یەکێتی: دەبوایە بریارەكەی دادگا مافە دەستوریەكانی هەرێمی لەبەرچاو بگرتایە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی یەکێتی دەڵێت:" دەکرێت لەم قۆناغەدا بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بکرێتەوە، نەک کێشەکان ئاڵۆزتر بکرێن. پێویست بوو دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە پشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان دانوستان لەسەر ئەم پرسە و پرسەکانی تر بکرانایە".
ئەمین بابە شێخ، وتەبێژی یەکێتی لە روونکردنەوەیکدا رایگەیاند: "پێویستە و دەکرێت لەم قۆناخەدا بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بکرێتەوە، نەک کێشەکان ئاڵۆزتر بکرێن. پێویست بوو دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە پشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان دانوستان لەسەر ئەم پرسە و پرسەکانی دیکە بکرانایە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق."
لە بەشێكی دیکەی روونکردنەوەکەدا داوایەک ئاراستەی هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات و ئاماژە بەوە دەدات "دەستوور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێل نەکرێت، بۆ پرسێکی وەک یاسای نەوت و غاز و گشت پرسە چارەنووسسازەکانی دیکە، دەقە دەستوورییەکان جێبەجێبکرێن، لەپێناو پاراستنی سیستەمی فیدڕاڵی وسەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، داوا لە گشت لایەنەکان دەکەین کە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی سیاسی گرفتەکان چارەسەر بکرێن."
رۆژی سێشەممە 15-2-2022 دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی بە "نادەستووری" هەژمارکرد و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە رادەستکردنی نەوت بە حکومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندکرد. ئەم بڕیارەش کاردانەوەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستکرد.
دادگاکە هەروەها بڕیاریدا کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکڕای نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات.
مافیشی دایە وەزارەتی نەوتی عێراق لە یاسایی و راستی و دروستی گرێبەستە نەوتییەکان و گرێبەستە گازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا بیانییەکان بکۆڵێتەوە.
دەقی روونکردنەوەکەی وتەبێژی یەکێتی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق
دەقی ڕوونکردنەوەی وتەبێژی ي.ن.ک سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی عیراق لە بارەی یاسای نەوت وغازی هەرێمی کوردستان: وێڕای پاراستنی بنەماکانی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، دەبوایە لەم بڕیارەدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکرایە.
پێویستە و دەکرێت لەم قۆناغەدا بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بکرێتەوە، نەک کێشەکان ئاڵۆزتر بکرێن. پێویست بوو دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە پشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان دانوستان لەسەر ئەم پرسە و پرسەکانی تر بکرانایە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق.
داوامان لە هەموو لایەنەکان ئەوەیە کە دەستوور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێل نەکرێت، بۆ پرسێکی وەک یاسای نەوت و غاز و گشت پرسە چارەنووسسازەکانی تر، دەقە دەستوورییەکان جێبەجێبکرێن، لەپێناو پاراستنی سیستەمی فیدڕاڵی وسەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، داوا لە گشت لایەنەکان دەکەین کە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی سیاسی گرفتەکان چارەسەر بکرێن.
ئەمین بابە شێخ
وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
١٦ی ٢ی ٢٠٢٢
