببێتە سەرۆك كۆمار؟، تا ئەوكاتەی نەگەنە ئەو قەناعەتەی لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار حكومەتی عێراقیش بكرێتە یەك پاكێج بۆ ئەوەی رێككبكەون، ئەگەر نا هەردوو هاوپەیمانەكە دانیشتنی پەرلەمان دەتوانن پەكبخەن.
هاوڵاتی: ئەگەر پرسی سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتی چارەسەر بكرێت ئایا ئەو دۆسییەی سكاڵایانە دەخرێتەوە چەكمەجەكەی دادگای ئیتحادی؟
ئەحمەد حاجی رەشید: دادگای فیدراڵی پێش ئەوەی سەیری جانبە یاساییەكە بكات سەیری جانبە سیاسییەكەی دەكات، كە جانبە سیاسییەكەی زانی بەرژەوەندی باڵای عێراقی تێدایەو نابێتە هۆی ئاڵۆزی ئینجا شەرعییەت دەدۆزێتەوە بۆ ئەو قەزییە.
جووڵاندنی ئەم سكاڵایە لەم كاتەدا دادگای فیدراڵی شەرعیەتی بۆ دۆزیوەتەوە، ئەگینا لەیاسای بودجەی 2021دا تاكە بڕگە كە رێگە دەدات هەرێمی كوردستان خۆی نەوت هەناردە بكات و بیفرۆشێت جێگیركراو تێپەڕێندرا، بەڕەزامەندی هەماهەنگی شیعەكان بوو، بۆیە كەسیش سكاڵای نەكردو یاساكەی نەبردە دادگای فیدراڵی.
یەكێتی و پارتی لەوە دەرچوون بەبێ شەریكەكانیان بڕیار بكەن، یەكێتی بەبێ هەماهەگنی شیعەكان و پارتی بەبێ سەدرو سوننەكان تازە دوو جەبهە دروست بووە لەعێراقدا كە خەریكی ئێسقان شكاندنی ئەوی تریانە، ئەو دۆسییەی دادگای فیدراڵی ناخرێتەوە چەكمەجەكەی دادگای فیدراڵی تا ئەوكاتەی تەوافوق لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتی عێراق نەكرێت.
هاوڵاتی: پێتانوایە ئێران و وڵاتانی ئیقلیمی رۆڵیان هەیە لەم دۆخەی ئێستای عێراق؟
ئەحمەد حاجی رەشید: نەك ئێران هەموو وڵاتانی ئیقلیمی توركیاو ئیمارات و ئەردەن و تا رادەیەك سعودیەو دوورتریش بەریتانیاو ئەمریكا رۆڵیان هەیە تەنانەت روسیاش رۆڵی هەیە كە هاتۆتە سووریاوەو هاوپەیمانی ئێرانە كە دوو میحوەرین تا دەوڵەتە زلهێزەكان كە بەپێی بەرژەوەندی و گرنگیان بۆ عێراق.