هاتوچۆی سلێمانی ئەو شۆفێرانە ئاگادار دەكاتەوە كە هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری ئەو شۆفێرانەی پاس دەکات کە کاری گواستنەوەی خوێندکاران دەکەن و چەند مەرجێکیان بۆ دیاری دەکات بۆ کارکردن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی شوباتی 2022، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری سەرجەم ناوەندی قوتابخانە و باخچەی ساوایان و دایەنگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات، ئەو پاسانەی کە کاری گواستنەوەی خوێندکار و قوتابی و منداڵان دەکات، پێویستە پابەند بن بەم خاڵانەی لای خوارەوە:
-پێویستە بەپێی ژمارەی کوشنی ناو ئەو پاسانە نەفەر سەربخەن، بەپێی یاسای هاتوچۆ سەرخستنی نەفەری زیادە قەدەغەیە.
-پێویستە هەموو پاسێک چاودێرێکی سەر بە ئیدارەی ئەو شوێنە کە پاسەکە کاری بۆ دەکات تیایدا بێت، ڕۆڵی ئەو چاودێرە ئەوەیە کە رێگە نەدات بەو شۆفێرە سەرکێشی و تیژڕەوی و بەکارهێنانی مۆبایل و رۆیشتن بە پێچەوانەی ئاڕاستە و پێچکردنەوە لە شوێنی قەدەغە یاخود گۆرانی و ئاوازێک بە دەنگێکی بەرز بە چەشنێک دابنێت کە ببێتە مایەی نەهێشتنی ئارامی سەرنشینانی ناو پاسەکە یاخود هەر سەرپێچییەکی دیکە بکات، بە پێچەوانەوە ئاگاداری ئیدارەی خۆی بکات لە رەفتاری ئەو شۆفێرە کە دەبێتە مایەی مەترسی رووداو و کارەساتی هاتوچۆیی نەخوازراو.
-داواکارین لەو شۆفێرانەی کە ئەم ئاگادارییە دەیانگرێتەوە زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی سەلامەتی سەرنشینی ناو پاسەکانیان بکەن و ئاگاداریان دەکەین کە رەفتارەکانیان لە کاتی سەرپێچی کردندا بە پێی یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ لێپێچینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و چاوپۆشی لە هیچ کەس و لە ژێر هەر پاساوێک ناکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەشڵێت، بە وردی چاودێری ئەم پرسە دەکەن.
هاتوچۆ دەڵێت، لەکاتی هەبوونی هەر جۆرە سەرپێچییەک لەو پاسانەی کە ئەم ئاگادارییە دەیانگرێتەوە هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە:
کۆنترۆڵی هاتووچۆی سلێمانی ژمارە (188)
هێڵی گەرمی سەنتەری هەماهەنگی پەیوەندییەکان – سلێمانی PJCCژمارە (100)
